Accessibility links

یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنی حەمید نوری بەڕێوەدەچێت


یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنی حەمید نوری، یەکێک لە تۆمەتباران بە تاوانی بەشداریکردنی لە کوشتنکاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی 1988دا، ڕۆژی سێشەممە 10 ی مانگی هەشت لە شاری ستۆکۆڵمی سوید بەڕێوەچوو.

لە یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا، بڕیاری تۆمەتبارکردنی حەمید نوری خوێنرایەوە و داواکاری گشتیش باسی پرسی هێرشی سەربازی موجاهیدنی خەلقی کرد بۆ سەر ئێران کە هەڵسەنگاندنی ئاستی هێرشەکە وەک پرسێکی نێودەوڵەتی یان ناوخۆیی ئەتوانێت گرنگی خۆی هەبێت لە پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا.

بە پێی ڕاپۆرتی پەیامنێرێکی دەنگی ئەمەریکا کە بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی دادگاییکردنی حەمید نوری ڕۆیشتوەتە ستۆکۆڵم، لە یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا، پارێزەرانی بەرگری کار لە داواکاران و شایەتحاڵەکان قسەیان کرد و پرسی پێدانی قەرەبوو بە داواکارانیان تاوتوێ کردووە ئەگەر بێتو حەمید نوری تاوانبار بکرێت.

راپۆرتەکە هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە پارێزەری حەمید نوری تۆمەتەکانی بۆ سەر تۆمەتبار ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندوە ناتوانێت لە ئێستادا هیچ لێدوانێک لەسەر پرسی قەرەبووکردنەوە بدات.

تۆمەتباری دادگاکە، حەمید نوری-یە کە بە حەمید عەباسی ناسراوە و تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلان لە کوشتنکارییەکدا کە 33 ساڵ لەمەوبەر لە زیندانێکی ئێران ئەنجام دراوە.

بەپێی بڕیاری تومەتبارکردنەکە کە لە دادگا خوێنرایەوە، حەمید نوری لە کاتی کوشتنی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە زیندانی گۆهەردشت لە کەرەج لە ساڵی 1988 دا،جێگری دادوەر و یاریدەدەری جێگری داواکاری گشتی ئەو کاتە، واتە محەمەد مۆقیسە بووە.

نوری تۆمەتبارە بە کوشتن و لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانە کە ئەندامی ڕێکخراوە سیاسییەکانی وەک موجاهیدینی خەلق، فەدائیانی خەلق، حیزبی توودە و چەند حزبی سیاسی تر بوون.

حەمید نوری لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 لە گەشتێکدا بۆ سوید لە فڕۆکەخانەی ستۆکۆڵم دەستبەجێ دەستبەسەر کرا. ئەم کردەوەیە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی دادوەری جیهانی و یاسای سویدی و لە ژێر ناونیشانی تاوانە یاساییە جەماوەریەکان و تاوانی قورس یان تاوانی جەنگ و تاوانی کوشتن ئەنجامدرا. ئەم یاسایە ڕێگە بە دادگاکانی ناوخۆی وڵاتان دەدات کە تۆمەتباران لە دادگا ناوخۆییەکاندا، بەبێ گوێدانە نەتەوەو ئەوەی کە لە چی وڵاتێکدا تاوانەکەیان کردوە، دادگایی بکەن.

XS
SM
MD
LG