Accessibility links

چەند دەروازەیەکی سنوری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە چەند کاتژمێرێک دوای داخستنیان لە لایەن ئێرانەوە


دوای ئەوەی ئێران ڕۆژی هەینی بۆ چەند کاتژمێرێک جوڵەی گەشتیارانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران لە ڕێگەی دەروازە سنورییەکانی پەرویزخان و حاجی ئۆمەرانەوە داخست، بەرپرسانی دەروازە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمریکایان ڕاگیاند کە ئێران ئاگاداری کردونەتەوە لەوەی جارێکی تر دەرگا بەڕووی گەشتیاراندا دەکاتەوە.

بەڵام بەرپرسانی هەرێم لە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و مەرزی پشتە و شۆشمێ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە ڕایانگەیاند کە هیچ کێشەیەک لە جوڵەی سنوری ناوچەکەیان ڕووینەداوە.

عەباس ئیسماعیل، بەڕێوەبەری دەروازەی پەرویزخان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ دەروازەکە بەڕووی گەشتیاران دا داخرا، بەڵام درەنگانێکی ئێوارە جارێکی تر ئاگادار کراینەوە لە ئاساییکردنەوەی جوڵەی گەشتیاران."

بەرپرسێکی تری هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە لەوەدەچێت داخستنەکە پەیوەندی بە جوڵەی سەربازی ئێران لەسەر سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە بێت هەرچەندە ئێرانیەکان پێیانگوتوون کە داخستنەکە بە هۆی کێشەی تەکنیکیەوە بووە.

بەرپرسەکە ڕایگەیاند، "بڕیاری ڕاگرتنی هاتووچۆی گەشتیاران هاوکاتبوو لەگەڵ ناردنی هێز لە لایەن ئێرانەوە بۆ سنورەکان. پێدەچێت بڕیارە چەند کاتژمێرییەکەی ئێران پەیوەندی بە جوڵەی هێزەوە هەبێت لە سەر سنورەکان."

ئەو زیاتر ئاماژەی دا، "کاتێک ئێران دەروازەکانی بەڕووی گەشتیاران دا داخست، جوڵەی هێز هەبووە لەو دیوی سنور. لە هەر جێگەیەک جوڵەی هێز هەبێت، جوڵەی مەدەنی ڕادەگیرێت."

مەریوان کەریم لێپسراوی هۆبەی ڕاگەیاندن لە پەیوەندیەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" هاتووچۆکردنی بازرگانی و گەشتیاری لە مەرزی باشماخ ئاساییەوە و هیچ بڕیارێک نیە بۆ ڕاگرتنی و بەشێوەی 24 کاتژمێری چوون و هاتن هەیە.

سەبارەت بە ڕاگرتنی بازرگانی لە مەرزەکە و داخستنی لەلایەن ئێرانەوە ڕایگەیاند" بەبەردەوامی پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران هەیە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو جۆرەیان نیە کە هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاری ڕابگرن "

سەبارەت بە کۆکردنەوەی هێز لە سنوری نێوان ئێران و هەرێم ڕایگەیاند " هیچ بارودۆخێکی نائاسایی نەبینراوە، هیچ شتێکی نائاسایی نیە هەموو شتەکان وەک خۆیانە و بە شێوەی 24 کاتژمێری مەرزەکە کراوەیە."

سەبارەت بە مەرزی پشتە و مەرزی شۆشمێ لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە سەرچاوەیەک بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند هیچ جوڵەیەکی نائاسایی و زانیاریەک نیە بۆ ڕاگرتنی جوڵەی بازرگانی کە لە هەردوو مەرزەکە تەنها بازرگانی سنوردار دەکرێت .

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، ئێران هیچ ڕاگەیەنراوێکی فەرمی لەبارەی هۆکاری ڕاگرتنی جوڵەی گەشتیاری بۆ ماوەی ئەو چەند کاتژمێرە لە پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانەوە بڵاونەکردووەتەوە. بەڵام هەنگاوەکە هاوکاتبوو لەگەڵ ڕاگەیەنراوی فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ ڕەوانەکردنی هێزی زیاتر بۆ سنورەکان.

ئەمڕۆ هەینی، محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی وشکانی ئێران، ڕایگەیاند "دوای جوڵەی گروپە جودا خوازەکان،" یەکەی زرێپۆش و هێزی تایبەتی وشکانی بە درێژایی سنوری ئێران و عێراق جێگیر دەکەن.

XS
SM
MD
LG