Accessibility links

ئەڵمانیا ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو درێژ دەکاتەوە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ ڕایگەیاند ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بە داخستنی باڕ و چێشتخانەکان و کۆتوبەندەکانی دیکەی سەر گردبوونەوە تایبەتیەکانەوە تاوەکو سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتوو درێژدەکاتەوە.

مێرکڵ لە کۆتایی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ فەرمانڕەواکانی 16 ویلایەتەکەی ئەڵمانیا کە زیاتر لە حەوت کاتژمێری خایاند وتی " هێشتا ناچارین هەوڵی زیاتر بدەین، ژمارەی توشبووانی ڕۆژانە هێشتا زۆر زۆرە."

وتیشی بەپێی ئەوە، ئەو ڕێوشوێن و کۆتوبەندانەی کە لە کۆبوونەوەکەی پێشتردا لە مانگی یانزە بڕیاری لەسەر درابوو تاوەکو " سەرەتای مانگی یەک درێژ دەکرێتەوە."

کۆی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا 961,320 کەسن و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 18,633 حاڵەتی نوێی توشبوون تۆمارکراوە، لەکاتێکدا کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە وڵاتەکەدا 14,771 حاڵەتە و لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 410 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەپێی ئەم ژمارانە، واپێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژی داهاتوودا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەکە لە ئەڵمانیا یەک ملیۆن کەس تێپەڕێنێت.

بەپێی بڕیارەکەی مێرکڵ، باڕ و چێشتخانە و شوێنە گشتیەکان و یانە وەرزشیەکان تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو بە داخراوەیی دەمێننەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG