Accessibility links

ڕاپـۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی سێ ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان لە ماوەی ساڵی 2020 دا.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا چەند بەشێکی ڕاپـۆرتەکە، ئەوانەی لە بارەی ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستانن کردووەتە کوردی.

کورتەیەک لەبارەی ڕاپـۆرتەکەی تورکیا کە لە 84 لاپەڕە پـێکهاتووە

تورکیا کۆمارێکی دەستوورییە و سیستمی سەرۆکایەتی جێبەجێکاری هەیە و پەرلەمانێکی 600 کورسی (ئەنجومەنی نیشتمانی مەزن) ی هەیە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی ساڵی 2018دا، ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری لە ئەوروپا، نیگەرانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە سنووردارکردنی راپۆرتی میدیا و ژینگەی هەڵمەتی هەڵبژاردن، لەوانە زیندانیکردنی کاندیدێکی سەرۆکایەتی کە توانای کاندیدەکانی ئۆپۆزسیۆنی سنووردارکرد بۆ کێبڕکێ کردن بە شێوەیەکی ئازادانە و یەکسانانە.

پۆلیسی نیشتمانی و جەندرمە، لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی ناوخۆ،بەرپرسیارن لە ئاسایشی ناو شارو ناوچە دووردەستەکان و ناوچە سنووریەکان. بە شێوەیەکی گشتی لەشکر بەرپرسیارە بەرامبەر کۆنترۆڵکردنی سنوور و ئاسایشی دەرەوەیی.

دەسەڵاتدارانی مەدەنی کۆنترۆڵی کاریگەریان لەسەر بەرپرسانی جێبەجێکردنی یاسا هەیە، بەڵام میکانیزمەکانی لێکۆڵینەوە و سزادانی خراپ و خراپە کاری وەک پێویست نییە. ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش چەندین پێشێڵکارییان ئەنجام داوە.

لە ژێر یاسای دژە تیرۆری فراوان کە لە ساڵی 2018 دا پەسەندکرا حکومەت بەردەوام بوو لە بەرتەسککردنەوەی ئازادییە بنەڕەتییەکان و پێشێلکردنی فەرمانی یاسا.

لە دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016وە، دەسەڵاتداران زیاتر لە 60 هەزار پۆلیس و سەربازیان لە کار دوورخستەوە و نزیکەی 125 هەزار فەرمانبەری مەدەنییان دەرکرد، یەک لەسەر سێی دەسەڵاتی دادوەریان لە کارەکانیان لادازیاتر لە 90 هەزار هاووڵاتیان دەستگیرکرد وە زیاتر لە 1500 ڕێکخراوی ناحکومییان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تیرۆر داخست، بە تایبەتی بە تۆمەتی پەیوەندی بە بزوتنەوەی فەتحوڵا گولەن کە حکومەت تۆمەتباری کرد بە پالانداڕێژەری سەرەکی کودەتاکە.

کێشە گرنگی تری مافەکانی مرۆڤ بریتی بوون لە: ڕاپۆرتەکان لەسەر کوشتنی هەڕەمەکی؛ کوشتنی گوماناوی خەڵکی لە زینداندا؛ بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان؛ دەستگیرکردنی هەڕەمەکی و زیندانی کردنی بەردەوامی دەیان هەزار کەس، لە ناویاندا سیاسەتمەدارانی ئۆپزسیۆن و ئەندامانی پێشوی پەرلەمان، پارێزەران، ڕۆژنامەوانان، چالاکوانانی سڤیل، و کارمەندانی ئەرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوەی گوایە پەیوەندییان بە گروپی " تیرۆرستی" یان وتارێکی ڕێگەپێدراوی ئاشتیانەوە هەیەبووە. بوونی زیندانی سیاسی، لە ناویاندا کاربەدەستە هەڵبژێردراوەکان؛ تۆڵەکردنەوەی سیاسیانە دژی ئەو کەسایەتییانەی لە دەرەوەی وڵات دەژین؛ کێشەی بەرچاو لەگەڵ سەربەخۆیی دادوەری؛ سنووردارکردنی توند لەسەر ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەگەری و ئینتەرنێت، لەوانە توندوتیژی و هەڕەشەی توندوتیژی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، داخستنی دەزگای ڕاگەیاندن، و دەستگیرکردنەکان بەبێ شیکردنەوەی هۆکار یان دادگاییکردنی ڕۆژنامەوانان وەکو تاوانبار و یان ئەوانەی کە ڕەخنە لە سیاستەکانی حکومەت یان کاربەدەستان دەگرن، سانسۆرکرن و بلۆککردنی ماڵپەرەکان؛ چەندین کۆت و بەند بۆ سەر ئازادی کۆڕو کۆبونەوە، ڕێکخراو، بزوتنەوە؛ هەندێک حاڵەتی دووبارە ئاوارەکردنەوەی پەنابەران و توندوتیژی دژ بە ژنان و هاوڕەگەزخوازەکان و ئەندامانی کۆمەڵگە کەمینەکان.

حکومەت هەنگاوی سنوورداری ناوە بۆ لێکۆڵیەنەوەکردن، دادگایی کردن و سزادانی ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش و کاربەدەستانی تری کە تۆمەتبارکراون بە ئەنجامدانی سەرپێچیکردن لە مافەکانی مرۆڤ. لێخۆشبوون کێشەیەکی گەورەیە.

پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایش و ڕێکخراوی تیرۆرستی پارتی کرێکارانی کوردستان و دارودەستەکەی بەردەوامە، هەرچەندە ئاستەکەی کەمتربووەتەوە بەبەراورد لەگەڵ ساڵێک پێشتر، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوون یان کوشتنی هێزەکانی ئاسایش، تیرۆرستان و خەڵکی سڤیل.

حکومەت زانیاری بڵاونەکردەوە دەربارەی هەوڵەکان بۆ لێکۆڵینەوە یان دادگایی کردنی کارمەندان بۆ کوشتنی بێمەبەست یان بە مەبەستی ئەو هاووڵاتیە سڤیلیانەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژە تیرۆردا کوژراون.

* کوشتنی بە ئەنقەست یان بە مەبەستی سیاسی:

دەنگۆی باوەڕپێکراو هەبوو کە حکومەت بەشداری کردووە لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە پەیوەندی بە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆرستی پارتی کرێکارانی کوردستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، هەرچەندە لە ئاستێکی کەمتردا بوو بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر. پەکەکەش بەردەوام بوو لە بە ئامانجکردنی خەڵکی سڤیل لە هێرشەکانیدا؛ حکومەتیش بەردەوام بوو لە کارکردنی بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکان.

بە گوێرەی گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی، لە 1ی مانگی یەکەوە هەتا 10ی مانگی دوانزە ، لە شەڕ و پێکدادانەکانی پەیوەندیداربە پەکەکەوە، 35 هاووڵاتی سیڤیل، 41 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و 235 چەکداری پەکەکە لە هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات کوژراون. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، حکومەت لە شەڕی لەگەڵ پەکەکەدا، ڕێوشوێنێکی کەمی گرتەبەر بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی.

پەکەکەش بەردەوام بوو لە هەڵمەتە سەرتاسەرییەکانی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و لە هەندێک حاڵەتدا هاووڵاتیانی مەدەنیش. بۆ نموونە لە 14 ی مانگی 5 تیرۆریستانی پەکەکە هێرشیان کردە سەر کارمەندانی فریاگوزاری لە شاری وان دوو کەسیان کوشت و کەسێکیشیان بریندار کرد. لە 18ی مانگی شەش بە پێی ڕاپۆرتان پەکەکە هێرشی کردە سەر بارهەڵگەرێکی سووتەمەنی بۆ کاری رێگاوبان لە پارێزگای شەرناخ بە چاندنی بۆمب. بەهۆی تەقینەوەی ئەو بۆمبە چوار سەرنشینی نێو بارهەڵگرێک کوژران.

چەند راپۆرتێکی باوەڕپێکراو هەبوو کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیا لە دەرەوەی سنوورەکانی، بووەتە هۆی مردنی هاووڵاتیانی مەدەنی. ڕۆژی 25ی شەش، هێرشێکی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر گروپی تیرۆریستی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، بەلانیکەمەوە شەش هاووڵاتی مەدەنی لە عێراق بریندار کرد.بە گوێرەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە، ڕۆژی 19ی شەش، هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە، سێ هاوڵاتی مەدەنی لە هەمان هەرێمی عێراقدا کوشت.

شایەتحاڵەکان، چاودێرێکی ناوخۆیی مافەکانی مرۆڤ و میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند، هێرشێکی کە لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە یان گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، ئەنجام دراوە لە 16ی مانگی 10 لە ناوچەیەکی دووردەستی عەین عیسای سوریا گەنجێکی کوشتووە و ژمارەیەکی تریش بریندار بوون، هەلومەرجی ئەو ڕووداوە مشتومڕلەسەرە. سەرچاوەکانی فەرمی حکومەتی تورکیا دەڵێن وەڵامی هێرشی دوژمنیان داوەتەوە لەو ڕۆژەدا لەو ناوچەیەی کە ڕووداوەکە لێی ڕوویداوە، کە چوار بۆ شەش شەڕڤانی یەپەگە بە پێی ڕاپۆرتان کوژرابوون. حکومەتی تورکیا یەپەگە بە بەشێکی جیانەبۆوە لە ڕێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە دەزانێت.

دوابەدوای هێرشەکەی هێزە چەکدارییەکانی تورکیا لە باکوری سوریا لە مانگی 10 ی ساڵی 2019 کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بەردەوامن لە ڕاگەیاندنی ڕاپۆرتی چالاکوانانی خۆجێهی و میدیاکاران کە دەڵێن هێزەکانی ئۆپزسیۆنی سوریای سەر بە تورکیا بەردەوامن لە ئەنجامدانی سەرپێچیکردنی لە مافەکانی مرۆڤ، بە پێی ڕاپۆرتان دانیشتوانی کورد و ئێزیدی و خەڵکی دیکەی سڤیل دەکەن بە ئامانج، لە ناویاندا دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردنی خەڵکی سڤیل، ئەشکەنجەو توندوتیژی سێکسی، بە زۆر دەرکردن لە ماڵەکانی خۆیاندا، تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خەڵکی لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە.

* بـێسەروشوێن‌کردن:

گروپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیان لەسەر بێسەروشوێن کردن لەماوەی ساڵەکەدا بڵاو کردووەتەوە کە گوایە مەبەستی سیاسی لەپشت بووە. لە مانگی دووداباڕۆی ئانکەرە (سەندیکای پارێزەران) ، سکاڵایەکی لەسەر داواکاری گشتی ئانکەرە تۆمار کرد، بە ناوی حەوت پیاوەوە کە بەپێی راپۆرتەکان لەلایەن حکومەتەوە بێسەوشوێن کرابوون، کە لە ساڵی 2019دا لە زیندانی پۆلیسدا ڕوویداوە. یەکێک لەو پیاوانە، گۆخان تورکمان، کە فەرمانبەرێک بوو لەژێر باری نائاسایی دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 لە کار دوورخرایەوە، گوایە لە دانیشتنی پێش دادگاییکردندا کە بەرپرسانی هەواڵگری سەردانیان کردووە لە زیندان، هەڕەشەیان لە خۆی و خانەوادەکەی کردووە، داوایان لێکردووە لە بانگەشەکانی خۆی کە گوایە ڕفێنراوە و ئەشکەنجە دراوە لە کاتی گرتندا پاشگەزببێتەوە. شەش لەو حەوت پیاوە بە تاوانی تیرۆرسم زیندانی کرابوون. چارەنوسی ئەو حەوت کەسە نادیارە.

لە مانگی پێنجدا ئەندامی پێشووی هەدەپە توما چەلیک، بێسەروشوێن بوونی ژن و پیاوێکی کاسۆلیکی کلدانی ئاشوری لە گوندی کۆڤانکایا ڕاگەیاند، کە لە مانگی یەکەوە دیار نەماوەن و دەڵێنلەلایەن کەسانێکەوە ڕفێندراونکە خۆیان بە دەوڵەت یان گروپەکانی ناو دەوڵەت ناساندووە، کە رەنگە لەگەڵ ئەو گروپەچەکدارانەی سەر بە حکومەت بن. خەڵکانی تر لە ناویاندا گەواهدەران گوتیان پەکەکە بەرپرسیار بووە.

پیاوەکە بە ناویو هورموز دریل تا کۆتایی ساڵیش هەر بێ سەوشوێن بوو بەڵام مانگی سێدا کەسوکارەکەی تەرمی ژنەکەیان بە ناوی سیمۆنی دیرل لە ڕووبارێکی نزیک گوندەکە دۆزییەوە.

حکومەت ڕەتیکردەوە زانیاری لەسەر هەوڵەکانی ڕێگریکردن، لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەو جۆرە کارانە بدات.

* ئەشکەنجەدان و ڕەفتار و سزای توندی نامرۆڤانە:

دەستور و یاسا ئەشکەنجە و شێوازی تری دڕندانە و نامرۆڤانە و سوکایەتیکردن قەدەغە دەکات، بەڵام گروپە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ راپۆرتیانداوە کە هەندێک لە ئەفسەرانی پۆلیس و دەسەڵاتدارانی زیندان و یەکەی سەربازی و هەواڵگری ئەو کارانەیان کردووە.

ڕێکخراوەکانی خۆجێی مافەکانی مرۆڤ، بارۆی ئانکەرە، کەسایەتییە ناودارە سیاسییەکانی ئۆپزسیۆن، گروپە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ و لایەنەکانی تر ڕایانگەیاندووە کە نوێنەرانی حکومەت دەستیان لە هەڕەشە، مامەڵەی خراپ و شیانی ئەشکەنجەدانی هەندێک کەس هەبووە کاتێک دەستبەسەر بوون. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن زۆربەی جار ئەو کەسانەی بوون بە ئامانجی ئەم جۆرە ڕەفتارانە زیاتر ئەندامانی پەکەکە یان بزوتنەوەی گولەن بوون.

لە مانگی شەشدا ئیمر سۆیلو، ڕاوێژکاری پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی سەر بە هاوپەیمانی دەسەڵات (MHP) پەرلەمانتاری مێرسن ئۆلکای کیلاڤوز، لە ئەکاونتی تویتەرەکەیدا چەند وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە پیاوێک گوایە لەلایەن پۆلیسەوە لە یەکەی دژەتیرۆری دیاربەکرد ئەشکەنجە دراوە.کورتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەیەکی زۆر بڵاوبۆوە کە بریتی بوو لە هاواری پیاوێک لە هەمان بنکەی دیاربەکرد. سیاسەتمەدارە کوردەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ناویاندا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی تورکیا ئەو ڕووداوەیان شەرمەزار کرد و داوای لێکۆڵینەوەیان لە حکومەت کرد.

لە مانگی حەوتدا، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند بەڵگەی باوەڕپێکراو هەن کە پۆلیس و چاودێری شەوانەی کۆمەڵگای (بێکیس) پێشێلکاری ڕژدیان دژ بە 14 کەس ئەنجام داوە، کە بریتین لە دەستگیرکردن و لێدانێکی توند، لە شەش رووداودا لە دیاربەکر و ئەستەنبوڵ.

لە چوار لەو دۆسێیانەدا، حکومەت تۆمەتەکانی ڕەتکردەوەو سەرکەوتووش نەبوو لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە. لە یەکێک لە دۆسێکانی 26 ی مانگی شەش دا، گوایە پۆلیسی دەمامکپێچراو داویەتی بەسەر ماڵی شارەوانی پێشوو و ئەندامی هەدەپە سەڤیل جەتین لە شاری دیاربەکرد، سەگی هێرشبەریان پێبووە و لێیان داوە. لە 28 ی مانگی شەش ئۆفیسی پارێزگاری دیاربەکرد بەیاننامەیەکی دەرکرد و ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە و گوتی کاربەدەستان لێکۆڵینەوەی لەبارەوە ناکەن.

لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکانی مانگی 9 دا ڕاگەیاندرا کە هێزەکانی جەندرمە دوو جوتیاریان لە پارێزگای وان دەستگیرکردووە پاشان لە هەلیکۆپتەر بەریانداونەتەوە لە بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا دژ بە پەکەکە. یەکێک لەو پیاوانە بەهۆی برینداربوونی گیانی لەدەستدا. ئۆفیسی پارێزگاری وان نکوڵی لەو تۆمەتە کرد و گوتی برینداربوونەکەیان لە ئەنجامی ئەوە بووە کە "ئەو پیاوانە لە ناوچەیەکی شاخاوی کەوتونەتە خوارەوە کاتێک کە هەوڵیان دا بوولە دەستی پۆلیس هەڵبێن." دادگایەک بە گوێرەی داواکاری گشتیی وان، هەموو ڕاپۆرتەکانی هەواڵی تایبەت بەو دۆسیەی، قەدەغەکرد. لە ڕۆژی 27ی مانگی 11 سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆ ڕایگەیاند، کە یەکێک لە گوندنشینان بە ناوی عوسمان شیبان، هاوکاریی تیرۆریستانی پەکەکەی دەکرد و هەر بۆیە دەسەڵاتداران ئەویان دەستگیر کردووە.

لە مانگی نۆ دا سەربازێکی کورد لە ئەدرنە بە پێی ڕاپۆرتان بەهۆی ناسنامەی نژادییەوە لەلایەن سەربازەکانی ترەوە لێی دراوە. فه مانداری هێزه کانی سوپای تورکیا لێکۆڵێنەوەیەکی له سه ر ڕووداوه ئەنجام دا.

حکومەت هیچ زانیارییەکی لەسەر هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کردارانە ڕانەگەیاندووە.

* بارودۆخی زیندانەکان:

بە شێوەیەکی گشتی زیندانەکان دەگەن بە ئاستی ئاسایی لە ڕووی بینا و کەرەستەی پێویستی بنچینەیی، بەڵام کێشەی بەرچاویان هەیە لە ڕووی قەرەباڵغییەکی زۆر و ڕەشی زیندانیان.

* دەستگیرکردنی هەڕەمەکی:

بە پێی یاسا دەسگیرکردنی هەڕەمەکی و بەبێ هۆکار قەدەغەیە و مافی هەر کەسێک دابین دەکات کە بەرەنگاری یاساو یاسای گرتن یان دەستبەسەرکردن لە دادگا دا ببێتەوە، بەڵام چەندین ڕاپۆرتی باوەڕپێکراو دەریدەخەن کە حکومەت هەمیشە چاودێری ئەم داواکاریانەی نەکردووە.

گروپەکانی مافی مرۆڤ، ڕادەگەیەنن، کە لە دوای هەوڵی کودەتای 2016، دەسەڵاتداران بەردەوام بوون لە دەستگیرکدن و دادگایی کردنی سەدان هەزار کەس بە هۆی ئەوەی گوایە پەیوەندی بە بزووتنەوەی گولەن یان پەکەکەوە هەیەکە زۆربەی جاریش بە بیانوی گوماناوی بەبێ ئەوەی بە پرۆسەیەکی قانونیدا تێپەڕببێت.

* دادگاییکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ دەستگیرکراواندا:

بە پێی یاسا پێویستە داواکاری گشتی داوای فەرمانی دەستگیرکردن دەربکات، مەگەر گومانبارکە لە دەمی ئەنجامدانی تاوانەکەدا گیرابێت. ماوەی دادگاییکردن پێویستە بۆ چوار ڕۆژ درێژ بکرێتەوە. لە کاتێکدا بە شێوەیەکی گشتی یاسا مافی ئەوەی داوە بە زیندانیان کە دەستیان بە پارێزەر ڕابگات، ڕێگە دەدات داواکاری گشتی تەنها بۆ 24 کاتژمێر ڕێگری بکات. لە دۆسێ تاوانکارییەکاندا بە پێی یاسا دەبێت حکومەت پارێزەر بۆ تۆمەتبارەکە دابین بکات ئەگەر داوا بکەن. چاودێرانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاربەدەستان پارێزەریان دابین کردووە کاتێک تۆمەتبارەکە نەیتوانیوە پارێزەر بۆ خۆی دابین بکات.

هەندێک لە پارێزەران گوتویانە ئەوان دوودڵن لەوەی هەندێک دۆسێ وەربگرن بە تایبەتی دۆسێکانی ئەوانەی بە تۆمەتی پەکەکە گومانبارن یان پەیوەندییان بە بزوتەنەوەی گولەنەوە هەیە، چونکە لەوە دەترسن حکومەت تۆڵەیان لێبکاتەوە.

لە مانگی 9 هەدەپە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا دەڵێت گوایە پۆلیس لە چەند ڕووداوی جیاجیا لە دیاربەکر، ئەستەنبوڵ و پارێزگای ئاگری شەش ئەندامی ئەنجومەنی گەنجی هەدەپەی ڕفاندووە، ئازاری جەستەیی داون پاشان ئازادیان کردوون. هەدەپە ڕایشی گەیاند لە 4 ی مانگی 5 دا پۆلیس ئەندامێکی ئەنجومەنی هەدەپە هەتیجە بوسرا کویونی لە پارێزگای وان ڕفاندووە، بە زۆر بردوویانەتە نێو ئۆتۆمبێلەکە و هەڕەشەیان لێکردووە. پۆلیس لە هەمان ڕۆژدا کویونی ئازاد کردووە.

* زیندانیانی سیاسی:

ژمارەی زیندانیانی سیاسی لە کۆتایی ساڵدا بابەتێکی مشتومڕ لەسەر بوو. لە مانگی حەوتدا وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند حکومەت لەوەتای هەوڵی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 وە 282 هەزار و 790 کەسی لە پەیوەندی بەو ڕووداوە دەستگیرکردووە. 25 هەزارو 912 کەس لەوانە لە زینداندا ماونەتەوەو چاوەڕوانی دادگاییکردن دەکەن. ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەو بڕوایەدان 50 هەزار کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانی تیرۆر لە زینداندان. هەندێک لە چاودێران لەوبڕوایەدان بەشێکی ئەمانە زیندانی سیاسین، ئەو تۆمەتی حکومەت ڕەتی دەکاتەوە.

داواکارانی گشتی پێناسەیەکی فراوانیان بۆ تیرۆر و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی بەکارهێناوە و لە هەندێک حاڵەتدا بە وتەی پارێزەرانی بەرگری و گروپە ئۆپۆزسیۆنەکان، هەندێک شت بەکارهاتووە کە وەکو بەڵگە گومانیان لەسەرە لە ڕووی یاساییەوە لەوانەشدا لە دۆسێی ڕۆژنامەنووسان و سیاسەتمەدارانی ئۆپۆزسیۆن (بە شێوەیەکی سەرەکی هەدەپە) چالاکوانان و هەندێکی تر کە رەخنەلە حکومەت دەگرێن.

لە کۆتایی ساڵدا هەشت پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و 17 هاوسەرۆک شارەوانیی هەدەپە لە زینداندا بوون. بە پێی ڕاگەیاندنی هەدەپە لەوەتای ساڵی 2015 وە بەلایەنی کەم 5 هەزار ئەندام پەرلەمان، بەڕێوەبەر، و ئەندامی پارتەکە بە کۆمەڵێک بیانوی پەیوەست بە تیرۆرم و وتاری سیاسییەوە زیندانی کراون. حکومەت لەسەر بنچینەی ئاسایشی نیشتمانی 48 سیاسەتمەداری هەڵبژێردراوی خۆجێهی لە ناوچە زۆرینە کوردەکاندا لەکار لاداوە و بە گشتی 37 لەوانەی دەسگیر کردووە. حکومەت لە مانگی پێنجدا سەرۆک گوندی هەڵبژێردراوی 10 گوندی باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەی لەکار دوورخستەوە. تا مانگی هەشتی 2019 حکومەت زۆربەی ئەو سەرۆک شارەوانیانەی لە باشوری ڕۆژهەڵات هەڵبژێردرابوون لە کار دوورخستبۆوە، لە ناویاندا سەرۆک شارەوانیەکانی هەدەپەی شارە گەورەکانی دیاربەکر و ماردین و وان.

لە مانگی 9 دەسەڵاتداران هەردوو هاوسەرۆکی کارس ئایهان بلگەن و سەڤین ئالجای دەستگیر کرد وەکو بەشێک لە فەرمانی دەستگیرکردنی 101 کەس لە سەرانسەری حەوت پارێزگا لە ناویاندا، ئەندامانی پەرلەمانی پێشوی هەدەپە و کاربەدەستە باڵاکانی هەدەپە بەهۆی ئەوەی گوایە تێوەگلانیان لەخۆپیشاندانی کۆبانێ ی ساڵی 2014 لەو وڵاتە لە دژی بێ هەڵوێستی حکومەت لە وەڵامی هێرشەکانی داعش دژ بە شاری کۆبانێی زۆرینە کورد لە سوریا.

هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و کاندیدی پێشووی سەرۆک کۆماریی سەلاحەتین دمیرتاش لە ساڵی 2016ەوە بە تۆمەتی تیرۆر لە زینداندا هێڵراوەتەوە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی 2018 و 2020 دا کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا بڕیاری ئازادکردنی داوە.

لە مانگی شەشدا دادگای دەستووری بڕیاری دا کە دەستبەسەرکردنی درێژی پێش دادگاییکردنی دەمیرتاش پشێلکاری بووە لە مافەکانی، بەڵام حکومەت بەهۆی فەرمانی دووهەمی دەستبەسەرکردن لە زیندان ئازادی نەکردەوە کە بریتییە لە لێکۆڵینەوەی جیا و سەرچاوەی بۆ خۆپیشاندانی کۆبانێی دژە حکومەتی 2014 دەگەڕێتەوە.

لە مانگی نۆدا ئۆفیسی داواکاری گشتی ئانکەرەتاوانێکی نوێی لەژێر یاسای دژە تیرۆردا خستە پاڵ دەمیرتاش بۆ ڕەخنەکانی لە سەرۆکی داواکاری گشتی ئانکەرە لە دانیشتنێکی مانگی 1 دا. لە هەمان ڕۆژدا دادگایەکی ئانکەرەش فەرمانی دا دەستگیرکردنی دەمیرتاش بەردەوامبێت بەهۆی لێکۆڵینەوەکان لە خۆپیشاندانەکانی کۆبانێی دژ بە حکومەت. لە 22 ی مانگی 12 کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا فەرمانی دا تورکیا سەرپێچی لە مافەکانی دمیرتاش کردووە، لە ناویاندا ئازادی ڕادەربڕین، سەربەخۆیی و ئاسایش و داوای کرد دەستبەجێ ئازاد بکرێت. دوابەدوای ئەو بڕیارە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای تاوانبارکرد بە " بەرگری کردن لە تیرۆرسم."

کاربەدەستان یاسای دژە تیرۆریان بە شێوەیەکی فراوان دژ بە ئەندامانی پارتە سیاسییە ئۆپزسیۆنەکان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گومانبارانی پشتیوانانی پەکەکە و گوایە ئەندامانی بزوتنەوەی گولەن بەکارهێناوە.

گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن، کە چەندین کەس لە دەستبەسەرکراوان هیچ پەیوەندییەکی ئەوتۆیان بە تیرۆرەوە نەبووە و ئەمانە بە مەبەستی بێدەنگکردنی ڕەخنەگران یان لاوازکردنی ئۆپزسیۆنی دژ بە ئاکەپە دەسگیرکراون، بە تایبەتی ئەندامانی هەدەپە.

XS
SM
MD
LG