Accessibility links

ئیسڕائیل دەڵێت حەماس پێشنیاری ئاگربەستی غەززەی ڕەت کردووەتەوە


بەپێی بەیاننامەیەکی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل ' موساد ' کە ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهوەوە بڵاوکرایەوە، حەماس نوێترین پێشنیاری ئاگربەستی لە غەززە ڕەت کردووەتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە دەڵێت " ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکە ئەوە دەسەلمێنێت کە سەرکردەی حەماس لە غەززە یەحیا سینوار ڕێککەوتنێکی مرۆیی و گەڕانەوەی بارمتەکانی ناوێت، هەروەها بەردەوامە لەسەر سوود وەرگرتن لە گرژییەکان لەگەڵ ئێراندا و کۆشش دەکات بۆ یەکخستنەوەی کەرتەکان و پەرەسەندنی گرژییەکان بە گشتی لە ناوچەکەدا."

ئیسڕائیل دەڵێت بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی ئامانجەکانی لە غەززە " بە بەکارهێنانی هێزی تەواویی خۆیەوە و هیچ کارێک نامێنێت ئەنجامی نەدات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو 133 بارمتەیەی کە لە غەززە گیراون."

ڕۆژی شەممە حەماس ڕایگەیاند وەڵامی خۆی بۆ پێشنیاری ئاگربەستەکە لە غەززە ناردووە بۆ نێوەندگرە قەتەڕیی و میسڕییەکان و سوورە لەسەر " ئاگربەستێکی هەمیشەیی."

نەتانیاهو دژایەتی ئاگربەستێکی هەمیشەیی کردووە و بەڵێنیداوە هێزەکانی ڕەوانەی ڕەفەح بکات، لە کاتێکدا کە نیوە زیاتری دانیشتوانەکەی غەززە ڕوویان کردووەتە ڕەفەح و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە گشتی دژی ئەنجامدانی هێرشی ئیسڕائیلن بۆ سەر ڕەفەح، بە ئەمەریکاشەوە.

ئۆفیسی نەتانیاهو ڕۆژی شەممە وتی " تەنها بەربەست لەبەردەم ئازادکردنی ڕفێندراوەکاندا حەماسە، نەک ئیسڕائیل."

XS
SM
MD
LG