Accessibility links

وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: کەس و لایەنی ساختەکار و سەرپێچیکار سزای توند دەدرێت


وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە سەرپێچی، لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە ڕێگە بە هیچ پێشێلکاری و سەرپێچیەک نادەن و لێپێچینەوە لەگەڵ کاندید و لایەنی سەرپێچیکاردا ئەنجام دەدەن.

لەگفتووگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جومانە غلای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەڵێت"ڕێوشوێنی پێویست دانراوە بۆ چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە سەرپێچی لە بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن دەکەن."

وتیشی"لیژنەی سەرەکی و فەرعی پێکهێنراوە، بۆ چاودێریکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و ڕێگریکردن لە سەرپێچیکردن."

وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕوونیکردەوە، لیژنە پێکهێنراوەکانی کۆمیسیۆن لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەموو لایەنەکان، بەشی تایبەت دانراوە بۆ وەرگرتنی سکاڵا، وتی"لیژنەکان ڕاپۆرت لەسەر پێشێلکاریەکان ئامادە دەکەن و دەینێرن بۆ ئەنجومەنی کۆمیسیۆن، تا کۆمیسیۆن بڕیار لەسەر سکاڵاکان بدات."

بەشێک لە هاوڵاتیان و تەنانەت کاندیدە سەربەخۆکانیش ترسیان لە ئەنجامدانی ساختەکاری هەیە، لەڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دا، لەو بارەیەوە جومانە غلای وتی"لایەنی سەرپێچیکار و ساختەکار سزا دەدرێت، سزا بەغەرامە، یان زیندانی، یاخود غەرامە و زیندانی لە یەککاتدا."

جەختیشیکردەوە"جگە لە لایەنەکان، هەموو دەنگدەرێک مافی ئەوەی هەیە سکاڵا تۆمار بکات، بەڵام بە بەڵگەوە، ئەمەش لە پێناو سزادانی سەرپێچیکار."

بڕیارە لە ڕۆژی 10/10 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت، لە دوێنێ پێنجەشەمەوە، لایەنەکان بەفەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەستپێکردووە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:23 0:00


XS
SM
MD
LG