Accessibility links

کاندیدێکی تورکمانی شیعە: ئەنجامی هەڵبژاردن دەریدەخات، کاندیدە تورکمانە شیعەکان دەنگ زۆر دەهێنن یان بەرەی تورکمانی


کاندیدیێکی تورکمانی شیعە لە پارێزگای کەرکوک ڕایدەگەیەنێت، تورکمانەکانی کەرکوک بە سەر بەرەی شیعە و سونەدا دابەشبوون، ئەنجامی هەڵبژاردن دەریدەخات، کام بەرەیان بەهێزن، ڕەخنەش لە لەبەرەی تورکمانی دەگرێت بەوەی نەیتوانیووە نوێنەرایەتی تورکمان بەگشتی بکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نەجات حسێن سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی شیعی و تەنها کاندیدی ئەو ڕەوتە لە کەرکوک، دەڵێت"بەرەی تورکمانی وا نیشانی دەدەن، گوایە نوێنەرایەتی تورکمانی شیعە و سونە دەکەن، بەڵام وا نیە و ناتوانن نوێنەرایەتی هەردوو بەشەکەی تورکمان بکەن."

جەختیشیکردەوە"تورکمان یەک نیە، بەتایبەت لەڕابردوودا، بەرەی تورکمانی داوای وەزارەتێکیان کردووە، تورکمانە شیعەکانیش داوای وەزارەتێکی تر، حەزەکەم یەکبین، بەڵام واقع جیاوازە."

بەرەی تورکمانی لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دا، 3 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، دۆخی ئەو پێکهاتە نەتەوەییە خراپە، بەو پێ یەی دابەشبوون بە سەر شیعە و سونەدا و کاندیدی جیایان هەیە، ئەمە جگە لەوەی سستمی نوێی هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی تورکمان نیە.

زۆربەی هێزە تورکمانیەکان لە ژێر چەتری بەرەی تورکمانیدا کۆبوونەتەوە و ژمارەیەک کاندیدیان هەیە، کە تەنها یەک کاندیدیان تورکمانی شیعەیە، لەکاتێکدا کوتلەی فەتح ی شیعی و ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانیش، لەنێو کەرکوکدا و چەند کەسایەتیەکی تورکمانی شیعەیان کاندید کردووە.

بەرەی تورکمانی کار بۆ بەدەستهێنانی دوو کورسی دەکات، ئەرشەد سالحی و سەوسەن جەدوع، دوو کاندیدی سەرەکی ئەو بەرەیەن، کە زۆربەی دەنگەکانیان لە بازنەی دووی نێو شاری کەرکوکدایە، لەبەرامبەریشدا، کوتلەی فەتح غەریب تازەلی فەرماندەی حەشدی شەعبی کاندید کردووە و هەموو هەوڵێکیان بۆ دەرچوواندنیەتی، بەو پێ یەی تورکمانەکانی باشوری کەرکوک، بەشێکی زۆریان شیعە مەزهەبن.

نەجات حسێن ڕوونیکردەوە، بەرەی تورکمانی کاندیدێکی شیعە مەزهەبیان هەیە، خۆی و کەسێکی تریش بە جیالەبەرەی تورکمانی کاندیدن، وتی"ئەنجامی هەڵبژاردن وەڵام دەداتەوە، با بزانین کام لامان، دەنگی زیاتر دەهێنین."

وتیشی"من حەزەکەم یەکبین، بەڵام شەقام پشتگیری ئەمە ناکات، ئینجا تەنها لەنێو تورکماندا جیاوازی نیە، کورد و عەرەب و هەموو نەتەوەیەک، جیاوازی تێدایە."

دەربارەی هێزی کاندیدە شیعەکان بەوەی تاچەند ڕکابەرێتی بەرەی تورکمانیان پێدەکرێت، نەجات حسێن دەڵێت"حاجی غەریب کاندیدی بەدرە و ئەوان پشتگیری دەکەن، منیش 15 ساڵە لە گۆڕەپانی سیاسی کاردەکەم، پێموایە تورکمان سێ کورسی دەهێنێت، بەڵام گەر دوو کورسی هێنا، کورسیەکی بۆ بەرەی تورکمانی و کورسیەکەی تری بۆ ئێمەیە."

کاندیدەکەی تورکمانە شیعەکەی کەرکوک، ڕەخنەی ئەوەشی لەبەرەی تورکمانی گرت، نوێنەرایەتی هەموو تورکمانی پێنەکراوە و شکستی هێناوە لەنوێنەرایەتی کردنی کردارەکیدا.

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، نەجات حسێن سەرکردەی ڕەوتی حیکمەی نیشتیمانی، جەختیکردەوە"ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ بەرەی تورکمانی و کاندیدە تورکمانە شیعەکانیش گرنگە، بەو پێ یەی ئەنجامەکەی دەبێتە مایەی خۆ سەلماندن لەسەر ئەرزی واقیع."

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:40 0:00


XS
SM
MD
LG