دادوەرێکی فیدڕاڵی لە ویلایەتی تێکساسی ئەمەریکا سیاسەتێکی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک جۆو بایدنی ڕاگرت کە پێگەی یاسایی دەدات بە هاوسەرە کۆچبەرەکانی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی بەبێ ئەوەی ناچار بکرێن سەرەتا وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمەش لێدانێکی لانیکەم کاتییە لە گەورەترین کاری سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بۆ ئاسانکردنی ڕێگەی وەرگرتنی ڕەگەزنامە لە وڵاتەکەدا.
فەرمانەکە لەلایەن دادوەری ئەمەریکایی جەی کامپڵ بارکەرەوە دەرکراوە و چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە 16 ویلایەت کە سەرجەمییان دادوەرە گشتییەکانییان کۆمارین ڕووبەڕووی پڕۆگرامەکە بوونەوە کە ڕەنگە نزیکەی 500,000 کۆچبەر لە وڵاتەکەدا سوودمەند بن لێی، هەروەها 50,000 کەس لە منداڵەکانیشیان.
یەکێک لەو ویلایەتانەی کە پێشەنگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی پڕۆگرامەکەدا ویلایەتی تێکساسە، ویلایەتەکە لە سکاڵا یاساییەکەیدا بانگەشەی ئەوە دەکات ویلایەتەکە ناچار بووە ساڵانە دەیان ملیۆنان دۆلار لە تەندروستییەوە بدات بە دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا چونکە ئەو کۆچبەرانەی کە لە ویلایەتەکدا دەژین پێگەی یاساییان نیە.
سەرۆک جۆو بایدن لە مانگی شەشدا ئەو پڕۆگرامەی ڕاگەیاند. فەرمانی دادگاکە کە بۆ ماوەی دوو هەفتە کاری پێدەکرێت و دەشکرێت درێژ بکرێتەوە، تەنها یەک هەفتە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی ئاسایشی نیشتیمانی دەستیکرد بە وەرگرتنی داواکاریی کۆچبەرەکان لە پڕۆگرامەکەدا.
بارکەر لە ساڵی 2019 دا لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپەوە دەستنیشانکرا وەکو دادوەر لە تایلەری تێکساس، کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دادگای بازنەیی پێنجەمی تێهەڵچوونەوەی ئەمەریکاوە کە شوێنێکی خوازراوە بۆ پارێزەران تاوەکو پلانەکانی پارێزگارانی تێدا بەرەوپێشەوە ببەن.
سیاسەتەکە یاخود پڕۆگرامەکە ئەو هاوسەرە کۆچبەرانەی هاووڵاتیانی ئەمەریکایی کە پێگەی یاساییان نیە و هەندێک مەرجییان تێدایە، ڕێگەیەکیان دەداتێ بەرەو دەستکەوتنی ڕەگەزنامە، ئەوەش لە ڕێی داواکردنی گرین کاردەوە یاخود مانەوە لە ئەمەریکادا تاوەکو پشکنینی تەواوییان بۆ دەکرێت. جاران پڕۆسەکە بە شێوەیەک بوو کە دەبووایە داواکارەکە چەندین ساڵ لە دەرەوەی ئەمەریکا بمایەتەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پارێزەران یەکسانی بکەن بە " جیاکردنەوەی خێزانەکان لە یەکتر."
دادوەری گشتی تێکساس کێن پاکستن ستایشی فەرمانەکەی کرد. وتی " ئەمە تەنها هەنگاوی یەکەمەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە شەڕکردن بۆ تێکساس و وڵاتەکەمان و سەروەری یاسا."
کارین توملینی دامەزرێنەر و بەڕێوبەری ناوەندی کاری دادپەوەری پێش ئەوەی فەرمانەکە دەربکرێت لە کۆنفرانسێکدا وتی " تێکساس نابێت بتوانێت چارەنووسی سەدان هەزاران هاووڵاتی ئەمەریکایی و هاوسەرە کۆچبەرەکانییان دیاری بکات بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی واقیعەکە ببنەوە."
ئەو ویلایەتانەی کە دژایەتی پڕۆگرامەکە دەکەن بەڕێوبەرایەتییەکەیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی خۆلادان لە کۆنگرێس بۆ " پێشنیارە زەقە سیاسییەکانی."
پڕۆگرامەکە بە تایبەتی لە ساڵی هەڵبژاردنەکاندا جێگەی مشتومڕ بووە کە پرسی کۆچ یەکێکە لە گەورەترین پرسەکان تێیدا. زۆرێک لە کۆمارییەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو سیاسەتە و پێیان وایە کە لە بنەڕەتدا جۆرێکە لە لێبوردن بۆ ئەو کەسانەی کە یاسایان شکاندووە.
بۆ ئەوەی شایستەی پڕۆگرامەکە بیت، کۆچبەران دەبێت بۆ ماوەی لانیکەم 10 ساڵ بە بەردەوامی لە ئەمەریکا ژیابێتن، نابێت مەترسی بن لەسەر ئاسایش یاخود مێژوویەکی تاوانییان هەبێت و تاوەکو 17 ی مانگی شەش هاوسەرگیرییان لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەمەریکاییدا کردبێت، ڕۆژێک پێش ئەوەی پڕۆگرامەکە ڕابگەیەندرێت.
تێچووی داواکردنەکە 580 دۆلارە و دەبێت فۆڕمێکی دوورودرێژ پڕبکەنەوە، هەروەها دەبێت ڕوونی بکەنەوە بۆچی دەیانەوێت بمێننەوە و هەروەها بە بەڵگەوە بیسەلمێنن کە چەند ساڵە لە ئەمەریکا دادەنیشن.
ئەگەر پەسەند بکرێت، ئەوا داواکار سێ ساڵی لە بەردەستدا دەبێت بۆ هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی مافی مانەوە بە شێوەیەکی هەمیشەیی، لەو ماوەیەدا دەتوانن مۆڵەتی کارکردن وەربگرن.
پێش ئەم پڕۆگرامە، پڕۆسەی وەرگرتنی گرین کارد بۆ ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئەمەریکادا بوون و هاوسەرگیرییان لەگەڵ هاووڵاتییەکی ئەمەریکاییدا کردووە ئاڵۆز بووە. زۆرجار داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان و زۆرجاریش مەترسی ئەوەیان لەسەر بووە ڕێگە نەدرێت بێنەوە بۆ ناو ئەمەریکا.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا