Accessibility links

ڕاپـۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی سێ ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان لە ماوەی ساڵی 2020 دا.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا چەند بەشێکی ڕاپـۆرتەکە، ئەوانەی لە بارەی ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستانن کردووەتە کوردی.

کورتەیەک لەبارەی ڕاپـۆرتەکەی عێراق کە لە 59 لاپەڕە پـێکهاتووە

عێراق بەپێی دەستوری وڵاتەکە کۆمارێکە لەسەر بنچینەی سیستەمی پەرلەمانی. هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018 بۆ پەرلەمانی وڵاتەکە؛ ناکرێت بگوترێت لە هەموو ڕوویەکەوە هەڵبژاردنێکی تەواو بووە، بەڵام بە گشتی لە سۆنگەی پێوانە نێونەتەوەییەکانەوە، هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا بووە و ئاڵوگۆڕێکی ئاشتیانەی دەسەڵاتی بە دوای خۆیدا هێنا و دەسەڵات لە حەیدەر ئەلعەبادی گواسترایەوە بۆ عادل عەبدولمەهدی.

خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی عێراق لە مانگی دەی ساڵی 2019 دەستیانپێکرد و لە ڕۆژی 1ی مانگی دوازدەی هەمان ساڵدا حکومەتەکەی عەبدولمەهدی ناچار بە دەست لە کار کێشانەوە کرد.
موستەفا ئەلکازمی، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەوکاتەی عێراق، ڕۆژی 6ی مانگی پـێنجی ساڵی 2020، توانی متمانەی پەرلەمان بەدەست بێنێت و ببێتە سەرەک وەزیری عێراق پاش ئەوەی وابەستەیی خۆی ڕاگەیاند بۆ ژمارەیەک دۆسێی گرنگ، لەوانە؛ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ساڵی 2021دا، بەرپرسیارکردنی یاسایی ئەوانەی دەستیان لە توندوتیژییەکاندا هەبووە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ساڵانی پێشوو و هەروەهاش چارەسەرکردنی دۆسێی گەندەڵی لەناو دامەزراوەکانی حکومەتدا.

ژمارەیەکی زۆری هێزی ئاسایشی لە سەرانسەری عێراقدا هەن و کار دەکەن. وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری و هەروەها دەزگای دژە تێرۆر "وەک وەزارەتێک وایە" هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بەڕێوەدەبەن و سەرپەرشتیشیان دەکەن.

هێزە چەکدارە ئاساییەکان و هێزەکانی سەپاندنی یاسا لە عێراقدا لە هەوڵێکی چڕ و پڕدان بۆ پاراستنی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا. ئەم هێزانەهاوتەریب لەگەڵ کۆمیتەی حەشدی شەعبیدا کار دەکەن {حەشد ئەو هێزانەن کە لە نزیکەی 60 هێزی میلیشیایی پێکهاتووە و ڕێکخراوێکی چەتریە و دەوڵەت سەرپەرشتی دەکات}

ئەم هێزانەی حەشد لە سەرانسەری عێراقدا کار دەکەن بەڵام زۆر جار لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتدان و هەروەهاش پێچەوانەی سیاسەتەکانی حکومەت ڕەفتار دەکەن. زۆربەی ئەندامانی هێزەکانی حەشدی شەعبی، عەرەبی شیعە ئاینزان، لە کاتێکدا یەکەکانی عەرەبی سوننە، ئێزدییەکان کریستیانەکان و کەمایەتییەکانی تریش یان لەناو یانیش لە نزیک ناوچەکانی خۆیانەوە ئەرکەکان بەجێدەگەیەنن.

هەموو یەکەکانی حەشدی شەعبی، بە فەرمی ڕاپۆرتەکانی خۆیان بەرز دەکەنەوە بۆ کۆمیتەی حەشد و بەرەنجامیش لەژێر سەرکردایەتی سەرەک وەزیردان، بەڵام ژمارەیەک لەم هێزانەی حەشدی شەعبی لە ڕووی کردەییەوە فرمان و ڕێنوماییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەجێدەگەیەنن.

دوو لایەنە سەرەکییە کوردییەکەش، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش؛ هەر یەکەیان بۆ خۆی دەزگای ئاسایشی هەیە. بەپێی دەستوری عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی هەبوونی هێزی ناوخۆیی ئاسایشی هەیە، بەڵام پارتی و یەکێتی بە جیا کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەیان کردووە لە دەرەوەی ئەو هێزانەی لە دەستوردا ئاماژەیان پێکراوە. ئەمە بێ لە هێزی پۆلیس کە دەبووایە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ناوخۆدا بووایە.

بەپێی دەستور ڕێگەدراوە بە دەزگایەکی ئاسایش، بەڵام لەمەشیاندا پارتی و یەکێتی هەر یەکەیان دەزگای ئاسایشی خۆیان هەیە. پارتی و یەکێتی بە هەمان شێوە هەر لایەنە و دەزگایەکی تایبەتی هەواڵگرییان هەیە، کە دەبوایە لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمەوە کاروبارەکانیان ڕێکبخرایە.

دەسەڵاتی سیڤیلی فێدراڵی، کۆنترۆڵکردنێکی کارای نییە بەسەر هەندێک دەستە و تاقمی هێزەکانی ئاسایشدا، بەتایبەتیش بەسەر یەکەی هێزەکانی حەشدی شەعبیدا کە هاوپەیمانی ئێران و کۆمیتەی حەشدی شەعبین.

دەستنیشان نەکردنی سنورەکان و ناچە جێناکۆکەکان بوونەتە سەرچاوەیەکی تری کێشە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی نێوەندیدا و پشێوییەکی لە تایبەتمەندێتی نێوان هێزی ئاسایشی و دادگاکاندا دروستکردووە. ئەندامانی هێزە ئاسایشییەکان بە بەڵگەوە، ژمارەیەکی بەرچاو پێشێلکارییان کردووە.

ژمارەیەکی بێشومار کێشەی مافەکانی مرۆڤ هەن، لەوانە؛ کوشتنی نایاسایی و ناڕەوا و دڕندانە، بێسەروشوێن کردنی زۆرە ملێیی، ئەشکەنجەدان، شێوازی ڕەفتاری نامرۆیی و دڵڕەقانە و سزای قورسی لە ڕادەبەدەر، ژیان و گوزەرانی سەخت و ناهەموار لە زیندان و گرتوخانەکاندا، دەستوەردانە ژیانی تایبەت و کۆتوبەندکردنی ئازادییەکانی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن و سنوردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و توندوتیژی بەرامبەر ڕۆژنامەوانان و هەڕەشە لێکردن و توندوتیژی و دەستگیرکردنی ناڕەوای ڕۆژنامەوانان و دادگاییکردنیان و چاودێریکردن و داخستنی ماڵپەڕەکان، دەستێوەردان لە مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و کۆتکردنی یاساییانەی ئازادی بزووتنەوەکانی ژنان، بە زۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ئەو شوێنانەی پێشتر هەڕەشەی کوشتنیان لەسەر بووە و مەترسی لەسەر ئازادییەکانیان هەبووە، گەندەڵی، نەبوونی لێکۆڵینەوە و بەرپرسیارنەکردنی ئەوانەی تاوان بەرامبەر ژنان دەکەن، تاوانەکانی توندوتیژی بەرامبەر تاکەکانی کەمایەتییە نەژادییەکان، توندوتیژی بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان، سنوردارکردنی مافی کارگوزاران، وەک ڕێگەگرتن لە پێکهێنانی سەندیکا یان کۆمەڵەی سەربەخۆ ، جیاوازیکردن لە هەلی کار بۆ کۆچبەران و هەروەها خراپترین جۆری خستنە بەر کارکردنی منداڵان.

داعش، بەردەوام بووە لە پێشێلکارییە دڕندانەکانیدا، لەوانە کوشتن لە ڕێی هێرشی خۆکوژی و چاندنی بۆمب و مینەوە.

حکومەت لێکۆڵینەوەکانی خۆی دەکات و دادگایی گومانباران دەکات و زۆرجاریش دادگاییکردنەکان لەسەر ئەو دۆسێیانەی دەگوترێت داعشن، بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم دەکرێن.

* لێسەندنەوەی مافی ژیان و کردەی کوشتنی ناڕەوا یان بەهۆی مەبەستی سیاسییەوە:

ژمارەیەکی زۆر ڕاپۆرت هەن لەسەر ئەوەی حکومەت و ئەندامانی هێزە ئاسایشییەکان کردەی نایاساییانەی کوشتنیان ئەنجامداوە، بە هەمان شێوەش ئەو میلیشیایانەی سەر بە حکومەت نین و هەروەها هاوسۆزەکانی داعش دەستیان هەیە لەو کردەی کوشتنانەدا.

* بێسەروشوێنکردن:

ڕاپۆرتێکی زۆر دراون لەسەر بێسەروشوێن کردن لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتەوە یان لەسەر ئەو هێزانەی تری بۆ حکومەتی ئەنجام دەدەن. یونامی و ئۆفیسی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکانیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە لە مانگی دەی ساڵی 2019وە تا مانگی سێ یونامی 154 دۆسێی وەک دەگوترێت دیارنەمانی خۆپیشاندەران و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤی بەدەست گەیشتووە و ئەو دۆسێیانەش وەها دانراون کە ئەو کەسانە یان گیراون یان ڕفێندراون.

دەسەڵاتدارانی خۆجێیی لە شەنگال، پارێزگای نەینەوا ڕاپۆرتیان داوە 70 کەسی ئێزدی لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستانەوە دەستگیرکراون. دەسەڵاتدارانی خۆجێیی لەو ناوچەیە دەڵێن "لە ساڵی 2019ەوە پەکەکە زیاتر لە 400 ژنی دانیشتوی ئەو ناوچەیەی ڕفاندووە و هێشتا چارەنوسیان نادیارە."

هێزە ئاسایشییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆنترۆڵی ڕاستەخۆیان لەو ناوچەیەدا نییە و ناتوانن پشتڕاستی ئەو ڕاپۆرتانە بکەنەوە.

لە مانگی 7دا پەکەکە 2 هاوڵاتی لە شاری دهۆک ڕفاندووە و هێشتاش چارەنوسیان دیار نییە.

* ئەشکەنجەدان و شێوازی ڕەفتارکردن و سزای قورس و نامرۆیی و ناپیشەییانە:

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتیانداوە سەبارەت بەوەی کارمەندانی سەر بە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراق ئەشکەنجەی گیراوەکانیان داوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە خۆپیشاندەرە گیراوەکان ڕووبەڕووی بەدڕەفتاری جۆراوجۆر بوونەتەوە هاوکاتی لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا، لەوانە، لێدانی زۆر و قورس، بەکارهێنانی وزەی ئەلیکتریک وەک بەشێک لە ئەشکەنجەدانیان، خستنە ناو ئاوی ساردەوە، هەڵواسینی گیراوەکان بە سەرەوبنیش، هەڕەشەی کوشتن و هەڕەشەکردن لە کەسوکاریان و هەروەها ڕەفتاری سوکایەتی پێکردنی گیراوەکان وەک میز پێداکردن و وێنەگرتنیان بە ڕووتوقوتی. لەو ڕاپۆرتانەدا ئاماژەش کراوە بەو وتووێژانەی لەگەڵ ژنانی گیراودا کراون و باسیان لەوە کردووە لێیان دراوە و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسییان لێکراوە و هەندێکیشیان وەک دەڵێن "دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر."

ڕێکخراوێکی ناحکومی لە مانگی شەشدا دەیان دۆسێی ئەشکەنجەدانی تۆمارکردووە لە گرتوخانەکانی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و سەڵاحەدین و ئەنبار و زیقاڕ و هەروەها بەغداش.

لە بەرامبەر ئەم پێشێلکاریانەدا، پەناپارێزی دراوە بە بەرپرسانی حکومەت و کارمەندانی دەزگاکانی ئاسایش لەوانە هێزە ئاسایشییەکانی عێراق و پۆلیسی فێدراڵی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و هەندێک لە یەکە تایبەتەکانی دامەزراوە ناوخۆییە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیش.

* ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان:

ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان زۆر خراپن و جار جارەش مەترسی دەکەوێتە سەر ژیانی گیراو و زیندانیکراوەکان بەهۆی کەمی خواردن و ژمارەی زۆری گیراوەکان و ئەشکەنجەدان و ڕەوشی نەگونجاوی تەندروستی و نەبوونی خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆی تەندروستی و هەروەهاش بەهۆی مەترسییەکانی کۆڤید 19 و نەخۆشیەکانی تریشەوە.

لە زیندان و گرتوخانەکانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا ڕەوشەکە باشتر نییە.
ژمارەی گیراوەکان و زیندانیکراوەکان زۆر زیاترە لە توانایی ئەو 6 زیندانەی لە هەرێمەکەدا هەن.
کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت، زیندانی هەولێر وەها دروستکراوە کە جێی 900 گیراوی تیادا ببێتەوە بەڵام 1957 گیراوی تیادایە.

ئەم کۆمیسیۆنە سەربەخۆیە دەڵێت 3 گیراو لەو زیندانەدا بەهۆی نەخۆشییەوە مردوون بەبێ ئەوەی چارەسەرییەکی ئەوتۆی تەندروستی بۆ نەخۆشییەکانیان بکرێت بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی گیراو لە گرتوخانەکەدا دانراون.

لەناو هەرێمی کوردستاندا "لێبوردنی گشتی" بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ یاساکانی سزاداندا یەکناگرنەوە و ئەو لێبوردنانەش لە وادەی گونجاودا بڕیاریان لێنەدراوە.

بەپێی یونامی، زیندانەکانی شارە سەرەکییەکانی هەرێمەکە نۆژەنکراونەتەوە بەڵام هێشتاش ڕەوش لە زیندان و گرتوخانە بچوکەکانی تردا هەر خراپە کە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم سەرپەرشتییان دەکات.

لە هەندێک لە گرتوخانەکانی ئاسایشی هەرێمەکەدا و ئەوانەش کە پۆلیس سەرپەرشتییان دەکەن، جار جارە گیراوی ژێر تەمەن 18 ساڵ لەگەڵ گیراوی سەرو تەمەن 18 ساڵ دادەنێن.

لە مانگی نۆدا دەسەڵاتداران زیاتر لە 50 منداڵیان لە "گرتوخانەی هەولێر بۆ ژنان و منداڵان" هێشتۆتەوە لەگەڵ دایکەکانیاندا کە زیندان کراون. یونیسێف، بودجەیەکی بۆ ئەو منداڵانە بە جیا دابین کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نەیانتوانیوە دەستیان بە خوێندن ڕابگات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەیەکی گونجاوی نەگرتۆتەبەر بۆ چارەسەرکردنی ئەو قسە و باسانەی هەن لەسەر ئەو پێشێلکاریانەی ئەفسەرەکانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم یان ئاسایش دەیکەن.

لە ڕاپۆرتێکی مانگی نۆی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە هەندێک لە زیندان و گرتوخانەکان نەیانتوانیوە ڕێوشوێنە سەرەکییەکانی مافەکانی مرۆڤ بپارێزن یان فەراهەم بکەن بۆ زیندانییەکان. لەو ڕاپۆرتەدا جەخت کراوەتەوە لەوەی زیندان و گرتوخانەی نوێ دروست بکرێن و یاسای مافی گیراو و زیندانیەکانیش بەجێبگەیەندرێن.

* دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی:

ڕاپۆرتێکی زۆر هەن لەسەر دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانەی خەڵک و زیاتر هی عەرەبی سوننە، لەوانە؛ ئاوارەکانی ناوخۆی وڵاتەکە. لە مانگی حەوتدا هێزە ئاسایشییەکان 20 کەسی سوننە ئاینزایان دەستگیرکردووە وەک دەگوترێت گومانباربوون بەوەی ئەفسەرێکی باڵای هێزە ئاسایشییەکانی عێراقیان کوشتووە هاوکاتی هێرشیکی داعش لە ناوچەی تارمییە.

ئەوانەی کە گیرابوون دەستیان لەو هێرشەدا نەبووە و ڕاپۆرتیش نەبووە لەسەریان کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت. پاش ئەوەی سەرەک وەزیر ڕاستەخۆ هاتە سەر خەت، ئەوجا ئازاد کران.

لە مانگی نۆدا هێزە ئاسایشییەکانی عێراق، دورغام مەجید، چالاکوانی ناوداری عێراقییان دەستگیر کرد لەگەڵ 40 خۆپیشاندەری تر لە شاری حللە پارێزگای بابل. ڕۆژی دواتر ئازادیان کردن بەبێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنیان باس بکرێت.

هێزە ئاسایشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بەلانیکەم 50 خۆپیشاندەر و چالاکوان و ڕۆژنامەوانیان لە شارەکانی زاخۆ و دهۆک دەستگیرکردووە. زۆرێک لە چاودێر ئەو دەستگیرکردنانەیان بە "دەستگیرکردنی هەڕەمەکی" ناودێر کردووە.

ناودێرکردنی دەستگیرکردنی ئەو بەلانیکەم 50 کەسە بەوەی هەڕەمەکی بووە لەبەر دوو هۆکارە ،یان ئەوەتا مافی خۆیان بۆ گردبوونەوەی ئاشتیانە بەجێگەیاندووە یانیش بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارن مافی ئەو گیراوانەیان فەرامۆش کردووە کە دەبێت بەپێی یاسا لەماوەی 24 کاتژمێردا ببرێنە بەر دادگا.

* پرۆسەکانی دەستگیرکردن و ڕەفتارکردن لەگەڵ گیراوەکاندا:

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتیان داوە کە هێزەکانی سەر بە حکومەت "هێزە ئاسایشییەکان، پۆلیسی فێدراڵی، هێزی ئاسایشی نیشتمانی حەشدی شەعبی، هێزی پێشمەرگە و هەروەها ئاسایش" زۆر جار یاسایان فەرامۆش کردووە. میدیای خۆجێیی و ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتیان داوە کە ئەم هێزانە بەبێ فرمانی دادوەر لە هەڵمەتە ئاسایشییەکانیاندا گومانبارانیان دەستگیرکردووە و یاسای دژە تێرۆریان بەکارهێناوە. زۆر جار ئەم گیراوانە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گرتوخانە هێڵراونەتەوە بەبێ ئەوەی گوناهبار بکرێن یان ناونوس بکرێن.

لە مانگی پـێنجدا، ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ڕاپۆرتیداوە کە چەکدارەکانی ئاسایش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "بەدەل عەبدولباقی ئەبوبەکر" مامۆستا و چالاکوان لە شاری دهۆک و بەبێ فرمانی دادوەر دەستگیریان کردووە. دواتر "بەدەل" بە خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان گوناهبار کراوە بەهۆی ئەو ڕۆڵەی هەیبووە لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەدا لەڕێی تۆڕەکانی سۆشیال میدیاوە.

ژمارەیەکی بەرچاوی راپۆرت هەن لەسەر دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانە و نایاسایی لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە "هێزە ئاسایشییەکان و پۆلیسی فێدراڵی، ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی و پێشمەرگە و هەروەها ئاسایش.

ئامارێکی متمانە پێکراو لەبەردەستدا نییە سەبارەت بە ژمارەی ئەو جۆرە ڕەفتارانە یان ئەو ماوەیەی گیراوەکان لە گرتوخانە دەهێڵدرێنەوە.

زۆربەی جار دەسەڵاتداران کەسوکاری گیراوەکانیان ئاگادار نەکردۆتەوە لەوەی کە کەسێکیان گیراوە یان ئەوەی لە چ گرتوخانەیەک هێڵراونەتەوە، ئەمەش وەهای کردووە گیراوەکان لە جیهانی دەرەوە داببڕێن.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتیان داوە و دەڵێن لە زۆر دۆسێدا دەسەڵاتداران بە گیراوەکانیش ناڵێن بۆچی دەستگیرکراون یان گوناهبارکردنەکەیان چییە، گیراوەکانیش نەیانتوانیوە لەگەڵ پارێزەرەکانیاندا دابنیشن تا ڕۆژی دادگاییکردنیان.

ڕاپۆرتیش هەن کە هێزەکانی سەر بە ئێران لە حەشدی شەعبیدا، هەڕەمەکیانە و نایاساییانە، کورد و تورکمان و کریستیان و کەمایەتییەکانی تری ڕۆژئاوای نەینەوا و دەشتی نەینەوا دەستگیر دەکەن.

دەسەڵاتداران ژمارەیەکی زۆری گیراوەکان بۆ چەندان مانگ یان ساڵ بەبێ دادگاییکردن دەهێڵنەوە، بە تایبەتیش ئەوانەی بە یاسای دژە تێرۆر دەستگیر دەکرێن.

دەسەڵاتداران لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، گیراوەکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە گرتوخانەدا دەهێڵنەوە؛ هەرچۆنێک بێت زانیارییەک نییە لەسەر ئەوەی ژمارەی گیراوەکان لەو گرتوخانە تایبەتانەدا چەندن و ماوەی چەندیان تیادا بەسەربردووە.

سەرنجیش دراوە، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەگەرە و گرفت دەخەنە بەردەم کاری دادپارێزان و پارێزەرانەوە یانیش دادگاییکردنەکان بەبێ ئەوەی پێویست بکات دوا دەخرێن.
ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە پەتای کۆرۆنا بوونەتە زیادکردنی تەگەرە لەبەردەم پرۆسە دادوەرییەکاندا لە ساڵی 2020دا.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستانی عێراق، هەندێک لە گیراوەکان لە گرتوخانەکانی هێزە ئاسایشییەکاندا بۆ ماوەی زۆر زیاتر هێڵدراونەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا کە فرمانی دادگاش هەبووە بۆ ئازادکردنیان.

* نەبوونی دادگاییەکی ڕەوای ئاشکرایانە:

دەستوری عێراق، جەخت لە هەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دادوەری دەکاتەوە، بەڵام هەندێک بەندی یاسایی، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی کۆتوبەند کردووە. ڕەوشی ئاسایشی و مێژووی سیاسی عێراق وەهایان کردووە دەسەڵاتی دادوەری لاواز بێت و پشت ببەستێت بە بەشەکانی تری حکومەت. گەندەڵی و تۆقاندن و هەڕەشەکردن وەک ڕاپۆرتی لەسەر دراون کاریگەرییان هەبووە لەسەر هەندێک دادوەر لە دۆسێکانی تایبەت بە تاوان لە کاتی دادگاییکردن و لەکاتی پێداچوونەوەشدا بە بڕیارەکانی دادگادا.

لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، ئەنجومەنی دادوەریی کوردستان لە ڕووی یاسایی و دارایی و بەڕێوەبردنەوە، ئەنجومەنێکی سەربەخۆیە و نەبەستراوەتەوە بە وەزارەتی دادەوە، بەڵام وەک ڕاپۆرتەکان ئاماژەی پێدەکەن، گەورە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری سیاسییان هەیە بەسەر دۆسێ هەستیارەکانەوە. دەستنیشانکردنی دادوەرەکان و بڕیارەکانیش، بەپێی ڕاپۆرتەکان لەژێر کاریگەری بەهێزترین لایەنە سیاسییەکانی هەرێمەکەدان.

* زیندانیان و گیراوە سیاسییەکان:

حکومەتی عێراق هیچ کەسێکی گیراو، بە "زیندانیکراوی سیاسی" ناودێر ناکات و وەهایان دەناسێنێت کە تاوانبارن و سەرپێچی یاسایان کردووە.

پشتڕاستکردنەوەی ئەم جۆرە پێناسەکردنەی حکومەت ئاسان نییە و کارێکی قورسە بەهۆی نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی و گەندەڵییەکانی هێشتنەوەی گیراوەکان لە بەندیخانەکاندا و خاووخلیچکی لە ڕێوشوێنە دادوەرییەکاندا و هەروەهاش دەستڕاگەیشتنێکی سنوردار بە گیراوەکان، بە تایبەتیش لە نێوەندەکانی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریزم و هەواڵگری و هەروەها لەشکر.

دژەبەرانی سیاسی حکومەت وەک دەڵێن "حکومەت خەڵک لەسەر بیروباوەڕی سیاسی زیندان دەکات لەسەربنچینەی گوناهبارکردنیان بە تاوانەکانی گەندەڵی و تێرۆریزم و کوشتن."

ڕاوێژکارێکی یاسایی ڕێکخراوێکی ناحکومی مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بە بێسەروشوێنکردنی بەلانیکەم 75 چالاکوانی مافەکان و چالاکوانی سیاسی کردووە کە لە مەیدانەکانی خۆپیشاندانەکانەوە ڕفێندراون لەلایەن ئەو لایەنانەنەی کە مەزەندە دەکرێت سەر بە ئێران بن.

یاسای لێبوردنی گشتی لە ساڵی 2016دا پەسەند کرا و لە ساڵی 2017دا چاکسازی تیادا کرا تا لێبوردنەکان ئەوانەش بگرێتەوە کە لەسەر گەندەڵی دارایی دەستگیرکراون، بەو مەرجەی پارە دزراوەکان بگێڕدرێنەوە. ڕێکخراوە ناحکومییەکان و سیاسییەکانیش گازەندەیانە لەوەی دەسەڵاتداران ئامانجی ئەم یاسایەیان جێبەجێنەکردووە کە بریتیە لە ئازادکردنی ئەوانەی بەهۆکاری تایفەیی یان بە گوناهبارکردنی هەڵە لە زیندان و گرتوخانەکاندا هێڵدراونەتەوە.

* پێشێلکارییەکان لە قەیرانە ناوخۆییەکاندا:

ڕێکخراوێکی ناحکومی ئاماژە بەوە دەکات لە ساڵی ڕابردوودا 828 کەسی سیڤیل بەهۆی قەیران و کێشە ناوخۆییەکانەوە کوژراون لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا ژمارەی کوژراوەکان 2392 کەس بوون. بەپێی ڕای ڕێکخراوی عێراقی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەشێت ئەم کەمبوونەوەیە بگەڕێتەوە بۆ سنورداربوونی خۆپیشاندانەکان بەهۆی ڕێوشوێنەکانی خۆپاراستن لە کۆڤید 19.

هەرێمی کوردستانی عێراق لە مانگی نۆدا ڕایگەیاند هێشتاش 2880 ئێزدی بێسەروشوێنن لەسەرجەم ئەو 6417 ئێزدییەی لە ساڵی 2014دا داعش ڕفاندبوونی.

هێزەکانی سەر بە حکومەت "پۆلیسی فێدرالی، ئاسایشی نیشتمانی، حەشدی شەعبی، هەروەها ئاسایش لە هەرێمی کوردستان" ئەشکەنجە و سزادان و دەستدرێژیی جەستەییان بەکارهێناوە دژ بە زیندانی و گیراوەکان و بەتایبەتیش عەرەبە سوننەکان، بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ.

* ئازادی ڕادەربڕین:

توانراوە ڕەخنە لە حکومەت بگیرێت بە ئاشکرایی یان بە شێوەی تری تایبەت، بەڵام لە هەمانکاتیشدا مەترسی تۆڵە لێکردنەوەش هەبووە.

بەهۆی سزا نەدانی ئەوانەی توندوتیژی و دەستدرێژی دەکەنە سەر ڕۆژنامەوانی و نەبوونی دەسەڵاتێکی سەربەخۆی دادوەریی و نەبوونی دەستەیەکی ڕێکخستنی کاروباری ڕۆژنامەوانی، وەهایان کردووە چالاکی ڕۆژنامەوانی سنورداربێت.

هێزەکانی حکومەتی نێوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، خۆپیشاندەران و چالاکوانانی ڕەخنەیان لێگرتوون دەستگیرکردووە و لە گرتوخانە و زیندانەکاندا هێڵدراونەتەوە.

* ئازادی ڕاگەیاندن و میدیا و میدیای ئەلیکترۆنی:

وێڕای ئەوەی بەپێی دەستور ئازادییەکانی ڕادەربڕین پارێزراوە، بەڵام حکومەتی نێوەندی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقیش چاودێری و سانسۆر و هەندێک جاریش دەستێوەردان دەکەن لە کاروباری میدیاکاندا. ئەم دەستێوەردان و سانسۆرە، چەند جارێک بوونەتە هۆکارێک بۆ داخستنی هەندێک لە میدیاکان و سنوردارکردنی ڕاپۆرتەکان و ڕێگەگرتنیش لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە گشتییەکاندا. هەردوو حکومەتی نێوەندی و هەرێمیش دەستێوەردان دەکەن لە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتدا.

لە هەرێمی کوردستانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەستڕاگەیشتن بە زانیارییەکانیان تایبەت کردووە بە میدیاکانی خۆیان.

لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا، تەلەفزیۆنەکانی ڕووداو Rudaw و کوردستان24 K24دەستیان دەگات بە هەموو دامەزراوە گشتییەکان و زانیارییەکانیشدا، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی قەڵەمڕەوی یەکێتیدا تەلەفزیۆنەکانی کوردسات نیوز Kurdsat News و گەلی کوردستان GK هەمان ئەو باڵادەستییەیان هەیە.

میدیاکانی ئۆپزسیۆن دەستڕاگەیشتنێکی سنورداریان هەیە بە زانیارییە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستاندا.

یاسای ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، دەسەڵاتی نەداوە بە حکومەت تا دامەزراوە میدیاییەکان دابخات، بەڵام لە مانگی هەشتدا حکومەتی هەرێمەکە ئۆفیسەکانی کەناڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نالیایNRT داخست لە شارەکانی هەولێر و دهۆک، بەهۆی ڕووماڵکردنی شەپۆلی ناڕەزاییەکانەوە.

لە مانگی نۆدا، دیندار زێباری ڕێکخەری کاروباری نێونەتەوەیی لە حکومەتی هەرێم، داکۆکی لەو بڕیارەی حکومەت کرد و ئاماژەی بەوە کردبوو کە ئێن ئاڕ تی، پێچەوانەی بەندی 2ی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2010 کردووە. ئەم بەندە تایبەتە بە قەدەغەکردنی هاندانی پشێوی نانەوەی گشتی و زیانلێدانی پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی بەپێی یاساکەی هەرێمی کوردستان.

هێزەکانی حکومەت، هەندێک جار ڕێگەیان لە ڕۆژنامەوانانیش گرتووە لەوەی ڕووماڵی ڕووداوەکان بکەن لەبەر هۆکاری ئاسایشی. هەندێک لە میدیاکان ڕاپۆرتیان داوە لەسەر هەراسان کردن و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەوانان و هەروەهاش لەسەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ ڕێگەگرتن لە ڕووماڵکردنی ڕووداوە سیاسییە هەستیارەکان، لەوانە دۆسێکانی تایبەتن بە ئاسایش و گەندەڵی و دۆسێکانی شکستی حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان.

* توندوتیژی و هەراسان کردن:

ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ و هەروەها ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ ئاماژە بە ژمارەیەکی بێشوماری پێشێلکاری دەکەن لەسەر ئازادی ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین هاوکاتی شەپۆلە بەرفراوانەکانی ناڕەزایی دەربڕین لە وڵاتەکەدا.

میدیاکاران ڕاپۆرتیان داوە کە سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی حکومەت و هێزە ئاسایشییەکان و گەورەکانی عەشرەت و تیرەکان و کاردارەکانیش، فشاریان خستۆتە سەر ڕۆژنامەوانان تا ڕاپۆرتی ڕەخنە ئامێز لەسەریان بڵاونەکرێتەوە.

ڕۆژنامەوانان ڕاپۆرتیان داوە لەسەر توندوتیژییەکانی حکومەت و لایەنی سیاسی و تۆقاندن و هەڕەشەی کوشتن و هەراسان کردن، دەشڵێن تەنانەت هەڕەشەشیان لێکراوە ئەگەر بێتوو قسە لەسەر دۆسێکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ بکەن و پێیان گوتراوە ئەگەر بەردەوام بن ئەوا ناویان زیادەکرێتە سەر ئەو لیستە ڕەشەی دەزگاکانی هەواڵگری لە وڵاتەکەدا ئامادەی دەکەن.

لە هەرێمی کوردستانیش ڕاپۆرت هەن لەسەر لێدان و دەستگیرکردن و هەڕەشەی کوشتن لەسەر میدیاکاران.

لە هەندێک دۆسێدا ئەوانەی هێرشیان کردۆتە سەر میدیاکاران بەرگی لەشکر یان پۆلیسی حکومەتی هەرێمیان پۆشیوە.

بە تایبەتی ڕۆژنامەوانەکانی کار بۆ NRT دەکەن، زیاتر دەستگیر دەکرێن.
ڕێبوار کاکەیی، بەڕێوبەری ئۆفیسی NRT لە شاری هەولێر دەڵێت "دەسەڵاتدارانی هەرێم بەبێ هیچ گوناهبارکردنێک ڕۆژنامەوانان دەستگیر دەکەن و دەستدەگرن بەسەر ئامێرەکان و ناسنامەکان و تەلەفونە مۆبایلەکانیاندا."

هەندێک لە داگاکانی هەرێمی کوردستان یاسای سزادانی عیراقی بەکاردەهێنن لەو دۆسێیانەی تایبەتن بە ڕۆژنامەوانان لەبری ئەوەی یاسای یاسای ڕۆژنامەوانی هەرێم بەکاربهێنن.

لە نۆ مانگی یەکەمی ساڵی پاردا، کاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە جیاوازەکانی حکومەتدا 8 داوای یاساییان دژی ڕۆژنامەوان هێمن مامەند تۆمارکردووە، پاش ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیس بووک وتارێکی ڕەخنە ئامێزی نوسی سەبارەت بە ڕێکارەکانی حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
هێمن مامەند، 2 جار دەستگیر دەکرێت لە مانگی سێ و لە مانگی چواریشدا. ئەم ڕۆژنامەوانە 34 ڕۆژ لە گرتوخانە هێڵدراوەتەوە بە تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پەیوەندیکردنەوە.

ڕووماڵکردنی ڕووداوەکان لەو ناوچانەی لە داعش ڕزگار کراون هێشتاش جێی مەترسییە. ڕۆژنامەوانانی ڕووماڵی قەیرانە چەکدارییەکان دەکەن هێشتاش ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆری پارێزراوی ژیانیان دەبنەوە.

* سانسۆر و کۆتوبەندکردن:

نێوەندی داکۆکیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن لە عێراق لە مانگی حەوتدا ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و وردەکاری کۆتوبەندەکانی سەپێندراونەتە سەر دامەزراوە میدیاییەکان لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا خراونەتە ڕوو. لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە داخستنی 128 میدیا کراوە و هەروەهاش ڕاگرتنی مۆڵەتەکانی کارکردنی ژمارەیەک لە دەزگا میدیاییەکان و سزادانی میدیاکان و لەکار دەرکردنی ژمارەیەک میدیاکارانی تایبەت.

لەهەرێمی کوردستان، ڕۆژی 22ی مانگی نۆ، پۆلیس لە شاری سلێمانی، ڕۆژنامەوان بەهرۆز جەعفەر دەستگیر دەکات، دوای ئەو داوا یاساییەی بەرهەم ساڵح، سەرۆکی عێراق لەسەری تۆمار کردبوو بە تاوانی ناوبانگ زڕاندن.

* ئازادی ئەکادیمیایی و بۆنە کلتورییەکان:

حکومەت کۆتوبەندی هەیە لەسەر ئازادی ئەکادیمیایی و هەروەها بۆنە کلتورییەکان. فشاری سیاسی و ئاینی و کۆمەڵایەتیش لەسەر ئازادی بژارە هەیە بۆ ئەو دۆسێیانەی تایبەتن بە کاروباری ئەکادیمیایی و کلتوریشەوە.

ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستانیش ڕاپۆرتیان داوە لەسەر ئەوەی، سەرۆکی زانکۆکان و ڕاگری کۆلیژەکان و پۆستە باڵاکانی زانکۆ بۆ ئەوانە ئاسانترە بە دەستی بێنن کە پەیوەندییان بە پارتی و یەکێتییەوە هەیە. ئەوانەش کە لەگەڵ یەکێک لەو دوو لایەنەدان لە پێشترن بۆ خوێندنی باڵا و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا.

* ئازادی هاتوچۆکردن:

نمونە هەن لەسەر پێشێلکردنی ئازادی هاتوچۆکردنی ئاوارەکان، دەسەڵاتداران ڕێگەیان گرتووە لەوەی ئاوارەکان لە ئۆردوگاکاندا بەبێ مۆڵەت وەرگرتن بچنە دەرەوەی ئۆردوگاکە، ئەمەش یانی سنوردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە بژێوی ژیان و خوێندن و هەروەها خزمەتگوزارییەکانیش. زۆرێک لەو ناوچانەی لە داعش ڕزگارکراون دووچاری کێشەی کۆتوبەندکردنی هاتوچۆ هاتوونەتەوە بەهۆی ئەو بنکەی پشکنینانەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی تری حکومەت دایاندەنێن.

لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕەوشی هەندێک ناوچە، ڕوو لە باشییە، بەڵام ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە، چوونەتەوە سەر خانوی داڕماو و نەبوونی خزمەتگوزاری و بژێوی ژیان، ئەمانە بێ لەوەی هێشتاش مەترسی ئاسایشییان هەر ماوە بەهۆی بوونی یەکەکانی حەشدی شەعبییەوە و لە ناوچەیەکی وەک شەنگال بەهۆی ئەو هێزە چەکدارانەی، وەک دەگوترێت هاوپەیمانی پارتی کرێکارانی کوردستانن.

ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکومی ڕاپۆرتیان داوە، یەکەکانی حەشدی شەعبی و هەروەها هێزی پێشمەرگەش ڕێگەیان لە خەڵکی سیڤیل گرتووە بەتایبەتی عەرەبی سوننە و کەمایەتییە نەژادەکانی تر لەوەی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان پاش ئەوەی حکومەت شکستپێهێنانی داعشی ڕاگەیاندووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتوبەندی خستۆتە سەر هاتوچۆی ئەوانەی دانیشتووی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی نین.

دەسەڵاتدارانی هەرێم داوادەکەن ئەوانەی دانیشتووی هەرێم نین خۆیان لە ئۆفیسەکانی ئاسایش ناونوس بکەن و مۆڵەتی مانەوە وەربگرن. هاوڵاتیانی پاشخانێکی نەژادی و تایفەیی جیاوازیان هەیە بە کوردیشەوە، کە لە ناوچەکانی تری عێراقەوە سەردانی هەرێم دەکەن دەبێت پشکنینی وردیان بۆ بکرێت. حکومەت هەمان جۆری کۆتوبەندی لەسەر ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکانیش داناوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەندێک ناوچەدا کۆتوبەندی زیاتری داناوە بە بەراورد بە هەندێک ناوچەی تر.

ڕەوشی ئاوارەکان و گوزەرانیشیان لەم ڕاپۆرتەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا بە درێژی و وردی باسکراوە و تیایدا هاتووە کە سەدان هەزار ئاوارە لە عێراقدا هەن، بێ لەوەی دەیان هەزار پەنابەر و ئاوارەی تریش لە وڵاتانەوە لە عێراقدا دەژین و ژیان و گوزەرانیشیان مایەی سەرنجە وەک لە ڕاپۆرتەکانی یونامی و یو ئێن ئێچ سی ئاڕدا ئاماژەیان پێکراوە.

* ئازادی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیدا:

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە مانگی یازدەدا یاسای نوێی هەڵبژاردنی پەسەند کرد، بەپێی ڕای شیکەرەوە، ئەم یاسا نوێیە سەربەخۆییەکی زیاتر و دەرفەتی زیاتر دەڕەخسێنێت بۆ سەرکەوتنی کاندیدەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا.

ئاوارەکانی ناوخۆ لەم یاسا نوێیەی هەڵبژاردندا، دوورخراونەتەوە لەسەر بنچینەی ئەوەی دەبێت کارتی دەنگدەرانیان هەبێت بەپێی سیستەمی بایۆمیتری.

ڕێکخراوە ناحکومییەکان نیگەرانی خۆیانیان دەربڕیوە لەوەی دەشێت ئەمە ببێتە مایەی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقدا مافی دەنگدانیان نەبێت.

لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2018ی پەرلەمانی بەڕێوەبرد. زۆربەی چاودێران کەموکوڕییەکی کەمیان لەو هەڵبژاردنەدا تۆمار کردبوو، بەڵام لایەنەکانی ئۆپزسیۆن وەک دەڵێن دەنگدەران ترسێندراون و فێڵ و تەڵەکەی بە بەرنامە کراوە وەک پڕکردنەوەی سندوقەکانی دەنگدان.

دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018ڕێکخراوی قەیرانە نێونەتەوەییەکان ڕاپۆرتی داوە لەسەر ئەو قسە و باسانەی لە هەڵبژاردنی کەرکوکدا کرا و ئاماژەی بەوە کردووە " یەکێتی" هەڵبژاردنی لە هەندێک ناوچەی ئەو پارێزگایەدا بردۆتەوە کە لە ڕووی مێژووییەوە پشتیوانی تیادا زۆر کەمە بۆ یەکێتی لەکاتێکدا بەشداری لە ناوچە کورد نشینەکاندا کەم بووە بە بەراورد لەگەڵ ناوچە عەرەب و تورکمان نشینەکاندا.

* گەندەڵی و نەبوونی ڕوونی و ئاشکرایی لە حکومەتدا:

گەندەڵی، تەگەرەی سەرەکییە لەبەردەم فەرمانڕەوایەتییەکی باش و گونجاودا لە عێراق. بوونی میلیشیا چەکدارەکان کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە گەندەڵیدا هەیە، ڕۆڵیان هەیە لە پاراستنی کاربەدەستانی گەندەڵدا، ئەمەش وەهای کردووە درێژەدان بە ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئێجگار قورس بێت.

"ڕۆژنامەی ئیندپێندەنت"ی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە بڕی 300 ملیار دۆلار لەو پڕۆژانەدا بەکارهاتووە کە بوونیان نییە لەسەر زەوی.

لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکان ئازاد نەبوون و لەژێر کاریگەری سیاسیدان.

گەندەڵی بنکەکانی سەر سنور، کێشەیەکی ترە. لە مانگی حەوتدا سەرەک وەزیری عێراق هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ کۆنترۆڵکردنی سنورەکانی ئێران و هەروەها وڵاتانی تری دراوسێی عێراق.

* هەڵوێستی حکومەت سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان لەسەر پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ:

ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە عێراقدا کێشەی گەیشتنیان هەیە بە کاربەدەستان، وەک بەرەنجامێکیش نەتوانراوە پارێزراوبن، نەتوانراوە داراییەکی ئەوتۆیان بۆ دابین بکرێت و زۆر بە دەگمەن (ئەگەر هەبووبێت) حکومەت پڕۆژەی داونەتێ و تەنانەت لە هەندێک ناوچەی وڵاتەکەشدا بۆیان نەبووە کاری ڕۆژانەی خۆیان بکەن.

لە هەرێمی کوردستانیش، ڕێکخراوە ناحکومییەکان زۆربەیان کوردین و زۆربەشیان پەیوەندییان بە لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە و ئەو لایەنە سیاسیانە بودجەیان دەدەنێ. وەک لە ڕاپۆرتەکاندا ئاماژەیان پێکراوە، لە ساڵی 2013وە حکومەت هیچ پارەیەکی بۆ ئەو ڕێکخراوانە دابین نەکردووە.

* دەستدرێژی سێکسی و توندوتیژی خێزانی:

بەپێی ڕاپۆرتی یونامی، لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، دەستدرێژیکردنی سێکسی و توندوتیژی خێزانی و ئازاردانی جەستەیی خود و هەراسان کردنی ئەوانەی تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵیەوەیە زیادیان کردووە، هۆکارێکی تریش خراپ بوونی ڕەوشی ئابورییە. ئەم دیاردەیە لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا هەیە و بەپێی ڕاپۆرتەکان بەهۆی ئەو ڕەوشەوە خەڵکانیک هەن بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە.

* هەڵوێستە زیانبەخشەکانی تر بەهۆی نەریتەوە:

کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، هێشتاش کێشەیەکی سەرەکی و مەترسیدارە لە عێراقدا. بەپێی بەندەکانی یاسا، ئەوەی لەسەر دۆسێی کوشتن لە پەیوەندی بە شەرەفەوە دەگیرێت، سزای هەتا 3 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەدرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی یونامی، ساڵانە سەدان ژن دەکوژرێن لەسەر شەرەف. هەندێک لە خێزانەکانیش وەک ئاماژەی پێدەکرێت ئەو جۆرە کوشتنە وەها نیشان دەدەن کە کارێکی خۆ کوشتن بووە.

بەڕێوبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، تا مانگی نۆی ساڵی پار 3 دۆسێی کوشتن لەسەر شەرەفی پشتڕاست کردۆتەوە لە نێو 26 دۆسێی کوشتنی ژناندا لە هەرێمەکەدا، بەڵام سەرچاوەیەک لە یو ئێن ئاماژەی کردووە بەوەی کوشتنەکان بەناوی شەرەفەوە زۆر زیاترە لەوەی باس دەکرێت.

ڕاپۆرتیش هەن لەسەر بەکارهێنانی ژنان و کچان بۆ کاری سێکسی لە ڕێی پرۆسەی هاوسەرگیری کاتییەوە و لەبەرامبەردا پارە دەدرێتە ماڵی کچەکە یان ژنەکە.ڕاپۆرت لەسەر هەراسانکردنی سێکسیش هەن و بە هەمان شێوەش لە سەر جیاوازییەکانی نێوان نێر و مێ لە کۆمەڵگەدا. بۆ نمونە لە داگاکاندا گەواهیدانی ژنان بە نیوەی گەواهیدانی پیاوان دادەنرێت لە هەندێک لە دۆسێ یاساییەکاندا و لە هەندێکی تریشدا یەکسانە.

لە هەرێمی کوردستانیش هەندێک پارێزراوی زیاتری ژنان هەیە، بەڵام ئەم پارێزراویە بە شێوەیەکی ڕێکخراو نییە. هەندێک لە یاساکان لەو هەرێمەدا ڕەنگدانەوەی یاساکانی حکومەتی فێدراڵە. لە هەرێمی کوردستان ژن مافی هەیە داوای جیابوونەوە لە هاوسەرەکەی بکات، بەو مەرجەی پێش هاوسەرگیرییان ئەو مەرجەیان دانابێت.

* مافی منداڵان:

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕاپۆرتیان داوە سەبارەت بە کێشەی فرە لایەنەی منداڵەکانی داعش و ئەو منداڵانەی لە ناوچەکانی داعش داگیریان کردبوو، لەوانە پێنەدانی دۆکیۆمێنتی لەدایک بوون. وەها مەزەندە دەکرێت 45 هەزار منداڵ لە ئۆردوگاکاندا دەژین و هیچ دۆکیۆمێنتێکیان نییە، ئەم کێشەیەش منداڵە ئاوارەکانیشی گرتۆتەوە، ئەوانەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکاندا دەژین.

بەپێی ڕاپۆرتی یونسێف، بەلانیکەم؛ یەک ملیۆن و 640 هەزار منداڵ لە عێراقدا کە نیوەیان کچن، هەر هیچ نەبێت پێویستیان بە جۆرێک لە جۆرەکانی پارێزراوی هەیە.

هاوسەرگیری بە زۆرەملێیی کچان بە هاوسەرگیریی کاتییشەوە لە سەرانسەری وڵاتەکەدا هەیە.

لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش نابێت هاوسەرگیریی منداڵان هەبێت، بەڵام یاساکانی هەرێم ڕێگەیان بە دادوەر داوە، تا مێردمنداڵی تەمەن 16 ساڵیش مارەبڕ بکەن ئەگەر بڕیاری خۆیان بێت و ڕەزامەندی باوانیشیان وەرگیرابێت.

* دژایەتی ئاینی جوو:

ئەندامانی پێکهاتەی جوو ناتوانن بە ئاشکرایی سروتە ئاینییەکانی خۆیان بکەن بەهۆی سزادان و جیاوازیکردن و هەروەهاش توندوتیژی کاراکتەرە توندڕەوەکانەوە. بەڵام لە ساڵی پاردا، ڕاپۆرت نەدراوە لەسەر ڕەفتاری دژە جوو لە عێراقدا.

* ئەندامانی پێکهاتە نەژادی و ئاینییەکان:

پێکهاتەی عێراق بریتییە لە عەرەب و کورد و تورکومان و شەبەک و کلدان و ئاشوری و ئەرمینیایی و ئێزدی و سابیئەی مەندانی و بەهایی و کاکەیی و ژمارەیەکی کەمی جوو. لە عێراق ژمارەیەکی کەمی ڕۆمانیش هەن کە بە "دۆم" ناسراون، وەهاش مەزەندە کراوە، یەک ملیۆن و نیو بۆ دوو ملیۆن هاوڵاتی بە ڕەگەز ئافریکایی لە پارێزگای بەسرە و ناوچەکانی دەوروبەری نیشتەجێن. قورسە بزانرێت ڕووداوەکان و ژیانیان چۆن بووە بە تایبەتیش لە ڕووی جیاوازیکردنی ئاینی و نەژادییەوە.

لە مانگی حەوتدا ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات حکومەتی هەرێم ڕێگەی گرتووە لە خێزانە عەرەبەکان تا بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە پارێزگای دهۆک، هەروەهاش ڕێگر بووە لە گەڕانەوەی خێزانەکان بۆ شارۆچکەی ڕەبیعە لە پارێزگای نەینەوا. ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت حکومەتی هەرێم تەنها ڕێگەی داوە خێزانە کوردەکان بگەڕێنەوە.

* پێشیلکارییەکان بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان:

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە مانگی پێنجدا ناڕەزاییەکی توندی دەربڕی لەسەر ئەوەی بە "دابونەریت و بەهای کۆمەڵگە" ناودێری دەکات، پاش ئەوەی باڵیۆزخانەی یەکێتی ئەوروپا، ئاڵای پەلکە ڕەنگینەی هەڵکرد (سیمبۆلی هاوڕەگەزخوازان) لە ڕۆژی نێونەتەوەیی بەرەنگاربوونەوەی دژایەتی کردنی هاوڕەگەزخوازان بە هەموو جۆرەکانیەوە.

چەند ڕۆژێک دواتر ڕاپۆرتەکانی میدیا باسیان لە کوژرانی کوڕێکی هاوڕەگەزخواز دەکرد لە شاری سەدر لە بەغدا و هەروەهاش لەسەر کوژرانی کەسێکی تر لە پارێزگای بابل.

لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە، هاوڕەگەزخوازان لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین و هەڕەشەیان لەسەرە و توندوتیژی و جیاوزیشیان بەرامبەر دەکرێت. هاوڕەگەزخوازان دەڵێن ناتوانن خۆیان ئاشکرا بکەن لە ترسی خێزانەکانیان و ناسیاوەکانیان و خەڵکی تری نەناسراویش.

XS
SM
MD
LG