Accessibility links

ئێران هۆشداری دەدات دژی تۆڵەسەندنەوەی ئیسڕائیل، زلهێزەکانی جیهانیش داوای دان بەخۆداگرتن دەکەن


پارچەی یەکێک لە موشەکەکان کە بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیلی بووەتە هۆی برینداربوونی منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ.
پارچەی یەکێک لە موشەکەکان کە بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیلی بووەتە هۆی برینداربوونی منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ.

ئێران ڕۆژی یەکشەممە هۆشداریدایە ئەمەریکا و ئیسڕائیل لەسەر " وەڵامێکی زۆر گەورەتر " ئەگەر تۆڵەی لێبکرێتەوە لەسەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل وتی " هەڵمەتەکە هێشتا تەواو نەبووە."

مەترسی هەڵگیرسانی جەنگێکی کراوە لە نێوان ئێران و ئیسڕائیلدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاکێشانی ئەمەریکا بۆ ناو جەنگەکە ناوچەکەی خستووەتە دڵەڕاوکێوە، لە کاتێکدا کە واشنتن دەڵێت ئەمەریکا هەوڵی ململانێ نادات لەگەڵ ئێراندا بەڵام دوودڵیش نابێت لە پاراستنی هێزەکانی و ئیسڕائیلدا.

لە 1 ی مانگی چواردا هێرشێکی گومانلێکراوی ئیسڕائیلی کرایە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق و بووە هۆی کوژرانی فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمەش وایکرد شەوی ڕابردوو ئێران هێرشێکی ئاسمانی گەورە بکاتە سەر ئیسڕائیل و سەدان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کرد.

بەڵام هێرشەکان کە بە سەدان موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجام دران و زۆربەیان لە ئێرانەوە هەڵدران، تەنها زیانێکی کەمییان بە ئیسڕائیل گەیاندووە چونکە زۆربەیان بە یارمەتی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئوردن خرانە خوارەوە.

بنکەیەکی ئاسمانی لە باشووری ئیسڕائیل لێیدراوە، بەڵام زیانێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە و بنکەکە بەردەوامە لە کارەکانی، هەروەها منداڵێکی تەمەن 7 ساڵیش بەهۆی پارچەوە بە سەختی بریندار بووە. هیچ هەواڵێکی دیکە نەبووە لەسەر کەوتنەوەی زیانێکی گەورە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمیر عەبدوڵاهیان وتی تاران ئەمەریکای ئاگادارکردووەتەوە کە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسڕائیل " سنووردار " دەبێت و تەنها بۆ بەرگریکردنە لە خۆی.

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو پێش کۆبوونەوەی کابینەی جەنگی ئیسڕائیل کە مەبەست لێی تاوتوێکردنی وەڵامێکە بۆ هێرشەکە، وتی " بەرپەرچمان دانەوە، پوچەڵمان کردنەوە، هەموومان پێکەوە دەیبەینەوە."

وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی سەرەڕای پوچەڵکردنەوەی هێرشەکە، هێشتا هەڵمەتە سەربازییەکە تەواو نەبووە و " دەبێت ئامادە بین بۆ هەموو سیناریۆیەک."

کەناڵی 12 ی ئیسڕائیل لە زاری بەرپرسێکی نەناسراوی ئیسڕائیلەوە بڵاویکردەوە " وەڵامێکی گەورە دەبێت بۆ هێرشەکە."

ڕووسیا و چین و فەڕەنسا و وڵاتانی عەرەبی وەکو میسڕ و قەتەڕ و ئیماڕاتیش داوای دان بە خۆداگرتن دەکەن.

نێردەی دیبلۆماتی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی کارەکانی وڵاتەکە " ئامانج لێیان سزادانی تاوانەکانی ئیسڕائیلە و ئێستا بابەتەکە تەواو بووە."

جەنەڕاڵی سەرکردەی سوپای ئێران محەمەد باقری وتی " وەڵامەکەمان زۆر گەورەتر دەبێت ئەگەر ئیسڕائیل تۆڵە لە ئێران بکاتەوە." وتیشی ئەگەر ئەمەریکا یارمەتی ئیسڕائیل بدات لە تۆڵەکردنەوەدا ئەوا بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا دەکرێنە ئامانج.

شەوی شەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن جەختی لە پابەندبوونی " جێگیریی " ئەمەریکا کردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئیسڕائیل دژی ئێران ، بەڵام هیچ کارێکی سەربازیی وەکو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئێران ڕانەگەیاند. وتی لە بری ئەوە لەگەڵ ڕابەرانی وڵاتانی ڕۆژئاوادا هەماهەنگی دەکەین بۆ وەڵامێکی دیبلۆماتی.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن وتی ئەمەریکا هەوڵی ململانێ نادات لەگەڵ ئێراندا بەڵام دوودڵ نابێت لە پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا و پشتیوانیکردن لە بەرگری ئیسڕائیل.

بڕیارە کاتژمێر 4 ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆببنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG