Accessibility links

هەنتەر بایدن بە تاوانی درۆکردن لەسەر بەکارهێنانی دەرمانی هۆشبەر بۆ کڕینی چەک تاوانبار دەکرێت


هەنتەر بایدنی کوڕی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی سێشەممە لەلایەن دەستەیەکی سوێندخۆرانی دادگایەکەوە بە تاوانی درۆکردن سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانی هۆشبەر بۆ کڕینی چەکێک بە شێوەیەکی نایاسایی تاوانبارکرا، ئەمەش لە بڕیارێکدا کە دیموکراتەکان ڕەنگە بەکاریبهێنن دژی بانگەشەکەی ترامپ کە دەڵێت سیستمی داد لە وڵاتەکەدا تەرخانکراوە بۆ ئەوەی دژی ئەو بجووڵێتەوە.

دەستەیەکی سوێندخۆران کە لە 12 ئەندام پێکهاتوون لە ویلمینگتنی ویلایەتی دیلاوێر لە دادگایەکی فیدڕاڵیدا بڕیاریاندا کە بەرگریکار هەنتەر بایدن بە سێ تۆمەت کە ئاڕاستەی کراون تاوانبارە، ئەمەش وادەکات هەنتەر بایدن یەکەمین کوڕی سەرۆکێکی ئەمەریکا بێت بە تاوانێک تاوانبار بکرێت.

هەنتەر بایدنی تەمەن 54 ساڵ کاتێک کە فەرمانەکەی بەسەردا خوێندرایەوە بە هێواشی سەری لەقاند و هیچ کاردانەوەیەکی دیکەی نەبوو. دواتر دەستی خستە سەر شانی پارێزەرەکەی ئابی لۆویڵ و باوەشی بە ئەندامێکی دیکەی تیمە یاساییەکەیدا کرد. دواتر بەبێ ئەوەی هیچ لێدوانێک بدات دادگاکەی جێهێشت.

جۆو بایدنی باوکی لە بەیاننامەیەکدا وتی بە ئەنجامی دادگاییکردنەکە ڕازییە و ڕێز لە پڕۆسە دادوەرییەکە دەگرێت لە کاتێکدا کە کوڕەکەی بیر لەوە دەکاتەوە تانە لە بڕیارەکەی دادگا بدات.

دادوەرەکە هیچ بەروارێکی دیاری نەکرد بۆ سزادانی هەنتەر بایدن، بەڵام وتی بەروارەکە بە شێوەیەکی ئاسایی لە ماوەی 120 ڕۆژی داهاتوودا دەبێت. ئەوەش وادەکات سزادانی هەنتەر بایدن بکەوێتە مانگێک پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە کە بڕیارە لە 5 ی مانگی یانزەی ئەم ساڵدا بەڕێوەبچێت.

ڕێنماییەکانی سزادانی ئەو کەسانەی کە بە تاوانی چەک تاوانبار دەکرێن زیندانیکردنە بۆ ماوەی 15 بۆ 21 مانگ، بەڵام شارەزایانی یاسایی دەڵێن بەرگریکارانی دیکە کە دۆسییەی هاوشێوەیان هەبووە سزایەکی زیندانی ماوە کورتترییان هەبووە و ئەگەر بە مەرجەکانی ئازادکردنی پێش دادگاییکردن ڕازی ببن ئەوا پێناچێت زیندانی بکرێن.

بەپێی ڕاپرسییەکی ڕۆیتەرز و ئایپسۆس کە لە مانگی دوودا ئەنجامدراوە دەردەکەوێت کە نزیکەی لە سەدا 61 ی دەنگدەران پێیان وایە کێشە یاساییەکانی هەنتەر بایدن هیچ کاریگەرییەکی نابێت لەسەر ئەوەی ئایا دەنگ بدەن بە جۆو بایدنی باوکی لە هەڵبژاردنەکاندا یاخود نا. لە ڕاپرسییەکە دەنگدەران دابەش بوون لەسەر ئەوەی ئایا کێشە یاساییەکانی هەنتەر بایدن پەیوەندییان بە خزمەتەکەی باوکییەوە هەیە وەکو سەرۆک یان نا.

سەرۆک بایدن ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا وتی " وەکو هەفتەی پێشوو وتم، من سەرۆکم، بەڵام من باوکیشم. من و جیڵ کوڕەکەمان خۆشدەوێت، هەروەها زۆر شانازیشی پێوە دەکەین لەسەر ئەوەی بووە بەو پیاوەی کە ئێستا هەیە. زۆرێک لە خێزانەکان کە خۆشەویستانییان ڕووبەڕووی ئاڵوودەبوون بوونەتەوە لەو هەست بە شانازییە تێدەگەن کە دەبینن کەسێک کە خۆشت دەوێت لەو ئاڵوودەبوونە ڕزگاری بووە و ئازا و بوێر بووە لە چاکبوونەوەکەیدا."

وتیشی " هەر وەکو چۆن هەفتەی ڕابردوو وتم، دەرەنجامی ئەم دۆسییەیە پەسەند دەکەم و بەردەوام دەبم لە ڕێزگرتن لە پڕۆسەی دادوەریی لە کاتێکدا کە هەنتەر بیر لە تانەدانێک دەکاتەوە. خۆم و جیڵ بە خۆشەویستی و پشتیوانیمانەوە هەمیشە لەگەڵ هەنتەر و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەدا دەبین. هیچ شتێک هەرگیز ئەوە ناگۆڕێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG