Accessibility links

زۆرێک لە فەلەستینییەکانی غەززە ستایشی هێرشەکانی ئێران دەکەن بۆ سەر ئیسڕائیل


زۆرێک لە فەلەستینییەکانی غەززە ڕۆژی یەکشەممە ستایشی هێرشەکەی ئێرانییان کرد بۆ سەر ئیسڕائیل و هەندێکییان وەکو باجێکی دەگمەن سەیری دەکەن بۆ کارەکانی ئیسڕائیل لە غەززەدا، بەڵام هەندێکی دیکەیان گومانییان هەیە و دەڵێن تاران زیاتر هێرشەکەی بۆ خۆ دەرخستن بووە وەک لەوەی ویستبێتی زیانێکی گەورە بە ئیسڕائیل بگەیەنێت.

ئەبوعەبدوڵا وتی " بۆ یەکەمین جار موشەکمان بینی کە لەسەر خاکەکەی ئێمە نەکەوتنە خوارەوە. ئەم موشەکانە بەرەو فەلەستینی داگیرکراو دەڕۆیشتن." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەو خاکەی کە لە ساڵی 1948 دا بوو بە خاکی ئیسڕائیل.

ئەبوعەبدوڵای تەمەن 32 ساڵ وتی " ئومێدمان هەیە بەوەی کە ئێران یاخود هەر وڵاتێکی دیکە کە دێتە جەنگەکەوە ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی چارەسەرێک بۆ غەززە. ئەمەریکاییەکان ڕەنگە ناچار بکەن چارەسەری غەززە بکەن بۆ ئەوەی کۆتایی بە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکە بهێنن."

زۆرێک لە غەززە لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە هەستییان بەوە کردووە کە دراوسێکانییان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستبەردارییان بوون.

بەڵام لەلایەن ئێران و گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکەوە کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات پشتیوانییان لێکرا، بە تایبەتی حزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی ئێران، کە هاوپەیمانی حەماسی غەززەشن.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، زۆرێک لە دانیشتوان و ئەو ئاوارانەشی کە لە خێمەکاندا دەژین فیکە لێدەدەن و هاواری اللە اکبر دەکەن، ئەمەش لە دەربڕینی خۆشیدا بە بۆنەی ڕووناکبوونەوەی ئاسمانەکانەوە بەهۆی موشەکەکانی ئێران و سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئیسڕائیلەوە.

ماجید ئەبو حەمزەی 52 ساڵ کە باوکی حەوت منداڵە لە شاری غەززە وتی " هەر کەسێک بڕیار بدات هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل، بوێری ئەوەی تێدا بێت لە کاتێکدا هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل کە هەموو جیهان لە خزمەتیدان، لە چاوی فەلەستینییەکانەوە پاڵەوانە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ فیکری ئێرانیدا بگونجێین یاخود نا."

ئەبوحەمزە وتی " ماوەی شەش مانگە دەکوژرێین و هیچ کەس نەیوێراوە هیچ بکات. ئێستا ئێران دوای ئەوەی کونسوڵخانەکەی لێیدرا، لە ئیسڕائیل دەداتەوە و ئەوەش دڵمان خۆش دەکات."

بەڵام هەمووان پشتگیرییان لە هێرشەکە نەکرد، هەندێک لە فەلەستینییەکان پێیان وایە هێرشەکە هەوڵێکی ئێران بووە تەنها لە پێناو پاراستنی شکۆی خۆیدا.

مونیر ئەلگاغوبی بەرپرس لە فراکسیۆنی فەتحی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینییەکان مەحمود عەباس وتی " گەلی فەلەستین تەنها کەسن کە بە گۆشت و خوێنی خۆیان باجەکەی دەدەن."

هەندێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەڵێن باوەڕییان وایە کە هێرشەکە بە ڕێککەوتن بووە لەگەڵ ئەمەریکادا بۆ ئەوەی هیچ زیانێکی نەبێت، ئاماژەیان بەوەدا چەند کاتژمێرێکی خایاند تاوەکو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لە ئیسڕائیل نزیک بوونەوە، وتییان ئەمە کاتێکی زۆریدا بە ئیسڕائیل تاوەکو بیانخاتە خوارەوە.

هاوکات ئیسڕائیل بەردەوام بوو لە هێرشە ئاسمانییەکانی لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا، بەپێی وەزارەتی تەندروستی غەززە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشەکانەوە 43 فەلەستینی کوژراون و 62 کەسی دیکە بریندار بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG