Accessibility links

گروپەکانی مافی مرۆڤ: هێزەکانی ئاسایشی ئێران سەرکوتکارییەکانیان لە ناوچە کوردییەکاندا زیاتر دەکەن و 4 کەس کوژراون


گروپەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەیان بەوەداوە دەسەڵاتدارانی ئێران سەرکوتکارییەکانیان دژی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا زیاتر کردووە، هێزییان ڕەوانەی ئەو ناوچانە کردووە و ڕۆژی یەکشەممە لانیکەم چوار خۆپیشاندەر کوژراون.

لە مانگی نۆدا ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا، ئەوەش بووە هۆی کەوتنەوەی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا. خۆپیشاندانەکانیش بە زۆریی لەو ناوچانەدا بەتینترن کە زۆرینەیان کوردن.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، کاروانی ئوتومبێلە سەربازییەکان دەبیندرێت بە چەکی قورسەوە کە گوایە لە شاری مهابادن. لە چەند ڤیدیۆیەکی دیکەدا دەنگی تەقەی چەکی قورس دەبیسترێت.

گروپی مافەکانی مرۆڤی هەنگاو کە بنکەکەی لە نەرویجە وتی کۆپتەرە سەربازییەکان کە سەربازانی سوپای پاسدارانی ئێرانییان پێبووە ڕەوانە کراون بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکانی شاری مهاباد سەرکوت بکەن.

مولاڤی عەبدولحەمید کە مەلایەکی سوننەیە و کەسایەتیەکی دیارە داوای لە هێزەکانی ئاسایشی کرد خۆیان بە دووربگرن لە تەقەکردن لە خەڵکەکە لە مهاباد.

وتی " هەواڵی بێزارکەن دەبیستین لە ناوچە کوردییەکانەوە، بە تایبەتی لە مهابادەوە، فشار و سەرکوتکارییەکان دەبنە هۆی ناڕەزایی زیاتر. ئەفسەران دەبێت خۆیان بە دوور بگرن لە تەقەکردن لە خەڵکەکە."

هەنگاو وتی لانیکەم چوار کەس لە ناوچە کوردییەکان کوژراون. دەزگای هەواڵی ئێران خۆپیشاندانەکانی لە مهاباد پشتڕاست کردەوە و وتی ئارامی گەڕێندراوەتەوە بۆ ناوچەکە. بەڵام چالاکەوانان و هەنگاو دەڵێن " بەرخۆدانەکە " لە چەند شارێکی دیکەی کوردەکان بەردەوامە.

هەنگاو وتی " لە شاری مەریوان هێزە سەرکوتکارەکان تەقەیان لە خەڵکەکە کردووە."

سەرەڕای سزاکانی مەرگ و سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران دژی خۆپیشاندەران، خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە گەیشتە سێیەم مانگییەوە.

دەزگای هەواڵی چالاکەوانانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت تاوەکو ڕۆژی شەممە 410 خۆپیشاندەر لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون، 58 کەسیان لە خوار تەمەنی پێگەیشتووەوە بوون. نزیکەی 54 ئەندامی هێزەکانی ئاسایشیش کوژراون، وتیشی زیاتر لە 15,251 کەس دەستگیرکراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG