ڕۆژی شەممە ئیسڕائیل ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەی لە غەزە فراوانکرد و تانک و هێزە پیادەکانی بە پشتیوانی هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکان ڕەوانەی غەزە کرد.
بۆردومانەکان کە دانیشتوانی غەزە دەڵێن تاوەکو ئێستا چڕترین بۆردومانی ئیسڕائیلن، زۆربەی هێڵی پەیوەندییەکانی لە غەزە پچڕاندووە و ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی غەزەی لە جیهان دابڕاندووە، هاوکات بووە هۆی ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل بتوانن باڵا دەست بن لە قۆناغێکی نوێی شەڕەکەدا.
سوپای ئیسڕائیل کۆمەڵێک وێنەی بڵاوکردەوە کە تێیدا کاروانی تانکەکان بە هێواشی بە ناوچەیەکی کراوەی غەزەدا دەڕۆن، زۆربەیان وادەردەکەوێت لە نزیک سنوورەکە بن، وتیشی فڕۆکە جەنگییەکان دەیان تونێل و ژێرزەمینی حەماسییان بۆردومان کردووە. ژێرزەمینەکان ئامانجی سەرەکی هەڵمەتەکەی ئیسڕائیلن بۆ لە ناوبردنی حەماسی فەرمانڕەوا لە غەزە، دوای هێرشە خوێناوییەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە 7 ی مانگی 10 دا.
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی "دوێنێ ئێوارە، زەوییەکە لە غەزە لەریوەتەوە. لەسەر زەوی و لە ژێر زەوییەوە هێرشمان کردووە. ڕێنماییەکان بۆ هێزەکان زۆر ڕوونن. هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو ئاگادارکردنەوەی دواتر."
وەزارەتی تەندروستی غەزە وتی ڕۆژی شەممە ژمارەی کوژراوەکان لە غەزە بەرزبوونەوە بۆ زیاتر لە 7,700 کەس، لە درەنگانێکی ڕۆژی هەینییەوە تاوەکو ئێستا 377 حاڵەتی کوژران تۆمارکراون. وەزارەتەکە وتی زۆربەی ئەوانەی کوژراون ژن و منداڵانن.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حەماس لە غەزە، ئەشرەف ئەل قیدرە بە ڕۆژنامەنووسانی وت تێکدانی هێڵی پەیوەندییەکان " بە تەواوەتی تۆڕی تەندروستی غەزەی پەکخستووە."
دانیشتوان هیچ ڕێگەیەکییان نەماوە بۆ پەیوەندیکردن بە تیمەکانی فریاگوزاری خێرا و تەندروستییەوە، تیمەکانیش بە شوێن دەنگی بۆردومانەکاندا دەڕۆن لە گەڕانیاندا بە دوای ئەو کەسانەدا کە پێویستییان پێیانە.
سەرچاوە/ AP