سیاسیەکانی ئەڵمانیا کاردانەوەی جیاوازییان هەبوو لەسەر هۆشیاریدانەکەی بەڕێوبەری ستافەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ لەسەر ئەوەی ئەگەر حاڵەتەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مانگەکانی داهاتوودا ڕوو لە زیادبوون بکات، ئەوا لەوانەیە پێویست بێت ڕێوشوێن و کۆتوبەند بەسەر ئەوانەدا بسەپێندرێت کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە.
هێڵگا براونی بەڕێوبەری ستافەکەی مێرکڵ بە ڕۆژنامەی بیڵد ئام سۆنتاگی وت پێشبینی ئەوە ناکات جارێکی دیکە قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ئەڵمانیادا بگیردرێتەبەر، بەڵام وتی لەوانەیە ئەو خەڵکانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە ڕێگەیان پێنەدرێت بچنە شوێنە گشتیەکانی وەکو ڕێستۆرانت و سینەکامان و یاریگا وەرزشیەکانەوە، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی " ئاستی ئەو مەترسیەی ماوەتەوە زۆر بەرزە."
بروان وتی وەرگرتنی ڤاکسین گرنگە بۆ پاراستنی خۆت لە نەخۆشیەکە و ئاماژەی بەوەدا " بەدڵنیاییەوە ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە ئازادیی زیاتریان دەبێت لەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە." ئەوەشی خستەڕوو " گرتنەبەری ئەم جۆرە سیاسەتانە یاسایین چونکە دەوڵەت بەرپرسە لە پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیانی."
لێدوانەکانی براون مشتومڕی لەنێو سیاسییەکانی ئەڵمانیادا سەبارەت بە داواکارییەکانی وەرگرتنی ڤاکسین بەدوای خۆیدا هێنا. گرتنەبەری ئەم ڕێوشوێنانە تەنانەت لەنێو حیزبەکەی مێرکڵدا کاردانەوەی جیاوازی لەسەرە، کاندیدەکەی ئەڵمانیا بۆ جێگرتنەوەی ئانگێلا مێرکڵ وەکو ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، ئارمین لاشێت، دەڵێت لە ئێستادا دژی هەر داواکارییەکی فەڕمی و نافەڕمی وەرگرتنی ڤاکسینە.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس