Accessibility links

نێرگز محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی سزایەکی نوێی بەسەردا دەسەپێندرێت


نێرگز محەمەدی
نێرگز محەمەدی

نێرگز محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کە لە ئێران زیندانیکراوە، خێزانەکەی دەڵێت دادگایەکی ئێران سزای زیاتر لە ساڵێکی دیکەی زیندانی بەسەردا سەپاند، ئەوەش بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە لە زیندانەوە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

خێزانەکەی محەمەدی لە بەیاننامەیەکدا وتی دادگای شۆڕشگێڕی ئێران سزای 15 مانگ زیندانی بەسەر محەمەدیدا سەپاند، ئەمەش لە دادگاییکردنێکدا کە محەمەدی بایکۆتی کردبوو.

هەروەها فەرمانی پێکراوە دوو ساڵ بە دەربەدەری لە دەرەوەی تاران بەسەربەرێت، قەدەغەکردنی گەشتی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەسەردا سەپێندراوە، هەروەها بەکارهێنانی مۆبایلی بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر قەدەغەکراوە، ئەم کۆتوبەندانەش دوای ئازادکردنی جێبەجێ دەکرێن.

خێزانەکەی وتی ئەمە پێنجەمین جارە لە مانگی سێی ساڵی 2021 ەوە محەمەدی تاوانبار بکرێت، ئێستا سزاکەی دەگاتە 12 ساڵ زیندانیکردن و 154 جار لێدانی بە قامچی، دوو ساڵ ژیان لە دەربەدەری و چەندین کۆتوبەندی کۆمەڵاتی و سیاسیی.

خێزانەکە سەرکۆنەی بڕیارەکەی دادگای کرد و وتی " بەیاننامەیەکی سیاسیی " بووە کە تێیدا جەختی لەو تۆمەتانە کردووەتەوە کە گوایە " محەمەدی ڕای گشتی و تاک دژی ڕژێمی ئیسلامی دەوروژێنێت لە پێناو ئەوەی پشێوی و کاری تێکدەرانە بخاتەوە."

خێزانەکەی محەمەدی لە مانگی دوانزەی ساڵی 2023 دا لە بری محەمەدی لە ئۆسلۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییان وەرگرت، ئەوەش بەهۆی چالاکییەکانییەوە لە مافەکانی مرۆڤدا لە ئێران ئەو خەڵاتەی پێبەخشرا.

محەمەدی تەمەن 51 ساڵ لە بیست ساڵی ڕابردووی ژیانیدا زۆربەی کاتەکانی لە زینداندا بەسەربردووە. لە مانگی یانزەی ساڵی 2021 ەوە تاوانبار کراوە و لە زینداندایە.

پێشتریش سزای 27 مانگ زیندان و چوار مانگ پاککردنەوەی شەقامەکان و کاری کۆمەڵایەتی بەسەردا سەپێندراوە.
تاوەکو ئێستا تەنانەت لە زیندانیشدا محەمەدی بەردەوامە لە چالاکییەکانی، بەرپرسانی ئێران تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی ڕێکخراو، بە تایبەتیش ڕەخنە لە سزای مەرگ دەگرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG