Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت بەرگرییە ئاسمانییەکان سەرکەوتووانە بەرپەرچی هێرشەکانی ئێرانییان داوەتەوە


ئیسڕائیل دەڵێت بەرگرییە ئاسمانییەکان سەرکەوتوو بوون لە بەرگریکردن دژی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکە، هاوکات ئێران هۆشداریدا و وتی ئەگەر ئیسڕائیل تۆڵە بکاتەوە ئەوا هێرشەکانمان گەورەتر دەبێت.

ڕۆژی یەکشەممە سوپای پاسدارانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و وتی لەسەر خاکی ئێرانەوە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە.

وتی هێرشەکە وەکو تۆڵەیەک بووە بۆ " هێرشەکەی ئیسڕائیل کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندە سەربازییەکانی ئێران لە دیمەشق لە 1 ی مانگی چواردا." ئیسڕائیل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشە ئاسمانییەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق نەگرتووەتە ئەستۆ و ڕەتیشی نەکردووەتەوە.

وتەبێژی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری ڕۆژی یەکشەممە وتی ئێران زیاتر لە 300 موشەکی بەرەو ئیسڕائیل هەڵداوە، لە یەمەن و عێراقیشەوە هەڵیداون، لە سەدا 99 موشەکەکان لەلایەن بەرگرییەکانی ئیسڕائیلەوە لە دەرەوەی سنووری ئاسمانی ئیسڕائیل خراونەتە خوارەوە.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی ئیسڕائیل بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند 7:30 خولەکی بەیانی ئاسمانی ئیسڕائیل دووبارە کراوەتەوە.

ئێران داوای لە ئیسڕائیل کردووە تۆڵەی هێرشەکان نەکاتەوە.

نێردەی دیبلۆماتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کارەکانی وڵاتەکە " ئامانج لێیان سزادانی تاوانەکانی ئیسڕائیلە و ئێستا بابەتەکە تەواو بووە."

وتیشی " بەڵام ئەگەر ڕژێمی ئیسڕائیل هەر هەڵەیەکی دیکە بکات ئەوا وەڵامی ئێران زۆر توندتر دەبێت."

ڕابەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی 7 ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆدەبنەوە و تاوتوێی هێرشەکانی ئێران دەکەن بۆ سەر ئیسڕائیل.

XS
SM
MD
LG