Accessibility links

سەرچاوەکان: پێناچێت حەماس پێشنیاری ئاگربەست لە غەززە ڕەت بکاتەوە، بەڵام داوای کشانەوەی ئیسرائیل دەکات


بەرپرسێکی فەلەستینی نزیک لە دانوستانەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند پێناچێت حەماس پێشنیاری ئاگربەست لە غەززە ڕەت بکاتەوە کە لەم هەفتەیەدا لە لایەن ئەو وڵاتانەی نێوەندگیری شەڕەکە دەکەن پێی گەیشتووە، بەڵام دەیەوێت دڵنیا بێت لەوەی ئیسرائیل پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

قەتەر و میسر کە نێوەندگیری شەڕەکەی ئیسرائیل و حەماس دەکەن لەم هەفتەیەدا یەکەم پێشنیاریان پێشکەش بە حەماس کرد سەبارەت بە ئاگربەستی درێژخایەن لە غەززە، کە هەفتەی ڕابردوو لە دانوستانەکانی پاریس لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا ڕێککەوتنی لەسەر کرا. حەماس ڕایگەیاندووە کە خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە دەقەکە و ئامادەکردنی وەڵامێکە.

ئەو بەرپرسە فەلەستینییە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەقی پاریس داوای قۆناغی یەکەمی ڕاگرتنی شەڕ بۆ ماوەی 40 ڕۆژ دەکات و لەو ماوەیەشدا حەماس ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانە ئازاد بکات کە هێشتا لەژێر دەستیدا ماون و ژمارەیان زیاتر لە 100 کەسە. هەنگاوەکانی داهاتوو بریتی دەبن لە ئازادکردنی سەربازە ئیسرائیلییەکان و ڕادەستکردنی تەرمی بارمتە کوژراوەکان.

ئەو بەرپرسە فەلەستینییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، وتی: پێشبینی دەکەم حەماس ئەو ئاگربەستە پێشنیاز کراوە ڕەت نەکاتەوە، بەڵام ڕەنگە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوەش نەدات.

ئاماژەی بەوەشکرد، " پێشبینی دەکەم وەڵامێکی ئەرێنی بنێرن و داواکارییەکانیان دووپات بکەنەوە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت دەبێت دڵنیابێت لەوەی ئیسرائیل پابەند دەبێت بە کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و بە تەواوی لە ناوچەکە دەکشێتەوە".

وەستانێکی وەها درێژخایەن یەکەم جار دەبێت لە دوای هێرشە کوشندەکەی حەماس لە حەوتی مانگی دە بۆ سەر ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی 1200 کەس و بە بارمتەگرتنی زیاتر لە 253 کەس، کە سەرئەنجام بووە هۆی هێرشی ئیسرائیل کە بەشێکی زۆری ناوچەی غەززەی وێران کرد.

بەرپرسانی تەندروستی لەو ناوچەیە ڕۆژی پێنجشەممە ڕایانگەیاند ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ سەرووی 27 هەزار کەس بەرزبووەتەوە و هەزاران کەسی دیکەش هێشتا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە و خانووە ڕووخاوەکاندا دەرنەهێنراون.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG