ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ داوای لە ویلایەتەکانی ئەڵمانیا کرد کە ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا تا دێت زیاتر دەبێت ڕێوشوێنەکانی دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی پێش سەری ساڵ توندتر بکەنەوە، ئەوەش بۆ خاوکردنەوەی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
چەند مانگێکە ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا لە زیادبووندایە، ئەمە لەکاتێکدا کە وڵاتانی ئەوروپا لەڕووی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە، وەکو نمونەیەکی باش سەیری ئەڵمانیایان کردووە.
سەرچاوەیەک لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیاوە بڵاویکردەوە " هیوا بە تەنها بە هیچ شوێنێکمان ناگەیەنێت."
وتەبێژی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا شتایڤن زایبەرت لە ماوەی ڕابردوودا پێشوازی لە ڕێوشوێنەکانی ویلایەتی باڤاریا کرد کە تیایدا کۆتوبەندەکانی سەر گردبوونەوەکانی شەوی سەری ساڵی توندتر کردەوە.
زایبەرت بە نیگەرانیەوە باسی لە ڕەوشەکە کرد و ئاماژەی بەوەدا " ژمارەی توشبووان بەشێوەیەکی جێگیر کەم نابنەوە بەڵکو لە هەندێک ناوچەدا زیاتر دەبن."وتیشی " ئەڵمانیا زۆر دوورە لەوەوە کە پێچەکە تێپەڕێنێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس