Accessibility links

وڵاتانی کەنداو دووبارە سنوورەکانیان دادەخەنەوە


وڵاتانی کەنداو ڕایانگەیاند بەهۆی دەرکەوتنی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە بەڕیتانیا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان ڕادەگرن و سنوورە ئاوی و وشکاوییەکان دادەخەن، هەندێک لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش گەشتەکانیان بۆ بەڕیتانیا ڕاگرتووە.

لەم هەفتانەی دواییدا جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەڕیتانیا بڵاوبۆوە، هەروەها لە دەرەوەی بەڕیتانیاش حاڵەتی توشبوون بەو جۆرەی ڤایرۆسەکە تۆمارکراوە، لەوانەش دانیمارک و هۆڵەندا و ئوستڕاڵیا.

لە سعودیە، دەزگای هەواڵی حکومەت لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکە بڵاویکردەوە " بڕیاری دووبارە داخستنی سنوورەکانی وڵاتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی لەسەر بڵاوبوونەوەی جۆرێکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆمەڵێک وڵاتی جیهاندا."

وتیشی " سعودیە بڕیاریداوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتیەکان بەشێوەیەکی کاتی بۆ ماوەی هەفتەیەک ڕابگرێت، جگە لە حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت، دەشکرێت ئەو هەفتەیە درێژ بکرێتەوە."

هەروەها " بڕیاردراوە سنوورە ئاوی و وشکاوییەکانی وڵاتەکە بەشێوەیەکی کاتی دابخرێن."

جێی ئاماژەیە لەنێو وڵاتانی کەنداودا سعودیە زۆرترین حاڵەتی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە، 361 هەزار کەس لە سعودیە توشی بوون و زیاتر لە 6,100 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەلایەکی دیکەوە هەریەک لە کوەیت و عومان هەمان هەنگاوی سعودیەیان گرتەبەر و سنوورەکانیان داخست.

دەزگای هەواڵی عومان وتی " ئەمڕۆ بڕیاردرا ڕێگە نەدرێت کەس بێتە وڵاتەکەوە و کەسیش بچێتە دەرەوە لێی، سنوورە ئاوی و وشکاوییەکان لە کاتژمێر 1ی بەیانی ڕۆژی سێشەممەوە بۆ ماوەی یەک هەفتە دادەخرێن."

بە هەمان شێوە وەکو دەزگاکە دەڵێت " ئەم بڕیارە بەهۆی سەرهەڵدانی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دراوە."

کوەیتش بە هەمان شێوە لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکانی ڕاگرتووە و هەروەها سنوورە ئاوی و وشکاوییەکانی داخست.

لەلای خۆشیەوە ڕێکخراوی تەندروستی جیهان داوای لە وڵاتان کرد ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بکەن.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG