وەزارەتی تەندروستی غەززە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حەماسدایە دەڵێت لە 7 ی مانگی 10 ەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر غەززە 27,365 فەلەستینی کوژراون و 66,630 فەلەستینی دیکە بریندار بوون.
وەزارەتەکە وتی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 127 فەلەستینی کوژراون و 178 فەلەستینی دیکە بریندار بوون.
ڕۆژی شەممە هەزاران کەس لە ئیسڕائیل ڕژانە سەر شەقامەکان و داوایان لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کرد دەست لە کاربکێشێتەوە و هەڵبژاردنێکی نوێ بەڕێوەبچێت، چونکە تاوەکو ئێستا حکومەت پلانێکی یەکلاکەرەوەی نەبووە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە و گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون.
ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی هێزەکانی " چەکی AK-47 و تەقەمەنی و کەلوپەلی سەربازیی و تەکنەلۆجیا و هاوەنییان " لە بینایەک لە خان یونس دۆزیوەتەوە.
هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل وتی لە باکووری غەززە هێزەکان " 7 چەکی AK-47 و 3 دەمانچە و کەلوپەلی سەربازیی و تەقەمەنی و نارنجۆکییان " لە شوێنێکی نیشتەجێبوونی ناوچەکەدا دۆزیوەتەوە.
ڕۆژی شەممە یەکێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو هەواڵانەی کە گوایە سوپای ئیسڕائیل بە نیازە هێرشە زەمینییەکەی بەرەو ڕەفەحی باشووری غەززە فراوان بکات.
بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ هۆشداریدا و وتی ئەگەر حەماس و ئیسڕائیل ڕێکنەکەون لەسەر ئاگربەستێک ئەوا پێدەچێت ململانێکە پەرەبسەنێت بە سەرانسەری ناوچەکەدا، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەیان پێگەی گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران و سوپای پاسدارانی ئێرانی لە عێراق و سوریا بۆردومان کرد.
بۆڕێڵ وتی نزیکەی یەک ملیۆن فەلەستینی " ئاوارەی سنووری میسڕ بوون " و ئەگەر ئیسڕائیل هێرشە زەمینییەکەی ببات بۆ ئەوێ ئەوا فەلەستینییەکان هیچ شوێنێکییان نامێنێت بۆی بچن. بۆڕێڵ باسی لە " ڕەوشە مەترسیدارەکەی " ڕەفەحی باشووری غەززە کرد کە سنووری بە میسڕەوەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی یەکشەممە سەردانی ناوچەکە دەکات، لە هەوڵێکدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیبلۆماتی بۆ جەنگەکە.
بەرپرسانی غەززە دەڵێن بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە بۆ سەر شارەکانی ڕەفەح و دەیر ئەل بەلا لانیکەم 18 فەلەستینی کوژراون، لە کاتێکدا کە ترس و نیگەرانییەکان زیاتر بوون لەسەر ئەوەی ئیسڕائیل هێرشە زەمینییەکەی بۆ ئەو ناوچانە فراوان بکات کە دوایین ئەو ناوچانەن کە خەڵکەکە ڕوویان تێکردوون و وەکو پەناگە بەکارییان دەهێنن.
بەرپرسانی تەندروستی غەززە وتییان لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر خانوویەک لە ڕەفەح 14 کەس کوژراون، ژن و منداڵیشییان تێدا بووە.
سوپای ئیسڕائیل ئەو هێرشەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
شاری ڕەفەحی سەر سنووری میسڕ میوانداری زیاتر لە نیوەی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی غەززەی کردووە، هاووڵاتییان لە باکوور و ناوەڕاستی غەززەوە لە دەست هێرشە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل هەڵاتن بۆ باشووری غەززە، بەڵام ئێستا حەماس لەو ناوچانەدا سەرهەڵدەداتەوە کە ئیسڕائیل بە شێوەیەکی بەرچاو هێزەکانی تێیاندا کشاندەوە.
ئیسڕائیل دەڵێت سوورە لەسەر لە ناوبردنی حەماس تاوەکو ڕێگە نەدات جارێکی دیکە دەسەڵاتی غەززە بگرێتەوە دەست کە لە ساڵی 2007 ەوە فەرمانڕەوایی کەرتەکە دەکات.
لە چەند ڕۆژەی ڕابردوودا هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانییان لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای غەززە و چەند بەشێکی شاری غەززە نوێکردەوە، بەو ناوچانەشەوە کە دەوترێت دابەشکردنی موچەیان تێدا بووە.
ڕۆژی شەممە وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دانیێڵ هاگاری وتی لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی غەززەوە سوپای ئیسڕائیل لە زیاتر لە 50 ئامانجی لە سوریا داوە کە پەیوەست بوون بە حیزبوڵای لوبنانەوە.
هاگاری وتی " حیزبوڵا لە هەر شوێنێک بێت ئێمەش لەوێ دەبین. لە هەر شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویست بکات کار دەکەین."
هاگاری وتی هێزەکانی ئیسڕائیل هێرشییان کردووەتە سەر 34,000 ئامانجی حیزبوڵا لە لوبنان و 120 خاڵی چاودێری سەر سنوورەکە و 40 کۆگای موشەک و چەکەکانی دیکە، هەروەها هێرشییان کردووەتە سەر زیاتر لە 40 ناوەندی سەرکردایەتی. وتیشی زیاتر لە 200 چەکداری حیزبوڵا کوژراون.
هاگاری وتیشی ئیسڕائیل سێ یەکەی سوپای ڕەوانەی سنووری لوبنان کردووە. ئیسڕائیل هەڕەشەی کردووە پەرە بە شەڕی حیزبوڵا بدات لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان، ئەگەر حیزبوڵا لە سنوورەکە دوورنەکەوێتەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا