Accessibility links

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی: جگە لە یەکێتی و پارتی هیچ حزبێک کورسی ناهێنێت، مەگەر بەشیان بدرێت


سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، جگە لە پارتی و یەکێتی، هیچکام لە حزبەکانی تر لە ژێر سایەی سستمی نوێی هەڵبژاردندا کورسی ناهێنن، گەر بە ڕێککەوتن و پشک پێدان نەبێت، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە، بۆ ڕێگری کردن لە ساختەکاری، حزبەکەی دەنگەکانی دەسوتێنێت.

هاوپەیمانی نیشتمانی لە ساڵی 2018 لەلایەن دکتۆر بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق و بەشێک لە سەرکردە جیابووەوەکان لەکۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی پێکهێنرا، لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراق دا دوو کورسی هێنا، بەڵام بایکۆتی هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراقیش دەکات.

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی، دەڵێت "لە هەڵبژاردنی پێشتری پەرلەمانی عێراق دا بەشداربووین و 230 هەزار دەنگمان هێنا، بەڵام بەهۆی کاندیدبوونی بۆ سەرۆک کۆمار و لەبەر خاتری دکتۆر بەرهەم، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانمان نەکرد."

ڕوونیشیکردەوە، سستمی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق بۆ بازنەی بچووک گۆڕاوە، هەوڵی پێکهێنانی بەرەیەکی فراوانیان لەگەڵ کۆمەڵ، یەکگرتوو، گۆڕان و نەوەی نوێ داوە، تا کاریگەریان لەسەر هەرێم هەبێت و دەنگی باش بهێنن، وتی "ئەوان هەریەکە و لەگەڵ لایەنێکی دەسەڵات ڕێککەوتن، بۆیە وامان بەباش زانی، بایکۆت بکەین، چونکە جگە لە یەکێتی و پارتی، حزبەکانی تر دەنگ ناهێنن، مەگەر بەڕێککەوتن، بەشیان بدرێت."

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی داواش لە لایەنگرانی هاوپەیمانێتیەکەی و خەڵک دەکات، بەشداری هەڵبژاردن بکەن و دەنگەکانیان بسوتێنن، وەکئەو دەڵێت "دەنگ سوتاندن، بایکۆتێکی ئیجابیە، حزبە دەسەڵاتدارەکان سود لەدەنگەکان نابینن بۆ ساختەکاری، چونکە پێمانوایە ئەمجارەش ساختەکاری زۆر زۆر دەکرێت."

هەرچەندە پێشتر دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە، هەندێک لایەنی هەرێمی و ناوخۆیی داوای بەشداری کردنی هاوپەیمانێتی نیشتمانیان لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا کردووە و گەرەنتی پێدانی کورسیەکیشیان پێداون، بەڵام ئارام قادر ئەوەی ڕەتکردەوە، وتی "ئەسڵ و ئەساسی نییە، ئێمە هەرچەندە بایکۆتمان کرد، بەڵام کورسیەکمان هێنا و دواتر کورسیەکەیان بردین."

سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی ئاشکرایکرد، پارتی و یەکێتی داوایانلێکردوون بچنە نێویانەوە و بەڵێنی ئیمتیازیان پێداون، بەڵام ئەوان ڕەتیانکردووەتەوە، وتی "بەهیچ شێوەیەک ناچینە نێو پارتی و یەکێتیەوە، چونکە ئەوان بەرپرسیارن لە قەیرانەکانی هەرێم."

لەئێستادا بەرپرسە دیارەکانی هاوپەیمانی نیشتمانی، زیاتر سەرکردە دێرینەکانی کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامین، بەڵام ئارام قادر جەختیکردەوە "کۆمەڵ و یەکگرتوو هیچ دەستپێشخەریەکیان نەکردووە تا بگەڕێنەوە نێویان، چونکە هاوپەیمانی باوەڕی بە ئایدۆلۆژیا نییە، بەڵکو باوەڕی بەمرۆڤ سەنتەری هەیە."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئارام قادر سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی ڕەتیکردەوە حزبەکەی توشی چەقبەستوویی بووبێت، ئاماژەی بەوەکرد گرفتی داراییان هەیە، بۆیە جم و جۆڵ و چالاکیان کەمە، وتی"ئێمە حزبێکی سیاسین، پێچەوانەی ئەوانیتر، پارە لەیەکێتی و پارتی وەرناگرین، هەرکات سەرچاوەی دارایی خۆمان پەیدا کرد، چالاکی فراوان ئەنجام دەدەین."

please wait
Embed

No media source currently available

0:00 0:05:00 0:00


XS
SM
MD
LG