Accessibility links

کۆمەڵە زانیارییەک سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا


لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە خراوەتە پاڵ ئیسڕائیل بەشی کونسوڵخانەی باڵیۆزی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لە ناوچوو، بەهۆیەوە لانیکەم 13 کەس کوژراون، دوو ئەندامی باڵای سوپای پاسدارانی ئێرانیشییان تێدا بووە. ئەمەش نیگەرانییەکانی سەبارەت بە پەرەسەندنی ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاد کردووە.

چی ڕوویدا؟

وەزارەتی بەرگری سوریا وتی دەوروبەری کاتژمێر 5 ی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ئیسڕائیل لە کونسوڵخانەکەی داوە کە دەکەوێتە ناوچەی مەزاوە، ناوچەکە نێردە دیبلۆماتییەکانی دیکە و ئۆفیسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی تێدایە.

بیناکە کە بەشی کونسوڵگەری باڵیۆزخانەی ئێران و ماڵی باڵیۆزی ئێران لە سوریا حوسەین ئەکبەری تێدا بووە، بە تەواوەتی لە ناوچووە.

ئەکبەری بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێرانی وت هێرشەکە " لە ڕێی فڕۆکەی ئێف - 35 ی شەڕکەرەوە ئەنجام دراوە و شەش موشەکی ئاڕاستەی بیناکە کردووە."

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە 13 ساڵ لەمەوبەر، ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی لە سوریادا ئەنجامداوە و ئامانجە ئێرانییەکان و ئەو گروپانەی کردووەتە ئامانج کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت.

ئامانجەکانی ئیسڕائیل لە هێرشەکانیدا بریتی بوون لە چەکدارانی حیزبوڵای لوبنان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەشەوە، ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی لە سوریا زیاتر کردووە، بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممە یەکەمین هێرش بوو بۆ سەر نێردەیەکی دیبلۆماتی ئێران لە سوریا.

ئیسڕائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشە ئاسمانییەکانی سەر سوریا دەدات، تاوەکو ئێستاش بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕۆژی دووشەممەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

کاردانەوەکان:

دەزگای میدیایی ئاکسیۆسی ئەمەریکایی لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە واشنتن بە تارانی وتووە کە دەستی نەبووە لەو هێرشەدا بۆ سەر کونسوڵخانەکە.

ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە پەیامێکدا کە لە ماڵپەڕی فەڕمی خۆی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " ڕژێمی زایۆنی دڕندە لەسەر دەستی پیاوە ئازاکانمان سزا دەدرێت. وایان لێدەکەین پەشیمان ببنەوە لەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەشییان."

سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسیش وتی هێرشەکە " بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت."

هاوپەیمانەکانی ئێرانیش لە دەرەوەی ناوچەکەش پشتیوانی خۆیان بۆ ئێران دەربڕیوە.

چین سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و ڕووسیاش لۆمەی ئیسڕائیلی کرد لەسەر " هێرشە قبووڵنەکراوەکەی."

وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی " پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە ".

حزبوڵای لوبنانیش وتی ئیسڕائیل باجی کوشتارییەکەی دەدات، وتیشی " دوژمن لەسەر کوشتارییەکانی سزا دەدرێت و تۆڵەی لێدەکرێتەوە."

حەماسیش بە " پەرەسەندنێکی مەترسیدار " ناویبرد.

وێنە گەورەکە چۆنە؟

گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری ئێران لە لوبنانەوە بۆ عێراق و یەمەن لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی ناو غەززەوە چەندین هێرشییان کردووەتە سەر ئامانجە ئیسڕائیلیەکان و هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

ئیسڕائیلیش کوشتنی فەرماندە ئێرانییەکان و فەرماندەکانی لایەنگری ئێرانییان لە لوبنان و سوریا زیاتر کردووە.

لە مانگی دوانزەدا لە هێرشێکی ئاسمانیدا کە خرایەپاڵ ئیسڕائیل فەرماندەی باڵای هێزەکانی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ڕازی موساڤی لە سوریا کوژرا.

کێ کوژرا؟

دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران دەڵێت 13 کەس بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەوە کوژراون، حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران و شەش سوریاییان تێدا بووە.
سوپای پاسدارانی ئێران وتی دوو فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە نێو کوژراوەکاندا بوون، ئەوانیش بریتی بوون لە جەنەڕاڵ محەمەد ڕەزا زەهیدی و جەنەڕاڵ محەمەد هادی حاجی ڕەحیمی.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و چاودێری ململانێکەی ناو سوریا دەکات وتی هێرشە ئاسمانییەکە بووەتە هۆی کوژرانی " هەشت ئێرانی و دوو سوریایی و لوبنانییەک، سەرجەمییان چەکدار بوون."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG