Accessibility links

داواکاری گشتی سوید جێگرێکی دادوەرێکی پێشووی کۆماری ئیسلامی بە تێوەگلان لە کوشتنی زیندانیانی سیاسی ساڵی 1988 بە فەرمی تۆمەتبار دەکات


داواکاری گشتی سوید بە فەرمی حەمید نوری، جێگری دادوەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتبارکردووە بە تاوانی بەشداریکردنی لە کوشتنکاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ساڵی 1988دا.

حەمید نوری، کە بەپێی راپۆرتەکان بە ناوی خوازراوی حەمید عەباسی یەکێک بووە لە دادوەرەکانی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی، لە مانگی یازدەی ساڵی 2019 دا بە بڕیاری دادگای سوید لە فڕۆکەخانەی ستۆکۆلم دەستگیرکرا.

لەئێستادا، داواکاری گشتی سوید حەمید نوری تاوانباکردووە بە پێشێلکاریی یاساکانی نێودەوڵەتی و کوشتنی بە ئەنقەستی زیندانیانی سیاسی موجاهیدین و چەپەکان.

لە بەیاننامەکەی دادگای سویددا ئاماژە بەوەکراوە کە لە نێوان 30 ی مانگی حەوت تا25 ی مانگی هەشتی ساڵی 1988 لە زیندانی گۆهەردەشتی کەرەجدا، ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیان لە سێدارە دراون حەمید نوری لەو کاتەدا دادوەر بووە لە زیندانی گۆهەر دەشتدا.

ئەمە یەکەمجارە یەکێک لەو کەسانەی تۆمەتبارە بەکوشتنی زیندانییە سیاسی ساڵی 1988، لەدادگایەکدا، دادگایی بکرێت.

ئیرەج مێسداقی، زیندانی سیاسی پێشوو و چالاکوانی مافی مرۆڤ لە پوستێکدا لە تویتەری خۆی هەواڵەکەی پشتڕاستکردوەتەوە و هەروەها ڕاگەینراوەکەی دادگای سویدیشی بڵاو کردوەتەوە.

بە پێی هەواڵێکی ڕادیو فەردا لەم بارەیەوە، حەمید نوری بڕیارە لە 10ی مانگی هەشتی 2021 دا بە تۆمەتی کوشتن و تاوانی گەورە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێت و ئەم دادگاییکردنەکەش نۆ مانگ دەخایەنێت.

لە ساڵی 1988 بە فەرمانی ئایەتوڵا خومەینی دۆسیەی چەندین هەزار زیندانی سیاسی کە پێشتر زۆرێکیان دادگایی کرابوون، دووبارە پێداچوونەوەیان بۆکرا و زۆریان سزای لە سێدارە دانیا بۆ دەرکرا.

لەسێدارەدانی ئەو زیندانیانە کە ئەندامی ڕێکخراوە سیاسییەکانی وەک موجاهیدینی خەلق، فەدائیانی خەلق، حیزبی توودە و چەند حزبی سیاسی تر بوون، بەبێ ئاگاداری و زانیاری بنەماڵەکانیان بوو و هەتاکو ئێستاش گۆڕی زۆرێک لەوانە نییە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی کە لە سێدارە دراون، تاکو ئیستا ڕاینەگەیاندوون، بەڵام ئایەتوڵا حوسێن عەلی مونتەزێری لە یاداشتەکانیدا نووسیویەتی ژمارەی ئەو کەسانەی لە سێدارە دران لە نێوان 2800 بۆ 3800 کەس بووە، بەڵام دژبەرانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن ژمارەی ئەو کەسانەی لە سێدارەدران زۆر زیاترن لەو ژمارانە.

پێشتریشوەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە دەمی دەستگیرکردنەکەیدا لە ساڵی 2019 پێشوازی لە دەستگیرکردنی حەمید نوری کرد.

XS
SM
MD
LG