Accessibility links

عومەری ئیلخانیزادە باس لە یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان دەکات


عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشا، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران، یەکگرتنەوەی خۆیان ڕادەگەیەنن.

لە مەڕاسیمێکی ڕۆژی یەشەممەدا لە ستۆکۆڵم پایتەختی وڵاتی سوید بە ئامادەبوونی عەبدوڵا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بەڕێوە چوو، یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵە ڕاگەیاندرا.

عەبدوڵای موهتەدی لە وتارەکەیدا لە کۆنفرانسەکە ڕایگەیاند " دوای ساڵ و نیوێک لە کاری چڕوپڕ، دوای تێپەڕکردنی یەک دوو گیروگرفت کە هاتبووە ئاراوە، خۆشبەختانە دەتوانم ئەمڕۆ بە ڕەسمی یەکگرتنەوەی کۆمەڵە ڕابگەیەنم."

عومەری ئیلخانیزانە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە و گوتی " یەکگرتنەوە دەبێت و هەمان ناوی کە پێشتر هەمانبوو کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێرانمان دەبێت."

سەبارەت بە پۆستە حزبییەکانیش بەڕێز ئیلخانیزادە گوتی " هەر وەک ئەو وەختەی کە چۆن بووین، کاک عەبدوڵای موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی داهاتوو دەبێت و هەروەک چۆن ڕێککەوتین منیش جێگری سکرتێر دەبم. دیارە هەموو ئەم ڕێککەوتنەش دەچێتە کۆنگرەیەکەوە، کۆنگرەیەکی هاوبەش دەبەستین. هەموو ئۆگان و کاروبارەکان وێکدەخەینەوە."

سەبارەت بە ڕوانینی هەردوو کۆمەڵە و چارەسەکردنی ئەو کێشانەی کە بوون بەهۆی لێکترازانی حزبەکە بەڕێز ئیلخانیزادە دەڵێت "پێم وایە لە دەورەی دابڕانیشدا، یەک گوتار و یەک نەزەربوین لەم کوردستانە. ئەم کاتە کاتێکی تایبەتە ئێمە هاودەنگین لە وتاردا و هاودەنگین لە همووشتێکدا نەک هەر ئەو دوو لایەنە بەڵکو تێدەکۆشین هەمو پتانسیۆلێکی کە کۆمەڵە هەیەتی لە ناوەوەو لە دەرەوە یەک خەینەوەو لە خزمەت بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستانی بنێین و لە خزمەتی شۆڕشی ژینادابێت."

کەسایەتیە کوردەکانی ئێران و لایەنگرانی ئەم حزبانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆشحاڵی خۆیان لەم بارەیەوە دەربڕیوە و زۆربەیان دەستخۆشییان لە ڕابەرانی حزبەکەیان کردووە.

یەکگرتنەوەی ئەم دوو حزبە لە کاتێکدایە ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی ئێران لەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی ئەو کچە کوردەی لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرە ملێ دەستبەسەرکرابوو، لە 16 ی مانگی 9 ی ئەمساڵەوە بەردەوامە هەندێک بە شۆڕشی ژینا دژ بە کۆماری ئیسلامی ئیران ناودێری دەکەن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە ساڵی 2007 بە سەرۆکایەتی عەمەر ئیلخانیزادە لە کۆمەڵەی شۆڕشتێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران جیابووەوە.

جێی وەبیرهێنانەوەیە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستانیش پاش نزیکەی 16 ساڵ لە جیابوونەوەیان لە مانگی هەشتی ئەم ساڵ یەکیان گرتەوە.

XS
SM
MD
LG