Accessibility links

نێرگز محەمەدی براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەڵێت گەلی ئێران دژی فەرمانڕەوایانی ئەو وڵاتە سەردەکەوێت


براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاستی نێرگز محەمەدی لە زیندانەوە لە وتارێکدا کە لەلایەن منداڵەکانییەوە خوێندرایەوە دەڵێت دواجار گەلی ئێران بەسەر ئەو زۆردارییەدا زاڵ دەبێت کە لەلایەن حکومەتێکەوە سەپێندراوە کە ڕەوایەتی و پشتگیری خەڵکی لە دەستداوە.

لە مانگی 10 دا کۆمیتەی نۆبڵی نەرویج خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەخشییە نێرگز محەمەدی تەمەن 51 ساڵ، ئەوەش بەهۆی شەڕەکەیەوە دژی " سەرکوتکردنی ژنان لە ئێران " و هاندان بۆ مافەکانی مرۆڤ بۆ هەمووان.

دووانە تەمەن 17 ساڵەکانی، کیانا و عەلی ڕەحمانی، لە مەراسیمێکدا لە هۆڵی شاری ئۆسلۆ کە سەدان میوان ئامادەی بوون خەڵاتەکەیان لە بری دایکییان وەرگرت، کە مەدالیایەکی ئاڵتون و بڕوانامەیەکە. خەڵاتەکە 11 ملیۆن کرۆنی سویدیشی لەگەڵدایە کە دەکاتە نزیکەی 1 ملیۆن دۆلار.

محەمەدی لە وتارەکەیدا کە لە زیندانی ئەڤینی تارانەوە نێردراوە، وتی بەرهەڵستی بەردەوام و ناتوندوتیژ باشترین ستراتیژین بۆ هێنانی گۆڕانکاری.

وتی " گەلی ئێران، بە سووربوونییەوە بەسەر سەرکوتکاری و زۆرداریدا زاڵ دەبێت. بەبێ هیچ گومانێک، ئەمە بە دڵنیاییەوە وادەبێت."

محەمەدی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان ڕووبەڕووی چەندین تاوان کراوەتەوە، لەوانەش بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. دوایین جار لە مانگی یانزەی ساڵی 2021 دا بوو دەستگیرکرا.

محەمەدی وتی " ئەم نامەیەش لە پشت دیوارە سارد و بەرزەکانی زیندانێکەوە دەنوسم." وتیشی خۆی و چالاکەوانانی دیکەش لە ئێران کۆشش دەکەن " تاوەکو لە ژیاندا بمێننەوە."

بەخشینی خەڵاتەکە بە محەمەدی ساڵێک دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ بوو لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا کە مەرگەکەی بووە سەرهەڵدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا، بە دروشی " ژن، ژیان، ئازادی."

ژنان بە کچە خوێندکارەکانیشەوە، سەرپۆشەکانییان لابرد و سوتاندییانن، دژی یاساکانی باڵاپۆشی زۆرەملێی ئێران وەستانەوە.

محەمەدی وتی " باوەڕمان وایە ئەو باڵاپۆشییە زۆرەملێیەی کە لەلایەن حکومەتەوە سەپێندراوە نە کارێکی ئاینییە و نە نەریتێکیشە، بەڵکو ئامڕازێکە بۆ کۆنتڕۆڵکردن و زاڵبوون بەسەر کۆمەڵگەدا."

ئێران ڕۆژئاوای بە بەرپرس دانا لە خۆپیشاندانەکان و کۆمیتەی نۆبڵی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دەستوەردان و بە سیاسییکردنی پرسی مافەکانی مرۆڤ.

محەمەدی وتی خۆپیشاندانەکە کە دروشمەکەی " ژن، ژیان، ئازادی " بوو، بە شێوەیەکی بەرچاو یارمەتیدەر بوو لە فراوانبوونی بەرهەڵستی سڤیل لە ئێران، سەرەڕای سەرکوتکارییەکانی حکومەت هێشتا هەر بەردەوام بوو.

وتیشی " ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی سڤیلی نێودەوڵەتی پشتگیری لە کۆمەڵگەی سڤیلی ئێرانی بکات، منیش هەموو هەوڵێکی خۆم لەو بارەیەوە دەدەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG