ڕۆژی سێشەممە ئێران هۆشداریدایە ئیسڕائیلی دوژمنی و وتی سزای دەدات لەسەر ئەو هێرشە ئاسمانییەی کە کردییە سەر پاشکۆی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق و بەهۆیەوە حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران کوژران کە دووانییان جەنەڕاڵ بوون.
لە هێرشەکەدا کە کرایە سەر بینایەکی پێنج نهۆمی هاوتا لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئێراندا چوار کەسی دیکە کوژراون و بیناکەش بە تەواوەتی ڕووخاوە، ئەمەش گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتەکەی زیاتر کرد.
ئیسڕائیل ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر هێرشەکە بدات، کە بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان کە بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسی هاوپەیمانی ئێرانەوە لە غەززە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە.
ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی بەڵێنیدا سزای ئیسڕائیل بدرێت.
خامنەئی لە پەیامێکدا کە لە ماڵپەڕی فەڕمی خۆی بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " ڕژێمی زایۆنی دڕندە لەسەر دەستی پیاوە ئازاکانمان سزا دەدرێت. وایان لێدەکەین پەشیمان ببنەوە لەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەشییان."
سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وەکو " پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان " ناویبرد و وتی " ئەمە بەبێ وەڵام تێپەڕ نابێت."
ڕەئیسی وتی " دوای شکستە یەک لە دوای یەکەکانی و شکستەکانی بەرامبەر باوەڕ و چەکدارانی بەرەی بەرخۆداندا، ڕژێمی زایۆنی کوشتنی کوێرانەی لە ئەجێنداکەیدا داناوە لە کۆشیشیدا بۆ ڕزگارکردنی خۆی."
لەسەر داوای ڕووسیای هاوپەیمانی سوریا، دواتر ڕۆژی سێشەممە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێی هێرشە ئاسمانییەکە دەکەن.
بەرپرسانی ئێران وتییان هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی حەوت ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران، دوو فەرماندەی هێزەکانی قودسیشیان تێدا بووە کە ئەو هێزە بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە دەرەوەدا، فەرماندەکانیش بریتی بوون لە جەنەڕاڵ محەمەد ڕەزا زاهیدی و جەنەڕاڵ محەمەد هادی حاجی ڕەحیمی.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە و چاودێری ململانێکەی ناو سوریا دەکات وتی هێرشە ئاسمانییەکە بووەتە هۆی کوژرانی " هەشت ئێرانی و دوو سوریایی و لوبنانییەک، سەرجەمییان چەکدار بوون."
باڵیۆزی ئێران لە سوریا حوسەین ئەکبەری بە کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئێرانی وت هێرشەکە " لەلایەن فڕۆکەی شەڕکەری F-35 ەوە ئەنجام دراوە " کە شەش موشەکی ئاڕاستەی بیناکە کردووە.
وتی تەنها دەرگای بیناکە ماوەتەوە و کە لەسەری نوسراوە " بەشی کونسوڵخانەی باڵیۆزی ئێران."
لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمیر عەبدوڵاهیان وتی ئەمەریکاش بەرپرسە لە هێرشەکە، بەڵام بەرپرسێکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە کە " ئەمەریکا دەستی لەو هێرشەدا نەبووە و پێشوەختیش ئاگاداری نەبووە."
نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا و وتی هێرشەکە " ڕەنگە ببێتە هۆی ململانێی زیاتر لە نێوان وڵاتانی دیکەشدا "، هەروەها داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد " سەرکۆنەی ئەم تاوانە بێ بیانووە بکەن."
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و وتی " پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە ". ڕووسیاش لۆمەی هێزی ئاسمانی ئیسڕائیلی کرد لەسەر " هێرشە قبووڵنەکراوەکە دژی کونسوڵخانەی ئێران لە سوریا."
جەنگەکەی ناو غەززە بە هێرشی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەستیپێکرد، جەنگەکەش بووەتە هۆی خستنەوەی گرژیی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەوە، گروپە چەکدارییەکانی ناو عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت چەندین هێرشییان کردووەتە سەر ئامانجە ئیسڕائیلی و ڕۆژئاواییەکان.
سەرچاوە/ فرانس پرێس