Accessibility links

ئیسڕائیل داوا لە میسڕ دەکات یارمەتی بدات لە لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لە هێرشەکەی سەر سنووری نێوانیان


سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو کوشتنی سێ سەربازە ئیسڕائیلییەکەی لەلایەن ئەفسەرێکی ئاسایشی میسڕەوە بە کردەوەیەکی تیرۆریستی ناوبرد و داوای لێکۆڵینەوەیەکی هاوبەشی تەواوی لەگەڵ میسڕدا کرد.

میسڕیش دەڵێت لەگەڵ ئیسڕائیلدا کاردەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی ڕۆژی شەممە.

نەتانیاهو بە ئەندامانی کابینەکەی وت " ئیسڕائیل پەیامێکی ڕوونی بۆ حکومەتی میسڕ ناردووە. پێشبینی دەکەین لێکۆڵینەوە هاوبەشەکە ماندوونەناسانە و چڕ بێت."

وتیشی " پڕۆسە و شێوازی ئۆپەراسیۆنەکانمان نوێ دەکەینەوە و هەروەها ڕێوشوێنەکانیش نوێ دەکەینەوە بۆ کەمکردنەوەی قاچاخچێتی کردن تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی کردەوەی تیرۆریستی تراجیدیای وەکو ئەمە جارێکی دیکە ڕوونەداتەوە."

ئەو سنوورەی نێوان ئیسڕائیل و میسڕ کە ڕۆژی شەممە تەقەکردنەکەی تیادا ڕوویدا و سێ سەربازی ئیسڕائیلی و ئەفسەرێکی ئاسایشی میسڕی کوژران، زۆر کات هێمنە، بەڵام بەردەوام هەواڵی قاچاخچێتی کردن بە دەرمانەوە هەیە، پێش ڕووداوەکە هەواڵێکی قاچاخچێتی کردن لە سنوورەکەدا هەبووە.

لە ماوەی ڕابردوودا وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل وتی تەقەکردنەکە لە کاتێکدا بووە کە پاسەوانەکانی سنووری ئیسڕائیل هەوڵیانداوە ڕێگری لە قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بکەن کە هەوڵیانداوە بێنە ناو خاکی ئیسڕائیلەوە.

هاوکات سوپای میسڕ وتی ئەفسەرێکی ئاسایشی سنووری میسڕ لە کاتی بەدواداچوونیدا بۆ قاچاخچییەکان بازگەیەکی ئاسایشی سنووری ئیسڕائیلی بەزاندووە و لەگەڵ سەربازانی ئیسڕائیلدا تەقەیان لە یەکتر کردووە، لە ئەنجامدا خۆی و سێ سەربازی ئیسڕائیلی کوژراون.

لە ساڵی 1979 دا میسڕ بووە یەکەمین وڵاتی عەرەبی کە پەیماننامەی ئاشتی لەگەڵ ئیسڕائیلدا واژۆ بکات و سنوورێکی زیاتر لە 200 کیلۆمەتر لە نێوانییاندا هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG