دوابەدوای ڕووداوێکی تەقەکردن لەسەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و میسڕ کە بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئیسڕائیل و ئەفسەرێکی ئاسایشی میسڕ، سوپای میسڕ لە بەیاننامەیەکدا وتی وەزیری بەرگری میسڕ موحەمەد زەکی لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی هاوتا ئیسڕائیلییەکەی کردووە.
سوپای میسڕ وتی لە ماوەی پەیوەندییە تەلەفونییەکەدا دوو وەزیرەکە باسییان لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست کردووە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارە ڕوودانەوەی ڕوودانی تەقەکردن لەسەر سنووری نێوان دوو وڵاتەکە.
لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕووداوێکی تەقەکردنی دەگمەندا لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئیسڕائیل و میسڕدا سێ سەربازی ئیسڕائیلی و ئەفسەرێکی ئاسایشی میسڕ کوژران.
وتەبێژی سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند تەقەکردنەکە لە کاتێکدا بووە کە پاسەوانەکانی سنووری ئیسڕائیل هەوڵیانداوە ڕێگری لە قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان بکەن کە هەوڵیانداوە بێنە ناو خاکی ئیسڕائیلەوە.
هاوکات سوپای میسڕ وتی ئەفسەرێکی ئاسایشی سنووری میسڕ لە کاتی بەدواداچوونیدا بۆ قاچاخچییەکان بازگەیەکی ئاسایشی سنووری ئیسڕائیلی بەزاندووە و لەگەڵ سەربازانی ئیسڕائیلدا تەقەیان لە یەکتر کردووە، لە ئەنجامدا خۆی و سێ سەربازی ئیسڕائیلی کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیرانی بەرگری ئیسڕائیل و میسڕ تاوتوێی ڕووداوی تەقەکردنەکەی سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات دەکەن