Accessibility links

خێزانەکەی: نێرگز محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بایکۆتی دادگاییەکەی دەکات


نێرگز محەمەدی
نێرگز محەمەدی

خێزانەکەی نێرگز محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کە ئێستا لە زیندانی ئێڤینی ئێراندا زیندانیکراوە، دەڵێت محەمەدی ڕەتی کردووەتەوە ئامادەی دادگاییکردنەکەی ڕۆژی سێشەممەی بێت کە یەکەمین دادگاییکردنییەتی لە دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییەوە و دادگای شۆڕشی ئێرانی بە " کوشتارگە " ناوبرد.

محەمەدی کە لە 10 ی مانگی دوانزەی ساڵی 2023 دا لە ئۆسلۆ خێزانەکەی خەڵاتەکەیان لە بری ئەو وەرگرت، وتی دادگای شۆڕشی ئێران بەرپرسە لە فەرماندان بە سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر گەنجانی ئێراندا.

محەمەدی لە بەیاننامەیەکدا کە خێزانەکەی لە ئینستاگرام بڵاوییان کردەوە دەڵێت " دادگای شۆڕشگێڕی کوشتارگەی گەنجانی ئێرانە، من پێ ناخەمە ئەم کوشتارگەیەوە."

وتیشی " ڕەتی دەکەمەوە ڕەوایی یاخود دەسەڵات بدەم بەو دادوەرانەی کە سەر بە دەزگا نهێنییەکان و ئەو دادگایانەن کە بەشداری لە دادگاییکردنە ساختەکاندا دەکەن."

ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی محەمەدی کراون ڕوون نین، بەڵام باوەڕوایە پەیوەست بن بە چالاکییەکانییەوە لە زینداندا، محەمەدی لە زیندانی ئێڤینی تاران دژی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و یاسای حیجابی زۆرەملێ کەمپینی کردووە.

هەروەها سەرکۆنەی ئێرانی کردووە لەسەر بەکارهێنانی سزای مەرگ کە بەهۆیەوە لەم ساڵدا سەدان کەس لە سێدارە دراون.

لەو دۆسییەیانەدا کە پەیوەندییان بە خۆپیشاندانەکانی مانگی نۆی ساڵی 2022 ەوە هەبووە کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئێراندا سەریانهەڵدا، هەشت پیاو لە سێدارە دراون. محەمەدی پشتگیری تەواوی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکان دەربڕیوە کە تێیدا ژنان بە دروشمی " ژن، ژیان، ئازادی " ەوە ڕابەرایەتییان کرد.

خێزانەکەی دەڵێن ئەگەر لەم دۆسییە نوێیەدا تاوانبار بکرێت ئەوا مەترسی ئەوەی لەسەرە پێی بوترێت لە زیندانێکی دیکەی دەرەوەی تاران سزاکەی جێبەجێ بکات.

محەمەدی تەمەن 51 ساڵ لە بیست ساڵی ڕابردووی ژیانیدا زۆربەی کاتەکانی زیندانی کراوە. لە مانگی یانزەی ساڵی 2021 ەوە تاوانبار کراوە و لە زینداندایە.

پێشتریش سزای 27 مانگ زیندان و چوار مانگ پاککردنەوەی شەقامەکان و کاری کۆمەڵایەتی بەسەردا سەپێندراوە.

لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، محەمەدی 13 جار دەستگیرکراوە، پێنج جاریش سزا دراوە، کۆی گشتی 31 ساڵ زیندانی و 154 جار لێدانی بە قامچی بەسەردا سەپێندراوە.

خێزانەکەی ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە هێشتا محەمەدی ڕێگەی پێنادرێت پەیوەندی تەلەفونی ئەنجام بدات، محەمەدی چەندین ساڵە خێزانەکەی و هاوسەرەکەی نەبینیوە کە لە پاریس دەژین.

نزیکەی دوو ساڵە لەگەڵ منداڵەکانیدا قسەی نەکردووە کە دووانەن و تەمەنییان 17 ساڵە. لە مەراسیمەکەی ئۆسلۆدا منداڵەکانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان لە بری دایکییان وەرگرت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG