Accessibility links

عێراق زیاتر لە 100,000 ژەمە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا وەردەگرێت


ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی لەڕێی پڕۆگرامی کۆڤاکسەوە، زیاتر لە 100,000 ژەمە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئیتاڵیا بەخشیویەتی دراوە بە عێراق.

بەپێی وەزارەتی تەندروستی عێراق، زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی عێراقی کە دەکاتە نزیکەی لە سەدا 10 ی دانیشتوانە 40 ملیۆنیەکەی، لانی کەم یەک ژەمە ڤاکسینیان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەرگرتووە.

کارمەندانی تەندروستی عێراق دەڵێن نەک تەنها ڕووبەڕووی ڤایرۆسەکە بوونەتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی ئەو زانیارییە ناڕاستانەش بوونەتەوە کە بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکەکە دودڵ بن لە وەرگرتنی ڤاکسین.

ڕێکخراوی یونسێف لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ڕۆژی یەکشەممە عێراق 100,800 ژەمە ڤاکسینی ئاسترازێنیکای وەرگرتووە، یەکەمین گەیاندن لەو 15 ملیۆن ژەمە ڤاکسینەی کە ئیتاڵیا بەخشیویەتی و پڕۆگرامی کۆڤاکس دابەشی دەکات."

پڕۆگرامی کۆڤاکس لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە پشتیوانی لێدەکرێت و ئامانج لێی دڵنیا بوونەوەیە لەوەی ڤاکسینەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەکسانی دابەش بکرێن، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە داهاتیان کەمە.

ئەمە سێیەمین جارە عێراق لەڕێی کۆڤاکسەوە ڤاکسین وەردەگرێت.

نوێنەری عێراق لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەحمەد زوتین وتی " ئێمە لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی باوەڕمان وایە ئێمە کاتێک پارێزراوین کە هەمووان پارێزراو بن، تەنها کاتێک کۆنتڕۆڵی ئەم پەتایە دەکەین کە سەرجەم هاوڵاتیان ڤاکسینیان وەرگرتبێت."

عێراق لە مانگی سێیەوە هەڵمەتی کوتانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای دەستپێکردووە، هەریەک لە ڤاکسینەکانی فایزەر- بایۆنتێک و ئاسترازێنیکا و سینۆفارمی بەکارهێناوە.

لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە، زیاتر لە 1.9 ملیۆن حاڵەتی توشبوون و نزیکەی 21,500 حاڵەتی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە عێراق تۆمارکراوە.

ڕێوشوێنەکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و بەکارهێنانی دەمامکیش لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو پشتگوێخراون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG