Accessibility links

ڕاپـۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا


وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی سێ ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە لە بارەی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان لە ماوەی ساڵی 2020 دا.

بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا چەند بەشێکی ڕاپـۆرتەکە، ئەوانەی لە بارەی ئێران، تورکیا، سوریا، عێراق و هەرێمی کوردستانن کردووەتە کوردی.

کورتەیەک لەبارەی ڕاپـۆرتەکەی سوریا کە لە 70 لاپەڕە پـێکهاتووە

سەرەتای ڕاپـۆرتەکە پـێناسەی وڵاتی سوریا دەکات، دەڵێت لەوەتای ساڵی 2000 وە بەشار ئەسەد حوکمڕانی سوریا دەکات و بەپـێی دەستور ڕێبەرانی پارتی بەعس لە دەزگاکانی دەوڵەت و کومەڵگە لە پـێشەنگدان و ئەسەد و ڕێبەرانی بەعس وەک ڕژێمێکی زۆردار کۆنترۆڵی هەرسێ دەسەڵاتی جێبەجێکار و تەشریعی و دادوەری وڵاتەکە دەکەن.

ڕاپەڕینی دژی ڕژێم کە لە ساڵی 2011 وە دەستیپـێکردووە بە درێژایی ساڵی ڕابردووش بەردەوامبوو. هەڵبژاردنەکانی لە ساڵی 2014 ئەنجام‌دران، بوونە مایەی هەڵبژاردنەوەی ئەسەد. لە هەڵبژاردنە پەرلەمانیـیەکەی ساڵی 2020 بەرەی نیشتمانی پـێشکەوتوو بە ڕێبەرایەتی پارتی بەعس 177 کورسی بەدەستهێنا لە کۆی 250 کورسیـیەکەی پەرلەمان. لەم هەڵبژاردنانە بەشێکی زۆری خەڵک بە زۆرەملێ دەنگیان داوە، وە زۆرێک لەو خەڵکەشی لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئۆپـۆزسیۆندان بەشداریـیان لەو هەڵبژاردنانە نەکرد. بۆیە چاودێران ئەو هەڵبژاردنانەیان بە ئازاد و بێگەرد ناودێرنەکرد.

دەزگا ئاسایشیـیە جیاوازەکانی ڕژێم بە شێوەیەکی ئازادانە کاردەکەن و هیچ سنوورێکی یاسایی بۆ چوارچێوەی کارەکانیان نیـیە. هەروەها میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم، وەکو هێزەکانی بەرگری نیشتمانی (قوات الدفاع الوطني) لەگەڵ هێزەکانی دیکەی ڕژێم یەکیانگرتووە و ئەوانیش بە هەمان شێوە کاردەکەن و هیچ سنوورێکی یاسایی بۆ کارەکانیان نیـیە. دەسەڵاتی سیڤیلی ڕژێم هەر بەردەوامە لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی لەشکر و پـۆلیس و هێزە ئاسایشیـیەکانی وڵاتەکەی، بەڵام دەسەڵاتێکی سنوورداری هەیە بەسەر ڕێکخراوە لەشکری و نیمچە لەشکریـیە بیانیـیەکانی لە وڵاتەکەی کاردەکەن، لەوانە هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، حزبوڵڵای سەر بە ئێران و پاسدارانی ئێران.

هێزەکانی ڕژێم و هێزەکانی لایەنگری بەردەوامبوون لە هێرشی زەمینی و ئاسمانی گەورە کە لە ساڵی 2019 وە دەستیانپـێکردبوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای سوریا، ئەمەش بووە مایەی کوژرانی هەزاران کەسی سیڤیل و ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ملیۆن کەس. هێرشەکان کە بە چەکی قورس ئەنجام دەدران، زیانی بە ژێرخانی ناوچەکە گەیاند و هێندەی دیکە ڕەوشی مرۆیی خراپـترکرد. بۆردومانە ئاسمانیـیەکانی سوریا و ڕووسیا بەردەوام شوێنی سیڤیلیان دەگرتەوە، لەوانە نەخۆشخانەکان، بازاڕەکان، قوتابخانەکان و کەمپی ئاوارەکانی ناوخۆی وڵاتەکە و کێڵگە و باخەکان. زۆربەی ئەو بۆردومانانە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراون.

هەتا مانگی هەشتی ڕابردوو، کۆمسیاری کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند 6.6 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆ لە سوریادا هەن، لەوانە 2.6 ملیۆن کەسیان منداڵن. زیاتر لە 5.5 ملیۆن پەنابەری سوریایی تۆمارکراو لە دەرەوەی وڵاتەکەدا هەن. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI بۆی دەرکەوتووە ڕژێم و هاوپەیمانە ڕووسیایـیەکەی و هێزەکانی سەر بە ڕژێم هێرشیان ئەنجامداوە و بە تاوانی جەنگ دانراون کە ڕەنگە بگەنە ئاستی تاوانی دژی مرۆڤایەتی.

پـێشێلکاریـیە گەورەکانی بەرامبەر مافی مرۆڤ کراون، لەوانە کوشتنی خەڵکی بە شێوەیەکی هەڕەمەکیـیانە یان بەبێ تۆمەتێکی یاسایی و دادگایـیکردن، بێسەروشوێنکردن، ئەشکەنجەدان و دەستدرێژی سێکسی، زیندانیکردن لە شوێنی خراپ لەگەڵ مامەڵەی ڕەق و خراپ و نەبوونی خزمەتی تەندروستی بە ئاستێک کە ژیانی کەسەکان دەکەونە مەترسیـیەوە، دەستگیرکردنی هەڕەمەکیـیانە بۆ ماوەی درێژ، پـێشێلکردنی زانیاری کەسێتی بە شێوەیەکی نایاسایـیانە، بوونی بەربەستی مەترسیدار لە بەردەم ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەری و ئنتەرنێت، وەکو چاودێری و بلۆککردنی ماڵپەڕەکان، ڕێگە نەدان بە گردبوونەوەی و خۆپـیشاندانی ئاشتیـیانە و پـێکهێنانی ڕێکخراو، دانانی بەربەست بەبێ هیچ هۆیەک لە بەردەم گەشتکردنی خەڵکی، ڕێگە نەدان بە خەڵکی لەوەی بتوانن بە ڕێگەی ئاشتیانە و هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد حکومەتی وڵاتەکەیان بگۆڕن، بوونی گەندەڵیـیەکی بەربڵاو لەسەر ئاستێکی باڵادا، نەبوونی هیچ لێکۆڵینەوە و لێپـرسینەوەیەک بۆ ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن، بە چەکدارکردنی منداڵان و بەکارهێنانیان وەک سەرباز لەلایەن ڕژێم یان لایەنە چەکدارەکانی دیکە، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بوونی توندوتیژی و جوداکاری بەرامبەر هاوڕەگەزخوازان و ئەو کەسانەی خەسڵەتی هەردوو ڕەگەزەکەیان تێدایە، بەربەستی گەورە لە بەردەم مافی کرێکاران.

ڕژێم هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ دەستنیشانکردن، لێکۆڵینەوە، دادگایـیکردن، سزادانی ئەو کاربەدەستانەی مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە. دەربازبوون لە سزادان لە نێو هێزەکانی ئاسایش و هەواڵگری و دەزگاکانی دیکەی ڕژێم شتێکی بڵاو و باو و چەسپاوە.

ڕاپـۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن گروپە نیمچە لەشکریـیەکانی سەر بە ڕژێم بەردەوام پـێشلکاریـیان کردووە، لەوانە ئەنجامدانی کوشتنکاری، کوشتنی هەڕەمەکیـیانە، ڕفاندنی خەڵکی سیڤیل، لێدانی بێ ئەندازە، دەستدرێژی سێکسی، دەستگیرکردنی نایاسایی. میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم، لەوانە حزبوڵڵا چەندان جار لە هێرشەکانیاندا خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە و بریندارکردووە.

هێزەکانی ڕووسیاش خەڵکی سیڤیلیان کوشتووە بە هێرشە ئاسمانیـیەکانیان و کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا ئاماژەی بەو هێرشانە کردووە، دەڵێت بۆردومانەکان هەڕەمەکیـیانە کراون و زیانێکی زۆری بە ژێرخانی ناوچەکان گەیاندووە، بە تایبەتی ئەو هێرشانەی لە میانەی هەڵمەتە لەشکریـیەکەی ڕژێم بۆ سەر باکوری ڕۆژئاوای سوریا ئەنجام دراون. بۆردومانەکان زیانیان گەیاندووە بە نەخۆشخانە و پەناگە و بازاڕ و ماڵان و شوێنی دیکەی سیڤیل.

بارودۆخی ئاسایشی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن هەر ناسەقامگیرە و بە شێوەیەکە تیایاندا مافەکانی مرۆڤ پـێشێلدەکرێن، بە کوشتن و لێدان و دەستگیرکردن.

بەپـێی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا، گروپە چەکدارە تێرۆرستیـیەکانی وەکو هەیئەت تەحریر ئەلشامی سەر بە ئەلقاعدە ژمارەیەک پـێشێلکاری زۆریان ئەنجامداوە، لەوانە کوشتن و ڕفاندن و دەستگیرکردن و لێدان و هەروەها بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی خەڵکی سیڤیل لە میانەی هێرشەکانیاندا و خەڵکیان لە ماڵەکانیان دەرکردووە لەسەر بنەمای نەژادی و ئاینی.

هەرچەندە داعش لە ساڵی 2019 وە لە ناوچەکە شکستی پـێهێنراوە، بەڵام بەردەوامبووە لە کوشتن و ئەنجامدانی تەقینەوە و ڕفاندنی خەڵکی و هەندێک جار خەڵکی سیڤیلیشی کردووەتە ئامانج. دەزگای گارنیگی دەڵێت داعش سوودی لەو بۆشایـیە ئاسایشیـیە وەرگرتبوو کە بەهۆی پەتای کۆڤید- 19 هێزە سەربازیـیە جیاجیاکان چالاکیـیەکانیان کەمکردەوە.

گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات لە باکوری سوریا مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە. بەپـێی ڕاپـۆرتەکان دانیشتوانی کورد و ئێزیدی و خەڵکی دیکەی سیڤیلیان کرووەتە ئامانج و خەڵکیان هەڕەمەکیـیانە دەستگیرکردووە، بێ سەروشوێنکردووە، ئەشکەنجە داوە، توندوتیژی سێکسیان بەرامبەر کردوون، لە ماڵەکانیان دەریانکردوون، موڵک و ماڵی خەڵکیان تاڵانکردووە و دەستیان بەسەردا گرتوون، خەڵکی سیڤیلیان دەستگیرکردووە و گواستویانەتەنەوە بۆ ناو تورکیا، ئاویان لە خەڵکی سیڤیل بڕیوە، منداڵانیان کردووە بە چەکدار، بێ ڕێزیان بە شوێنی ئاینی کردووە و تاڵانیانکردوون.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە بریتین لە هاوپەیمانێتیـیەکی کوردی سوریا و عەرەب و تورکمان و کەمینەکانی دیکە و ئەندامانی یەکینەکانی پاراستنی گەڵی کوردی تێدایە، بەپـێی ڕاپـۆرتەکان ئەوانیش مافەکانی مرۆڤیان پـێشێلکردووە، لەوانە هەڕەمەکیـیانە خەڵکیان دەستگیرکردووە و کاری گەندەڵیـیان کردووە و بەبێ هۆکار خەڵکیان دەستگیرکردووە و بەربەستیان خستووەتە بەردەم کۆبوونەوە و گردبوونەوە و خۆپیشاندان.

کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا دەڵێت ئەوانەی لەو وڵاتە مافی مرۆڤ پـێشێلدەکەن زۆر جار بە شێوەیەک ڕەفتاردەکەن کە لە سزادان دەربازیان دەبێت. دەشڵێت زۆربەی زۆری ئەو پـێشێلکاریـیانەی لەوەتای ساڵی 2011 وە کراون هەتا ئێستا لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراون.

* لێسەندنەوەی مافی ژیان و کردەی کوشتنی ناڕەوا یان بەهۆی مەبەستی سیاسییەوە

بەپـێی توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR ، لەوەتای مانگی دوازدەی ساڵی 2011 وە شەڕی ناو ئەو وڵاتە دەستیپـێکردووە زیاتر لە 227180 ی سیڤیل کوژراون. گروپی دیکە مەزەندەدەکەن 550 هەزار کوژرابن. ئەم جیاوازیـیە گەورەیەی لە نێوان هەردوو ژمارەکەدا هەیە دەگڕێننەوە بۆ ئەو ژمارە زۆرەی خەڵکی کە هێشتا بێ سەروشوێنن.

بەپـێی SNHR لە ماوەی ساڵی ڕابردوو 1462 کەسی سیڤیل کوژراون، لە نێویاندا بە لایەنی کەم 218 منداڵ و 200 ژن. زۆربەیان لە سەرەتای ئەمساڵدا کوژران لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی لەشکری بە ڕێبەرایەتی ڕژێم و هاوپەیمانە ڕووس و ئێرانیـیەکانی لە ناوچەکانی ئیدلیب و دەوروبەری.

کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا و زۆرێک لە گروپەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ئەشکەنجەدان و کوشتن لە شوێنەکانی دەستگیرکردن بەردەوامبوون. بەپـێی SNHR لەوەتای ساڵی 2011 وە هەتا مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 14500 کەس بەهۆی ئەشکەنجەدانەوە گیانیان لەدەستداوە، لە نێویاندا 179 منداڵ و 91 ژن. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا دەڵێت 99% ی ئەو کەسانە بە دەستی هێزەکانی ڕژێم کوژراون، لەوانە115 کەسیان لە ماوەی ئەمساڵدا.

سەرەڕای ئەو ئاگربەستەی لە مانگی سێ ڕاگەیەندرا، ڕژێم هەر بەردەوامبوو لە بەکارهێنانی هەلیکۆپتەر و فڕۆکە بۆ ئەنجامدانی هێرشەکانی، ئەو بۆردومانانە بوونە هۆی کوژرانی سەدان کەسی سیڤیل لە ماوەی ئەمساڵدا.

لە ساڵی 2019 سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی پـێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشانەی کرابوونە سەر شوێنی سیڤیلی هاوبەشی ڕێکخراوە مرۆیـیەکان و لایەنە لەشکریـیەکان بە ئامانجی ڕاگرتنی پـێکدادانەکان لە مانگی نۆی 2018 هەتا 2019 لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا. لە مانگی چوار دەستەی لێکۆڵینەوەکە گەیشتە ئەو ئەنجامەی چوار لەو حەوت ڕووداوەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر کردن، زۆر شیانی هەیە ڕژێمی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی بەرپـرس بن لەو هێرشانەی کرابوونە سەر نەخۆشخانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. دەستەکە لە مانگی سێ ڕاپـۆرتی خۆی سەبارەت بە ئیدلیب بڵاوکردەوە، دەڵێت هۆکاری گونجاو هەن کە دەتهێنێتە سەر ئەو بڕوایەی هێزە ڕووسیایـیەکان تاوانبارن بە تاوانی جەنگ، وەکو هێرشی هەڕەمەکیـیانە بۆ سەر ناوچەی خەڵکی سیڤیل. هێزەکانی سەر بە حکومەتیش بەردەوام تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، وەکو هێرشی بە مەبەست بۆ سەر شوێنی پارێزراو و کارمەندانی تەندروستی. هێزەکانی سەر بە حکومەت یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیـیان پـێشێلکردووە کاتێک نەخۆش و برینداریان چارەسەر نەکردووە.

* بێسەروشوێنکردن:

هەروەها SNHR دەڵێت لە ماوەی ساڵی 2020 نزیکەی 1185 کەس بێ سەروشوێنکراون و بە گشتی لەوەتای ساڵی 2011 وە هەتا مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو 149360 کەس دەستگیرکراون یان بێ سەروشوێنکراون و بە لایەنی کەم 88% ی حاڵەتەکانی دەستگیرکردن ڕژێم لێیان بەرپـرسیارە.

لە مانگی حەوت، ڕۆژنامەوانی سوریایی وەفا عەلی مستەفا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گوت ژمارەی دەستگیرکراوان و خەڵکی بێ سەروشوێن هێشتا ڕوو لە زیادبوونە و هێشتا ڕژێم دەستگیرکردن "وەک چەکێک بۆ تۆقاندنی خەڵکی سیڤیل بەکاردەهێنێت."

هەتا مانگی دوازدە، ڕژێم نزیکەی 17 بڕیاری لێبوردنی دەرکردووە کە دواینیان لە مانگی سێدا بوو، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی کەمی خەڵکیان گرتووەتەوە.

تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ حاڵەتەکانی بێ سەروشوێنکردن لە مانگی هەشت داوای لە ڕژێم کرد زانیاری بداتێ سەبارەت بە 113 کەس کە بەپـێی ڕاپـۆرتەکان لە نێوان مانگی پـێنجی 2019 هەتا مانگی پـێنجی 2020 بێسەروشوێنکراون لەلایەن ڕژێمەوە، بەڵام تیمەکە هیچ وەڵامێکی لە ڕژێمەوە پـێنەگەیشت.

هەروەها تیمەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپـۆرتی پـێگەیشتووە لەمەڕ بێ‌سەروشوێنکردنی خەڵکی بە ژن و منداڵیشەوە، لەلایەن گروپە چەکدارە جیاوازەکانەوە، لەوانە ئەو گروپانەی سەر بە هێزەکانی تورکیان.

* ئەشکەنجەدان و شێوازی ڕەفتارکردن و سزای قورس و نامرۆیی و ناپیشەییانە:

بەپـێی یاسا ئەشکەنجەدان و لێدان و سووکایەتیپـێکردن قەدەغەیە، وە پـێشێلکردنی ئەم یاسایە سزاکەی دەگاتە هەتا 3 ساڵ زیندانی. بەڵام چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کۆمیتەکانی لێکۆڵینەوە و ڕێکخراوە ناحکومیـیە خۆجێـیەکان ڕاپـۆرتیان لەسەر هەزاران حاڵەتی بڕواپـێکراو کردووە کە ڕژێم بە بەرنامە خەڵکی ئەشکەنجە دەدات و مامەڵەی خراپ لەگەڵ ئەو کەسانە دەکات کە بە بەرهەڵستکاریان دادەنێت.

ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ لەلایەن ڕژێمەوە بە درێژایی شەڕی ناو وڵاتەکە دۆکۆمێنتکراون، تەنانەت پـێش ساڵی 2011 ش. سەنتەری ئەوروپا بۆ مافە دەستوریـیەکان و مافەکانی مرۆڤ دەڵێت هەرچەندە زۆربەیان ئەوانەی ئەشکەنجە دەدرێن بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی زانیاریـیە، بەڵام مەبەستی سەرەکی ڕژێم لە ئەشکەنجەدان تۆقاندن و سەرشۆڕکردنی دەستگیرکراوانە.

لە کاتێکدا زۆربەی باسەکان لە بارەی دەستگیرکراوانی نێرنەن، بەڵام هەتا دێت و ڕاپـۆرتی زیاتر دێن لە بارەی ئازاردانی مێینە بە دەستی ڕژێمەوە. چالاکوانان جەخت لەوە دەکەن زۆربەی حاڵەتەکان باس ناکرێن، چونکە هەندێک لەو دەستگیرکراوانە ڕازی نین ناویان بهێنرێت یان باس لە کەیسەکانیان بکرێت، ئەمەش لە ترسی تۆڵەکردنەوەی ڕژێم. بەپـێی ڕاپـۆرتەکان زۆرێک لەوانەی لە کاتی دەستگیرکردندا ئەشکەنجەدراون گیانیان لەدەستداوە.

کەسێکی لەشکری کە لە ڕژێم جیابووەتەوە و بە "قەیسەر" ناودەبرێت، لە مانگی چوار لە دەرەوەی وڵات گەواهی دا و گوتی فەرمانی پـێکرابوو وێنەی تەرمی ئەو کەسانە بگرێت کە لە ژێر ئەشکەنجەدان گیانیان لەدەستدابوو لە زیندانەکانی ڕژێم لە نێوان ساڵانی 2011 هەتا 2013 . قەیسەر کە هەزاران لەو وێنانەی گەیاندە دەرەوەی وڵات، دەڵێت تەرمەکان ئاسەواری سووتاندن و خنکاندن و شوێن لێدانی کێبڵیان لەسەر بووە. ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان ڕاپـۆرتیان لەسەر شێوازەکانی ئەشکەنجەدانەکان کردووە، لەوانە شتکردن بە ناو کۆم و زێ و پشت چەمانەوەی لە ڕادەبەدەر.

* ڕەوشی گرتوخانە و زیندانەکان:

بارودۆخی زیندان و ناوەندەکانی دەستگیرکردن زۆر خراپن و لە زۆر حاڵەتدا جێی مەترسین بۆ سەر ژیانی دەستگیرکراوان بەهۆی کەمی خۆراک و قەرەباڵغی زۆر و مامەڵەی خراپی جەستەیی و دەروونی و نەبوونی مەرجەکانی تەندروستی لەگەڵ خزمەتگوزاریـیە تەندروستیـیەکان.

لە مانگی چوار، کۆمسیاری مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هوشداری دا سەبارەت بە مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێو زیندانەکان، وەکو کۆڤید- 19 .

توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR مەزەندەکات بە لایەنی کەم 149360 کەس لە زیندانەکاندا بن یان بێ سەروشوێنکرابن و بە لایەنی کەم 88% ی حاڵەتەکانی دەستگیرکردن ڕژێم لێیان بەرپـرسیارە.

زیندانەکان زۆر قەرەباڵغن و گەورە و مێرمنداڵ و دەستگیرکراو و مەحکومدراو هەموویان پـێکەوە لە یەک ژوری زیندان دانراون و بەپـێی کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ هێشتا ڕژێم منداڵان لەگەڵ گەورە لە زیندانەکاندا دادەنێت.

ڕاپـۆرتەکانی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ دادوەری ICTJ ئاماژە بەوە دەکەن کە هێشتا شوێنی دەستگیرکردنی نافەرمی هەن و دەسەڵاتداران هەزاران کەس لە بنکەی لەشکری و قوتابخانە و یاریگا و شوێنی نهێنی دەستگیردەکەن. چالاکوانان دەڵێن ڕژێم کاتێک لە خۆپـیشاندانەکان خەڵکی دەستگیرکردووە بردوونی بۆ کارگە و عەمباری چۆڵ و لەوێ زیندانیکردوون کە هیچ مەرجێکی تەندروستیان تێدا نیـیە. لە هەندێک حاڵەتدا دەسەڵاتداران دەستگیرکراوەکانیان لە شوێنی دەستگیرکردنی نافەرمی گواستووەتەوە بۆ شوێنەکانی دەزگای هەواڵگری.

بارودۆخی دەستگیرکراوان لە شوێنەکانی ئاسایش و هەواڵگری لە هەمووی خراپـترە، بە تایبەتی بۆ زیندانیانی سیاسی و ئەوانەی بە تۆمەتی ئاسایشی نەتەوەیی دەستگیرکراون. هەوای ئەو شوێنانە ناگۆڕێت و پاک نین، ڕووناکیان تێدا نیـیە، ئاو و خۆراکی پـێویست بە دەستگیرکراوان نادرێن، نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی، نەبوونی جێی نووستن.

ڕێکخراوە ناحکومیـیە خۆجێـیەکان و شارەزایانی تەندروستی دەڵێن دەسەڵاتداران ڕەتیانکردووەتەوە خزمەتی تەندروستی پـێشکەشی ئەو زیندانیکراوانە بکرێت کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، وەکو شەکرە و ڕەبو و شێرە پەنجەی مەمک، تەنانەت زۆر جاریش ژنی دوو گیانیش هیچ خزمەتگوزاریـیەکی تەندروستی پـێشکەش نەکراوە.

بەپـێی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا، لە بنکەکانی دەستگیرکردنی لایەنە ناحکومیـیەکانی وەکو هەیئەت تەحریر ئەلشامی سەر بە ئەلقاعیدە یاسای نێودەوڵەتی پـێشێلدەکرێت.

مانگی سوور و خاچی سوور بەردەوامن لە دانوستاندن لەگەڵ هەموو لایەنەکان بۆ گەیشتن بە شوێنەکانی دەستگیرکردن لە تەواوی وڵاتەکە، بەڵام لە ماوەی ساڵەکەدا نەیانتوانیوە بگەنە هیچ کام لە شوێنەکانی دەستگیرکردنی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ماوەی ساڵەکەدا ڕێگەیان داوە بە ڕێکخراوە ناحکومیـیەکانی، ئەوانەی نەتەوە یەکگرتووەکان پـێشتیوانیان لێدەکات، لەوەی بچنە ناو زیندانەکانیانەوە.

ڕاپـۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن زۆر جار ڕژێم حکومەتە بیانیـیەکانی ئاگادار نەکردووەتەوە لەوەی هەستاوە بە دەستگیرکردن یان ئازادکردن یان دەرکردنی هاوڵاتیانیان، بە تایبەتی کاتێک کەیسەکانیان پەیوەندی بە سیاسەت یان ئاسایشی نەتەوەیـیەوە هەبووبێت. هەروەها ڕژێم ڕێگەی نەداوە کونسوڵخانەکان بگەنە لای ئەو هاوڵاتیـیە بیانیانەی زانراوە زیندانیکراون، وە لە چەندین بۆنەدا ڕژێم ئیدیعای کردبوو ئەو کەسانە لای ئەوان دەستگیرنەکراون یان تەنانەت نکوڵی کردبوو لە وڵاتەکەیاندا بن.

* دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی:

دەستور دەستگیرکردن و دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی قەدەغەکردووە، بەڵام بڕیارێکی ساڵی 2011 ڕێگە دەدات ڕژێم گومانباران بە "تێرۆرزم" یان تاوانەکانی پەیوندیان بە تێرۆرزمەوە هەیە بۆ هەتا 60 ڕۆژی دەستبەسەربکرێن بەبێ ئەوەی هیچ تۆمەتێکیان ئاڕاستەبکرێت.

کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و ڕێکخراوە ناحکومیـیە جیاجیاکان و چالاکوانان و دەستگیرکراوە سیاسیـیەکانی پـێشوو دەڵێن پـۆلیس زۆر کەس بۆ ماوەی زۆر درێژتر یان بۆ کاتی نادیار خەڵک دەستگیردەکات. یاسا دەڵێت هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە لە بەردەم دادگاکاندا تانە لە دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنەکەی بگرێت و بڵێت نایاسایـیە، بەڵام ڕژێم ڕێزی لەم خاڵە نەگرتووە. بەپـێی COI و سەرچاوە هەواڵیـیەکانی خۆجێـی و ڕێکخراوە جیاوازەکانی مافی مرۆڤ دەستگیرکردنی هەڕەمەکی لە ماوەی ساڵەکەدا بەردەوامبوو.

* پرۆسەکانی دەستگیرکردن و ڕەفتارکردن لەگەڵ گیراوەکاندا:

توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی سەر بە ڕژێم بەرپـرس بوون لە دەستگیرکردنی 500 کەس لە شەش مانگی یەکەمی ساڵەکەدا، لە نێو دەستگیرکراوەکان 8 کەسی خوار تەمەن 18 ساڵ هەن لەگەڵ 11 ژن. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI ئەویش دەڵێت هێزەکانی ڕژێم و میلیشیاکانی هێشتا دەیان هەزار کەسیان لە نێو زیندانەکان هێشتووەتەوە کە بە شێوەی هەڕەمەکیانە یان نایاسایـیانە دەستگیرکراون. دەشڵێت ئەو ژنانەی پەیوەندی خێزانیـیان بە چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن هەیە یان ئەوانەی لێیان جیابوونەتەوە، دەستگیریان دەکەن بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری یان بۆ تۆڵەسەندنەوە.

هەروەها ڕاپـۆرت هەن باس لەوە دەکەن گروپی چەکداری دەرەوەی ڕژێم ئەوانیش بە شێوەیەکی هەڕەمەکیـیانە خەڵکیان دەستگیرکردووە یان بە شێوەیەکی نایاسایی خەڵکیان دەستبەسەرکردووە. ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەری (سوريون من أجل الحقيقة والعدالة) STJ دەڵێت گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات دانیشتوانیان دەستگیرکردووە لەسەر ئەوەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی باکوری سوریایان. بۆ نمونە STJ دەڵێت پـۆلیسی سەر بە لەشکری نیشتمانی سوریا SNA کە هاوبەندیـیەکە لە گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا و حکومەتی تورکیا پـشتیوانیان دەکات، لە 8 ی مانگی چوار هەڕەمەکیانە ژمارەیەک کوردی سیڤیلیان دەستگیرکردووە (سامیە عەلۆ، عەبدولحەمید شێخۆ ، مستەفا ئەحمەد ئیبراهیم ، عەبدولڕەحمان مستەفا عەلۆ ، ڕەشید مستەفا ئیبۆ)، وە بۆ ئازادکردنیان داوای پارەیان لە کەسوکاریان کردووە.

* نەبوونی دادگاییەکی ڕەوای ئاشکرایانە:

بەپێی دەستور سیستەمی دادوەری سەربەخۆیە، بەڵام هەمیشە لە ژێر هەژمونی سیاسیدا بووە. داواکارانی گشتی و پارێزەران ڕووبەڕووی تۆقاندن و مامەڵەی خراپ دەبنەوە. کەیسەکانی کە تیایاندا تۆمەتبارەکان لە ئۆپـۆزسیۆنن، ئەوا پـێشتر بڕیاریان لەسەردراوە، وە هەندێک جار تۆمەتبارەکان بەرتیلیان داوە بە کاربەدەستانی دادوەری و داواکارانی گشتی. بەپـێی توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەسەڵاتدرانی ڕژێم لە ماوەی ساڵەکەدا بە لایەنی کەم 1730 کەسیان دەستگیرکردووە کە تیایاندایە لە ڕێکخراوە ناحکومیـیەکانە ، چالاکوانی سیڤیلە ، ڕۆژنامەوانە ، کەسایەتی ئاینیە ، کارمەندی فریاگوزاریە ، کارمەندانی تەندروستی.

* زیندانیان و گیراوە سیاسییەکان:

ڕاپـۆرتی زۆر کراون لە بارەی زیندانیان و دەستگیراوانی سیاسی. ناوەندی سوریایی بۆ ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین (المركز السوري للإعلام وحرية التعبير) دەڵێت ڕژێم بەردەوامبووە لەوەی بە بەرنامە خەڵکی سیڤیل دەستگیردەکات. ئەو کەسانەی زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە ئەوانە بوون کە وەک بەرهەڵستکاری ڕژێم لێـیان دەڕوانن، لەوانە خۆپـیشاندەرانی ئاشتیخواز و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و جودابیرە سیاسیـیەکان و خێزانەکانیان.

چوار دەزگا هەواڵگریـیەکەی ڕژێم (هێزی ئاسمانی، لەشکری، ئاسایشی سیاسی، ئاسایشی گشتی) لە زۆربەی حاڵەتەکانی دەستگیرکرن و دەستبەسەرکردن بەرپـرسبوون.

دەسەڵاتداران بەردەوامبوون لە ئاشکرانەکردنی زانیاری سەبارەت بە ژمارە یان ناوی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی سیاسی یان ئاسایشی دەستگیرکراون. گروپەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پـزیشک و کارمەندانی مرۆیی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەوانان لە نێو دەستگیرکراوەکاندان.

ڕاپـۆرتەکان دەڵێن بارودۆخی زیندانیانی سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیی، بە تایبەتی ئەوانەی بە ئەندامێتی لە ئۆپـۆزسیۆن تۆمەتبارکراون، هێشتا زۆر خراپترە لە تاوانبارانی ئاسایی. بەپـێی ڕێکخراوە ناحکومیـیە خۆجێـیەکان، دەسەڵاتداران بە مەبەست زیندانیانی سیاسی دەخەنە نێو ئەو زیندانانەی پـڕن لە تاوانبارانی ئاسایی، وە بە مەبەست ئازاری دەروونی و جەستەیی دەدرێن و لەسەر ئاستێکی فراوان ئەشکەنجە دەدرێن. زیندانیـیە سیاسیـیەکان وتویانە زۆر جار بەهۆی کەمی جێگای نووستن لەسەر زەوی خەوتوون، ئەمە جگە لەوەی بەردەوام دەیانپشکنن. بەپـێی ڕاپـۆرتی کەسوکاری زیندانیان، بە تایبەتی "خێزانەکان لە پـێناو ئازادی" ، دەسەڵاتداران ڕێگەیان نەداوە بە زۆرێک لە زیندانی سیاسی کەسوکاریان یان پارێزەرەکانیان ببینن. هەندێک لە دەستگیرکراوەکان و چاودێرانی مافی مرۆڤ دەڵێن ڕژێم ڕێگەی بە زیندانی سیاسی نەداوە بخوێنەوە، لەوانە خوێندنەوەی قورئان، وە ڕێگەی لێگرتوون نوێژ بکەن.

* گەڕاندنەوەی موڵک

هێزەکانی ئاسایشی سەر بە ڕژێم بە شێوەیەکی ڕۆتینی دەستدەگرن بەسەر موڵک و شت‌ومەک و ئامێرە ئەلیکترۆنیـیەکانی ئەو کەسانەی دەستگیریان دەکەن. بەپـێی یاسا موڵکی گواستراو و نەگواستراوی کەسانی تاوانبار بە تێرۆرزم دەستیانبەسەردادەگیرێت، ئەمەش یاسایەکە لەوەتای ساڵی 2012 وە بۆ نەیارانی سیاسی و دەستگیراوانی دیکە بەکاردەهێنرێت.

بەپـێی یاسا دەبێت هێزە ئاسایشیـیەکان ئەو شت‌ومەکانە بنووسن کە لە دەستگیراوەکانی دەسێنن، ئەمەش بۆ ئەوەی کە ئازاددەکرێن بیاندەنەوە، بەڵام زۆر جار دەسەڵاتداران شت‌ومەکەکانیان نادنەوە.

بەپـێی ڕاپـۆرتە میدیایـیەکان و چالاکوانان، هێزەکانی ڕژێم دەستیانگرتووە بەسەر موڵک و ماڵی ئەو خەڵکەی ئاوارەبوون. دادگا لەشکریـیەکانیش دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەو موڵکانە بدەن کە کەس ئیدیعای خاوەندارێتیان نەکات، بۆیە ڕێگەیەکی یاسایـیان هەیە بۆ بردنی موڵکی ئەو خەڵکەی ئاوارە و پەنابەر بووە. دۆخەکە هێندەی دیکە ئاڵۆزبووە بەهۆی لەناوچوونی تاپـۆی زۆرێک لەو موڵکانەی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپـۆزسیۆن بوون لە پاش ڕاپەڕینی ساڵی 2011 .

هەروەها ڕاپـۆرت کراوە گروپە چەکدارەکانیش دەستیانگرتووە بەسەر موڵک و ماڵی دانیشتوان. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI لە مانگی نۆ ڕاپـۆرتی کردووە و تیایدا دەڵێت لە عەفرین و سەری کانی بە بەرنامە موڵک و ماڵی خەڵکی تاڵانکراون و دەستیانبەسەرداگیراوە لە لایەن لەشکری نیشتمانی سوریا SNA . دەشڵێت چەکدارانی ئۆپـۆزسییۆنی سوریا و خێزانەکانیان دەستیانگرتووە بەسەر ماڵی ئەو خەڵکە سیڤیلەی کە بە پلەی یەک کوردن و هەڵهاتن یان لە ڕێگەی هەڕەشە و زۆرداری و کوشتن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردن لە کۆتایـیدا ناچارکران ماڵەکانیان جێبهێڵن. کۆمیتەکە باس لەوەش دەکات قوتابخانە و کۆمپانیا و ئامێرە کشتوکاڵیـیەکانیش بە تاڵان براون.

* پـێشێلکارییەکان لە قەیرانە ناوخۆییەکاندا

ڕژێم و میلیشیاکانی لایەنگری وەکو هێزەکانی بەرگری نیشتمانی و گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن و هێزەکانی سوریای دیموکرات و گروپە توندەڕەوەکانی وەکو هەیئەت تەحریر ئەلشام و داعش و گروپە تێرۆرستیـیە بیانیـیەکانی وەکو حزبوڵڵا، هەموویان بە درێژایی ساڵەکە بەردەوامبوون لە شەڕکردن. حکومەتەکانی ڕووسیا و تورکیا و ئێران، ئەوانیش بەشداریـیان لە شەڕەکاندا کردووە و پشتیوانیان لەو گروپە چەکداریانە کردووە کە لە وڵاتەکەدا شەڕدەکەن.

خراپـترین پـێشێلکاری و دەستدرێژیکردنە سەر مافەکانی مرۆڤ لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە ڕژێم بە بەرنامە سەلامەتی و خوشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی پشتگوێ خستووە.

هەتا مانگی نۆ، زیاتر لە 5.5 ملیۆن پەنابەری سوریایی لەلایەن کۆمسیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە وڵاتانی دراوسێ تۆمارکراون، و زیاتر لە 6.6 ملیۆن کەسیش لە ناوخۆی وڵاتەکە ئاوارەبوون، لەگەڵ ئەوەدا مەزەندەی کردووە 11.1 ملیۆن کەس پـێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەبێت، لەوانە 1.1 ملیۆن کەس لەو ناوچانەی گەمارۆدراون و قورسە یارمەتیان بۆ ڕەوانەبکرێت.

ڕووسیا و ئێران و تورکیا لە ماوەی ساڵەکەدا بەشداربوون لە شەڕی سوریا. کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI ، ڕووسیا بە بەرپـرسیار دادەنێت لەو هێرشە ئاسمانیـیانەی بە درێژایی ساڵەکە کرانە سەر باکوری ڕۆژئاوای سوریا.

هەروەها شایەتحاڵان و چاودێرانی مافی مرۆڤی خۆجێی ڕاپـۆرتیان کردووە کە لە 16 ی مانگی دە لە عەین عیسا و لە ئەنجامی هێرشێکی هێزەکانی تورکیا یان گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات کوڕێکی مێرمنداڵ کوژراوە و یەکێکی دیکە برینداربووە. ئەم ڕووداوە ناکۆکی لەسەرە. سەرچاوە فەرمیـیەکانی حکومەتی تورکیا دەڵێن لەو کات و شوێنەدا وەڵامی تەقەی دوژمنیان داوەتەوە کە ئەمەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەوەی تورکیا وتویەتی چوار هەتا شەش چەکداری یەپەگەی لە "جوڵە خستووە" ، ئەمەش دەستەواژەیەکە دەسەڵاتدارانی تورکیا بەکاریدەهێنن بۆ کوشتن یان بەدیلگرتن یان نەهێشتن چەکداری بەرامبەر لە مەیدانی شەڕدا. تورکیا یەپەگە بە لقی سوریای پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنێت کە لەلایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆرستی بیانی دانراوە. بەپـێی میدیاکان ، هێزەکانی یەپەگە تەقەیان لە هێزەکانی تورکیا و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن کردووە لە پاش ئەوەی تورکیا لە مانگی دەی ساڵی 2019 چووە ناو باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەروەها لە مانگی یازدە و دوازدەی ساڵی 2020 یش تەقەیان کردووە لە میانەی شەڕ لە دەوروبەری عەین عیسا، لەوانە لە نزیک شوێنی سیڤیل.

لە ماوەی ساڵەکەدا باس لەوە کراوە گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات لە دەرەوەی یاسا خەڵکیان کوشتووە. بۆ نمونە ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەری (سوريون من أجل الحقيقة والعدالة) STJ دەڵێت گروپی سوڵتان موراد لە مانگی پـێنج ئیبراهیم ئەلیوسفیان دەستگیرکردووە و کوشتوویانە پاش هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ وەرگرتنی سەرانە. لە مانگی هەشت، ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی و عەفرین پـۆست گوتیان چەکدارانی فەیلەق ئەلشام پـیاوێکی سیڤیلی ئێزیدی تەمەن 63 ساڵیان کوشتووە بە ناوی نوری جمۆ عومەر شەرەف پاش هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ وەرگرتنی سەرانە. هەروەها چاودێرانی مافی مرۆڤ باسیان لە مردنی چەند کەسێک کردووە لە ژێر ئەشکەنجەدان لە شوێنەکانی دەستگیرکردنی سەر بە فیرقەی ئەلحەمزە و پـۆلیسی لەشکری گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن SNA. لە ماوەی ساڵەکەدا حکومەتی کاتی سوریا، ئەوەی ئۆپـۆزسیۆن، ڕایگەیاند لیژنەیەکی لە ناو وەزارەتی بەرگری پـێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لەو پـێشێلکارینانەی دەڵێن کراون. حکومەتی کاتی بڕیاری دا یەکێک لە چەکدارانیSNA سزای زیندانی هەتاهەتایی بدات لەسەر کوشتنی هەڤرین خەلەف کەسایەتی سیاسی کوردی و سکرتێری گشتی پارتی ئایندەی سیاسی سوریا لە ساڵی 2019 ، وە کۆمەڵێک پـێشێلکاری دیکەی SNA لە میانەی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" . لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی کاتی سوریا بڕیاری حوکمەکەی ڕانەگەیاند و پاشان بۆ 10 ساڵ زیندانی کەمی کردەوە. گروپەکانی مافی مرۆڤ و ئەوانەی ڕووداوەکان دۆکۆمێنت دەکەن دەڵێن بڕوایان بە حکومەتی کاتی نیـیە لەوەی دەڵێت لێپـرسینەوە لە پێشێلکاریـیەکان دەکات.

کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR و گروپی دیکەی مافەکانی مرۆڤ، ڕاپـۆرتیانکردووە چەند ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو تەقێندراونەتەوە لە باکوری سوریا لە ناوچەکانی ژێر دەستی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO، لە ئەنجامدا دەیان کەسی سیڤیل کوژراون. ئاماژە بەوە دەکەن لە ماوەی ساڵەکەدا هێرشەکان زیادیانکردووە. هاوکات بە شێوەیەکی گشتی کەس بەرپـرسیارێتی خۆی لەو هێرشانە ڕاناگەیەنێت، بەڵام کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا دەڵێن زۆربەی ئەو هێرشانە گروپەکانی سەر بە پەکەکە ئەنجامیانداون.

بەپـێی توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR، هەرچەندە داعش چیتر هیچ ناوچەیەکی گەورەی لە ژێر دەست نەماوە، بەڵام هێشتا چارەنووسی 8143 کەس نازانرێت کە لەوەتای ساڵی 2014 وە بە دەستی داعش دیارنەماون. مەزەندەدەکرێت 6 هەزار ژن و منداڵ لە نێو ئەو کەسانەدابن کە لە باکوری عێراق ڕفێندران، زۆربەیان ئێزیدین کە داعش بەرەو سوریای بردن و وەک کۆیلەی سێکسی فرۆشتنی یان ناچاری کردوون شوو بە چەکدارانی داعش بکەن یان وەکو دیاری دراون بە ڕێبەرانی داعش. ڕێکخراوی یەزدای ئێزیدیـیەکان دەڵێت زیاتر لە 3 هەزار ژن و منداڵی ئێزیدی لە دەستی داعش هەڵهاتوون یان لە ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا ڕزگارکراون یان لە دیلی ئازادکراون، بەڵام هێشتا نزیکەی 2800 کەسیان بێ سەروشوێنن.

کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI ڕاپـۆرتی کردووە هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامن لە دەستگیرکردنی خەڵکی سیڤیل، لەوانە ژن و منداڵ، کە بەبێ هیچ تۆمەتێک دەستگیریانکردوون. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت لەوەتای قەیرانی سوریا دەستیپـێکردووە لە ساڵی 2011 ، زیاتر لە 3 هەزار سوریایی کە 169 ژن و 602 منداڵیان لە نێودایە بێ سەروشوێنن پاش ئەوەی بە دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستگیرکران.تۆڕی SNHR و ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەریSTJ ، دەڵێن ڕۆژنامەوانان و چالاکوانانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی پارتەکانی ئۆپـۆزسیۆن و کەسانی سەر بە گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا SNA لە نێو ئەو کەسە سیڤیلانەدان کە دەستگیرکراون. لە هەندێک حاڵەت شوێنی دەستگیرکردنی ئەو خەڵکە نازانرێت. بۆ نمونە تۆڕی SNHR دەڵێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لە مانگی سێی 2019 محەمەد موحسن ئیبراهیمیان لە ماڵەکەی لە دێرزور دەستگیرکرد، هێزەکانی سوریای دیموکرات هەتا مانگی نۆ هیچیان لە بارەیەوە ڕانەگەیاند هەتا ئەو کاتەی کەسوکاری زانیان لە زینداندا گیانی لەدەستداوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامبوون لە ڕێگەدان بە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ICRC لەوەی بچنە ناو شوێنەکانی دەستگیرکردن هەتا چاودێری دۆخەکە بکەن و ڕاپـۆرتی خۆیان لە بارەیانەوە پـێشکەش بکەن. لە مانگی نۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی هێزەکانیان کرابوون لە ڕاپـۆرتی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI .

کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ HRW و لێبوردنی نێودەوڵەتی Amnesty International و چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی سوریایی ڕاپـۆرتیان کردووە لەسەر ڕفاندن و دەستگیرکردنی خەڵکی بە دەستی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO، لەوانە گروپەکانی (سوڵتان موراد، فەیلەق ئەلشامیە، فرقەت حەمزە، ئەلجەبهە ئەلشامیە، پـۆلیسی لەشکری SNA).

توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا چەکدارانی سەر بە ئۆپـۆزسیۆنی سوریا ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات 185 کەسیان ڕفاندووە و دەستگیرکردووە. هەریەک لە کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەری STJ و سەنتەری تۆمارکردنی پـێشێلکاریـیەکان VDC حاڵەتەکانی ڕفاندنی ژنانیان تۆمارکردووە کە لە عەفرین لەلایەن گروپەکانی TSO کراون، وە هەندێک لەو ژنانە ئەوا چەند ساڵە بێ سەروشوێنن.

بەپـێی کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI ، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆنن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO ، ڕەوشەکە ناسەقامگیربوون بەهۆی زیادبوونی شەڕی نێوان گروپەکان.

زۆر جار ئەو کەسانەی لەلایەن گروپەکانی TSO ڕفێندراون، کوردن یان ئێزیدین یان چالاکوانن کە بە ئاشکرا ڕەخنە لە گروپەکانی TSO دەگرن یان کەسانێکن وەها لێـیان دەڕوانن سەر بە یەپەگە یان بەڕێوەبەرایەتی پـێشووی کوردی عەفرین بن.ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین و سەنتەری تۆمارکردنی پـێشێلکاریـیەکان VDC و میدیای عێراقی ڕووداو ڕاپـۆرتیان کردووە لە 27 ی مانگی دوو ئارین دیلێ حەسەن کە ژنێکی ئێزیدیە لە شاری عەفرین ڕفێندراوە. لەو بڕوایەدان لە زیندانی قەڵا لە ناوچەی باسوتەی عەفرین دەستگیرکرابێت.

لە مانگی شەش "خێزانەکان لە پـێناو ئازادی" و هاوبەندیـیەک کە لە 11 گروپی دیکەی مافی مرۆڤ پـێکهاتووە ڕاپـۆرتیان کرد کە لە ئەنجامی شەڕێکی نێوان جەیش ئەلئیسلام و فرقەت ئەلحەمزە کە 3 کەسی سیڤیل کوژران، بە لایەنی کەم 8 ژن کە دەستگیرکرابوون و بێ سەروشوێنکرابوون لە بارەگایەکی فرقەت ئەلحەمزە دۆزرانەوە.

هەروەها ڕاپـۆرتیش کراون کە گروپە چەکدارەکانی ئۆپـۆزسیۆن بە شێوەی ئەشکەنجەدان ئازاری جەستەیی خەڵکیان داوە. بە پـلەی یەکەم ئەوانەیان کردووەتەوە ئامانج کە بەکرێگیراو و هاوکاری ڕژێم بوون لەگەڵ ئەوانەشی لە میلیشیاکانی ڕژێم بوون یان لە گروپە چەکدارەکانی ڕکابەریان بوون.

توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت لە نێوان 2011 وە هەتا مانگی شەش، زیاتر لە 43 حاڵەتی مردنی ئاکامی ئەشکەنجەدان بە دەستی گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن ڕوویانداوە، زیاتر لە 26 حاڵەت بە دەستی گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام (یەکێکیان منداڵ بووە)، زیاتر لە 33 حاڵەت بە دەستی داعش (منداڵێک و 13 ژن لە نێوانیاندا بوون)، 52 حاڵەت بە دەستی هێزە کوردیـیەکان.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیش دەستیان هەبووە لە چەندین حاڵەتی ئەشکەنجەدان. توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR دەڵێت هەسەدە ئەشکەنجەی بەکارهێناوە وەک ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە کاتی لێکۆڵینەوەدا.

توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا لە 29 ی مانگی یەک ڕاپـۆرتی کردووە کە ئاگادارکراوەتەوە لەوەی فەجر ئیبراهیم لە پاش ئەوەی لە مانگی دووی 2020 لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە دەستگیرکرابوو لە ئەنجامی پشتگوێخستنی باری تەندروستی گیانی لەدەستداوە.

هەروەها توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا دەڵێت کەسێک بە ناوی مەعاز محەمەد ئەلکال کە خەڵکی ڕەققەیە، لە مانگی دوو دەستگیرکرابوو لەسەر ناردنی پارە بۆ خێزانەکانی سەر بە داعش. دەڵێن لە زینداندا لە ژوری تاکە کەسی دانرابوو و خواردنیان نەداوەتێ و بۆ چەند ڕۆژێک لێـیدراوە و ئەشکەنجە دراوە.

توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا باسی لەوەش کردووە لە مانگی سێ ڤیدیۆیەکی کامێرای چاودێری زیندانی غویرانی حەسەکەی دەستکەوتووە کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیکراوان خراونەتە ژورەکانەوە.

لە مانگی نۆ کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI، ڕاپـۆرتی کردووە چەند حاڵەتێکی ئەشکەنجەدان لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕوویانداوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی پـرۆتۆکۆلەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەشکەنجەدان بەکارناهێنرێت وەک تەکنیکێک بۆ لێپـرسینەوە، وە دەستیانکرد بە لێکۆڵینەوە لەو حاڵەتی ئەشکەنجەدانانەی کۆمیتەی COI ئاماژەیان پـێکردبوون. لە مانگی نۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات گوتیان دەستیانکردووە بە لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو تۆمەتانەی لە ڕاپـۆرتی کۆمیتەکە ئاڕاستەی هێزەکانیان کراون.

بەپـێی توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR ، لە ڕاپـۆرتی مانگی شەش لە بارەی ئەشکەنجەدان لە سوریا دەڵێت گروپی هەیئەت تەحریر ئەلشام HTS بەردەوامە لەسەر دەستگیرکردن و ڕفاندنی ڕۆژنامەوان و جودابیرە سیاسیـیەکانی، لەوانە عومەر ئەلعیس کە چالاکوانێکی مافەکانی مرۆڤە لە زیندانی عوقاب بۆ ماوەی 126 ڕۆژ دەستگیریان کردبوو و لە زیندانی تاکە کەسی هێشتبوویانەوە. عومەر پاش ئازادکردنی گوتویەتی هەموو ڕۆژێک گوێی لە دەنگی ئەشکەنجەدان بووە. لە مانگی چوار چەکدارانی هەیئەت تەحریر ئەلشام لە شارۆچکەی سەرمینی ڕۆژهەڵاتی شاری ئیدلیب کەسێک بە ناوی حەسەن ساڵح عەباس دەڕفێنن، خێزانەکەی گوتویانە لە 20 ی مانگی چوار زانیاریان پـێگەیشتووە کە ئەشکەنجەیان داوە هەتا گیانی لەدەستداوە.

گروپەکانی مافی مرۆڤ بەردەوامن لە ڕاپـۆرتکردن لە بارەی هەیئەت تەحریر ئەلشام کە بە فەرمی ئیدانەی علمانیەت دەکات و بە شێوەیەکی ڕۆتینی لەو ناوچانەی لە ژێر دەستیدان ڕۆژنامەوانان و چالاکوانان و خەڵکی دیکەی سیڤیل دەستگیردەکات کە پـێی پـێچەوانەی شەریعەت و ڕێساکانی ڕەفتاریان کردووە. هەروەها لە دادگاکانیان ڕێگەیان لە تۆمەتبارەکان گرتووە داکۆکی لە خۆیان بکەن و تانە لە بڕیارەکانیان بگرن. لە هەمان کاتدا ڕێگەیان داوە لە ژێر ئەشکەنجەدان دانپـیادانان (ئیعتراف) بە خەڵکی بکەن، کەسانی جودابیری سیاسی و خێزانەکانیان بێ سەروشوێن بکرێن و لەسێدارە بدرێن، بە زۆر خەڵکی سیڤیلی عەلەوی و دروزی ناچاربکرێن ئاینی خۆیان بگۆڕن، وە ئەوەی ڕەتیبکاتەوە ئەوا دووچاری دەستگیرکردن و بێ سەروشوێنکردن دەبێت.

کۆمیتەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوون بە دوای ڕاستیـیەکان لە سوریا COI و ئۆفیسی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ OHCHR و گروپەکانی مافی مرۆڤ ڕاپـۆرتیان کردووە کە لەوەتای مانگی یەکی ساڵی 2018 وە، گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO هەستاون بە ئەشکەنجەدان و کوشتنی خەڵکی سیڤیل لە عەفرین و لەوەتای مانگی دەی ساڵی 2019 وە هەمان تاوانیان کردووە لەو ناوچانەی لە میانەی ئۆپەراسیۆنی"کانی ئاشتی" تورکیا دەستیان بەسەریانداگرتوون.

کۆمیتەی COI لە مانگی سێ ڕاپـۆرتی کردووە هۆکاری گونجاو هەن بۆ ئەوەی بڕوابکرێت گروپە چەکدارەکانی لە ژێر ناوی لەشکری نیشتمانی سوریادان تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە لە عەفرین و ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی "کانی ئاشتی" ، ئەویش بە گرتنی بارمتە و مامەڵەی رەق و خراپ و ئەشکەنجەدان.

کۆمیتەی COI لە مانگی نۆ ڕاپـۆرتی کردووە، گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO ، مێرمنداڵانیان ئەشکەنجەداوە و لاقەیانکردوون لەو شوێنانەی خەڵکی تیایدا دەستگیردەکەن، لەگەڵ ئەوانەشدا ئازادیـیانە لە ناوچەکانی عەفرین و سەری کانی نەهێشتووە.

سەنتەری تۆمارکردنی پـێشێلکاریـیەکانVDCو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆجێی لە مانگی حەوت ڕاپـۆرتیان کردووە گروپی فیرقەت حەمزەی سەر بە لەشکری نیشتمانی سوریا لە مانگی یازدەی 2019 کەسێکیان دەستگیرکردووە بە ناوی مەحمود حەسەن عومەر تەمەن 27 ساڵ کە خاوەن پـێداویستی تایبەتە. ئەم کەسە هەوڵی دابوو بگەڕێتەوە ماڵەکەی بەڵام بێ سەروشوێنیان کرد و ئەشکەنجەیان دا هەتا مرد.

کۆمیتەی COI و ڕێکخراوە ناحکومیـیە نێودەوڵەتیـیەکان و سوریایـیەکانی وەک ڕێکخراوی سوریایـیەکان لە پـێناو ڕاستی و دادپەروەری (سوريون من أجل الحقيقة والعدالة) STJ ، بە درێژایی ساڵەکە ڕاپـۆرتیان کردووە گروپەکانی ئۆپـۆزسیۆن، ئەوانەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات TSO ، تاڵانیانکردووە و ماڵی خەڵکی سیڤیل و شوێنی ئاینیـیان تێکداوە، بە تایبەتی ماڵی کورد و ئێزیدیـیەکان، ئەمەش بووە مایەی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆریخەڵکی سیڤیل.

هەروەها ڕاپـۆرت کراوە گروپە چەکدارەکانی TSO بەردەوامبوون لەوەی ڕێگە نەدەن بەو خەڵکە سیڤیلەی گڕاونەتەوە ماڵ و موڵکیان وەربگرنەوە و پـێیان وتوون بەهۆی پشتیوانیکردنیان لە یەپەگە بۆیان نیـیە لە ناوچەکەدا بژین.

دەستیانگرتووە بەسەر ماڵاندا و لەسەر دیواری دەرەوەی ماڵەکان نیشانە و ناوی گروپەکانیان نووسیوە و پاشان بەکارهێنراون وەک شوێنکی چەکداری بۆخۆیان یان داویانن بە چەکدار و خێزانەکانیان.

زۆرێک لە ڕێکخراوەکان، لەوانە STJ و VCD و al-Monitor ، دەڵێن گروپەکانی TSO وەکو فیرقەت ئەلحەمزە و سوڵتان موراد دەستیانگرتووە بەسەر ئامێری کشتوکاڵی و تانکەری ئاو و شتی دیکەی خەڵکی لە سەری کانی، پاشان شتەکانیان بە خاوەنەکانیان فرۆشتووەتەوە.

هەروەها ڕاپـۆرت کراوە فرقەت ئەلحەمزە و ئەحرار ئەلشەرقیـیە دەستیانگرتووە بەسەر ماڵ و عیادەی خەڵکی، پاشان بە کرێ داویانەتەوە بە خاوەنەکانیان.

کۆمیتەی COI و ڕێکخراوی میدیایی The Syria Report و ڕێکخراوی STJ ، لە مانگی هەشت و نۆ ڕاپـۆرتیان کردووە ئەنجومەنی بەڕێوەبەردنی سەری کانی، ئەوەی ئۆپـۆزسیۆن، دەستیگرتووە بەسەر 2 موڵک کە خاوەنەکانیان کوردن، وە ڕێکخراوێکی ناحکومی تورکی بە ناوی "دامەزراوەی بەهاناچوونی مرۆیی" هەردوو موڵکەکەی کردووە بە سەنتەرێکی ئاینی. خاوەنی هەردوو موڵکەکە داوایان لە ئەنجومەنەکە کردبوو قەرەبوویان بکاتەوە، بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە. پاشان لە مانگی شەش فەرمانڕەوای پارێزگای سانلی‌ئورفەی تورکیا لە مەراسیمێکدا قردێلەی کردنەوەی یەکێک لەو دوو سەنتەرەکەی بڕی.

گروپەکانی TSO بەردەوامبوون لەوەی ڕێگە نەدەن ئاو بگاتە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەڕای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا. ئۆفیسی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ OHCHR لە مانگی نۆ ڕاپـۆرتی کرد گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا کە لە سەری کانی کۆنترۆڵی وێستگەی ئاوی عەلۆک دەکەن بە بەردەوامی ئاوەکە دەگرنەوە، ئەمەش کاری کردووەتە سەر نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە شاری حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری، بە ئاوارە لێقەوماوەکانیشەوە. بەپـێی ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان لە مانگی دەی 2019 هەتا مانگی هەشتی 2020 وێستگەی ئاوی عەلۆک بە ڕێژەی 55% ی کات ئاوەکەی بڕابوو بەهۆی ئەوەی گروپەکانی TSO ڕێگەیان نەداوە چاکبکرێتەوە یان بە مەبەست ئاوەکەیان گرتووەتەوە. دەسەڵاتدارانی تورکیا ئیدیعای ئەوەیان کردووە هۆکاری کارنەکردنی وێستگەکە لە ئەنجامی نەبوونی وزەی پـێویستی کارەبا بووە کە لە وێستگەیەکی کارەبای ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆی دێت، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان ئەو ئیدیعایە ڕەتدەکەنەوە.

کۆمیتەی COI لە مانگی نۆ ڕاپـۆرتی کردووە ئەندامانی SNA لە ناوچەی عەفرین شوێنی ئاینی و ئاسەواری مێژوویـیان وێرانکردووە و تاڵانکردووە، لەوانە مەزار و گۆڕستانی ئێزیدیـیەکان و ئەو شوێنانەی لەلایەن یونیسکۆوە داوای پاراستنیان کراوە.

لە مانگی چوار ڕێکخراوی ناحکومی ئێزدینا دۆکۆمێنتی کردووە مەزارە ئێزیدیـیەکان لە عەفرین بە دەستی TSO وێرانکراون، لەوانە مەزاری شێخ جونەید و شێخ حسێن و گلخان و شێخ ڕکاب. ڕێکخراوی ناحکومی Bellingcat ، لە مانگی حەوت ڕاپـۆرتی کردووە چەند مەزارێکی ئێزیدی لە عەفرین وێرانکراون، لەوانە گۆڕی قیبار. هەروەها ئەو ڕێکخراوانە ڕاپـۆرتیان کردووە گروپەکانی TSO ڕێگەیان بە ئازادی ئاینی نەداوە و ئێزیدیـیەکانیان هەراسانکردووە.

* ئازادی ئەنجامدانی گردبوونەوە و خۆپـیشاندان

دەستور ئازادی گردبوونەوە و خۆپـیشاندانی ئاشتیانەی دەستەبەرکردووە، بەڵام یاسا دەسەڵاتێکی زۆری بە حکومەت داوە بۆ سنووردارکردنی ئەم ئازادیـیە.

بەپـێی یاسا دەبێت بۆ هەر گردبوونەوەیەک کە لە 3 کەس زیاتربێت دەبێت پـێشتر مۆڵەت لە وەزارەتی ناوخۆ وەربگیرێت. بەڵام ئەم وەزارەتە تەنیا مۆڵەتی بەو خۆپـیشاندانانە داوە کە ڕژێم یان گروپەکانی لایەنگری و پارتی بەعس داوای ئەنجامدانیان کردبوون.

فریدم هاوس دەڵێت دانیشتوانی سوەیدای باشوری وڵاتەکە لە مانگی یەک لە ڕێگەی فەیسبوکەوە لە ژێر دروشمی "دەمانەوێت بژین" داوای ئەنجامدانی ناڕەزایـیان کردبوو لە دژی گەندەڵی و خراپی باری ئابوری ناوچەکەیان کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمدایە. زیادبوونی ناڕەزایـیەکان لە سوەیدا وەهای لە ڕژێم کرد لە مانگی شەش دەستبکات بە هەڵمەتێکی سەرکەوتکردن. هێزەکانی ئاسایشی ڕژێم و میلیشیاکانی کەوتنە لێدان و دەستگیرکردنی هەڕەمەکیانەی خۆپـیشاندەران.

بەپـێی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ڕاپـۆرتە هەواڵیـیەکان، پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD و یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG چەند جارێک لەو ناوچانەی لە ژێر کۆنترۆڵیاندایە ڕێگەیان نەداوە گردبوونەوە و خۆپـیشاندان ئەنجام بدرێن. بە درێژایی ساڵەکە دانیشتوانی دێرزور ناڕەزایـیان دەربڕیوە لەسەر ئەوەی گوایە کاربەدەستانی هەسەدە SDF گەندەڵیان کردووە و هەروەها نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەکی، وە بە زۆرملێ گەنجان کراون بە چەکداری هەسەدە SDF ، نەدانی زانیاری لە بارەی ئەو کەسانەی بە گومانی پەیوەندی بە داعش دەستگیردەکرێن.

بە شێوەیەکی گشتی ناڕەزایی لە هەموو ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامدراون لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی جیاجیا بەبێ دەستێوەردانی دەسەڵاتدارانی خۆجێی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا SNHR ڕاپـۆرتی کردووە ژمارەیەک لە ئەندامانی SDF تەقەیان لە خۆپـیشاندەران کردووە لە گوندی محێمیدە لە دێرزور و کەسێکیان کوشتووە بە ناوی نەجم حسێن ئەلعەتوان، وە لە ئەلشحێل و ئەلحوایج 28 کەسی سیڤیلیان بە شێوەیەکی هەڕەمەکیانە دەستگیرکردووە لە پاش ئەنجامدانی خۆپـیشاندانی ناڕەزایی لەو دوو ناوچەیە. هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕاپـۆرتی کردووە ئەو کەسەی تەقەی کردبوو و خۆپـیشاندەرێکی کوشتبوو، دەستگیریانکردووە و دادگایـیانکردووە.

* گرفتی بێ ڕەگەزنامە

لە پاش سەرژمێری ساڵی 1962، نزیکەی 150 هەزار کورد ڕەگەزنامەی خۆیان لەدەست دا. بەپـێی بڕیارێکی تەشریعی لە ڕۆژێکی ساڵی 1962 و بەبێ ئەوەی پـێشتر خەڵکی ئاگاداربکرێنەوە سەرژمێری بۆ دانیشتوانی پارێزگای حەسەکە کرا. هەر کەسێک بەڵگەنامەی نەبووایە بیسەلمێنێت خۆی یان باوکی بەر لە ساڵی 1945 لە سوریا بووە ئەوا ڕەگەزنامەی خۆی لەدەست دەدا. حکومەتی ئەو کاتە دەیگوت بڕیارەکەی لەسەر بنەمای ئەوەیە کۆچبەری نایاسایی کورد لە وڵاتانی دراوسێ، لەوانە لە تورکیاوە لە ساڵی 1945 هاتوونەتە حەسەکە و بە ساختەکاری خۆیان وەک هاوڵاتی سوریایی تۆمارکردووە. بەهۆی ئەمەوە ئەو کوردانە و نەوەکانیان ڕەگەزنامەیان لەدەست دا و لە خزمەتگوزاریـیەکانی حکومەت بێ‌بەش کران، لەوانە خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن، وە لەگەڵیدا ڕووبەڕووی مامەڵەی جیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابوری بوونەوە، لەوانە بۆیان نیـیە ببنە خاوەن موڵک، وە بەهۆی نەبوونی ڕەگەزنامە پاسپـۆرتیشیان نادرێتێ هەتا گەشتی دەرەوەی وڵات بکەن.

لە ساڵی 2011 ، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بڕیارێکی دەرکرد کە ڕێگە دەدات ئەو کوردانەی لە حەسەکەن و ڕەگەزنامەیان نیـیە و ئەوانەشی وەک بیانی تۆمارکراون، دەتوانن داوای ڕەگەزنامەی سوری بکەن.

ڕوون نیـیە ژمارەی ئەو کوردانە چەندە کە سوودیان لەو بڕیارە وەرگرتووە. کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR ڕاپـۆرتی کردووە نزیکەی 40 هەزار کەس لەو کوردانە هێشتا ناتوانن ڕەگەزنامەیان دەستبکەوێت. بە هەمان شێوە بڕیارەکە نزیکەی 160 هەزار کوردی تۆمارنەکراوی بێ ڕەگەزنامەی نەگرتەوە.

XS
SM
MD
LG