ڕۆژی پێنجشەممە ئێران ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکای کردبێتە ئامانج و وتی بێ بنەمان، ئەوەش دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ئێرانی تێوەگلاند لەو هەوڵانەدا کە دراون بۆ کوشتنی.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی وتی " ئەوە ئاشکرایە کە ئەم جۆرە تۆمەتانە تەنها بەشێکن لە دروستکردنی کەشێکی هەڵبژاردن لە ئەمەریکا، تەنانەت شایەنی وەڵامدانەوەش نین."
ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە وتی ڕەنگە ئێران لە پشت هەوڵەکانی ئەمدواییانەوە بووبێت بۆ کوشتنی و پێشنیاری ئەوەی کرد کە ئەگەر خۆی سەرۆک بووایە و وڵاتێکی دیکە هەڕەشەی لە بەربژێرێکی سەرۆکایەتی بکردایە ئەوا " بە تەواوەتی لە ناویدەبرد."
ترامپ لە بۆنەیەکدا لە مینت هیڵی نۆرث کارۆلاینا وتی " دوو هەوڵ دران بۆ کوشتنم، لەوانەیە بەشداربووبێتن و لەوانەشە بەشدار نەبووبێتن، بەڵام ئەگەری هەیە ئێران بەشدار بووبێت، بەڵام بە ڕاستی نازانم."
لێدوانەکانی ترامپ دوای ئەوە بوون کە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریکا ڕۆژێک پێش ئەوە پێیان وتووە کە " هەڕەشەی ڕاستەقینە و دیاریکراو هەبوون لەلایەن ئێرانەوە بۆ کوشتنی." ئەمەش بەپێی هەڵمەتەکەی ترامپ.
بەرپرسانی فیدڕاڵ لێکۆڵینەوە لەو هەوڵی کوشتنانە دەکەن کە ترامپییان کردووەتە ئامانج لە یاریگای گۆڵفەکەی لە ناوەڕاستی مانگی نۆدا و هەروەها لە مانگی حەوتیشدا لە پێنسلڤانیا کاتێک ڕاستەوخۆ تەقەی لێکرا و گوێی بریندار بوو. تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی گشتی نەبووە لەلایەن دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاساوە لەسەر بەشداریی ئێران یاخود وڵاتێکی دیکەی بیانی لەو دوو ڕووداوەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز