Accessibility links

هەزاران کەس لە بەرلین دژ بە پڕچەککردنی ئۆکرانیا ناڕەزایی دەردەبڕن


ڕۆژی شەممە 10,000 کەس لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان کرد دژی پێدانی چەک بە ئۆکرانیا، ئەوەش ڕەخنەی بەرپرسانی باڵای حکومەتی لێکەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس بڵاوکرابوونەوە بۆ ئەوەی دۆخەکە خراپ نەبێت.

خۆپیشاندانەکان لەلایەن سیاسەتمەدارێکی دیاری باڵی چەپی ئەڵمانیاوە ڕێکخرابوو، هەروەها ڕۆژێک دوای یەکەم ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دێت، کە لەو ڕۆژەدا وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵێنی پێدانی چەکی زیاترییاندا بە ئۆکرانیا و سزای نوێیان سەپاند بەسەر ڕووسیادا.

ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان لە ماڵپەڕەکەی خۆیاندا وتیان " داوا لە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەکەین پێدانی چەکەکان ڕابگرێت. ئێستا! چونکە ڕۆژانە 1000 کەس زیاتر دەمرن و نزیکترمان دەکەنەوە لە جەنگی جیهانی سێیەم."

خۆپیشاندانەکان کە بە " ڕاپەڕین بۆ ئاشتی " ناسراوە، لەلایەن سەهرا واگینکنێختەوە ڕێکخراوە کە ئەندامی پارتی دای لینکی باڵی چەپی ئەڵمانیایە.

ئەڵمانیا لەگەڵ ئەمەریکادا گەورەترین دابینکەری چەک بوون بۆ ئۆکرانیا.

وتەبێژێکی پۆلیس وتی 10,000 کەس لە دەروازەی براندنبێرگی ناوەڕاستی بەرلین گردببوونەوە.

پۆلیس 1400 بەرپرسی بڵاوکردبۆوە بۆ پاراستنی ئاشتی و جێبەجێکردنی قەدەغەکردنی پۆشاکی سەربازی و ئاڵاکانی ڕووسیا و یەکێتی سۆڤیەت و گۆرانییە سەربازییەکانی ڕووسیا و سیمبولەکانی باڵی ڕاست.

وتەبێژەکەی پۆلیس وتی هیچ ئاماژەیەک نەبوون لەسەر بەشداریکردنی گروپەکانی باڵی ڕاست و خۆپیشاندانەکان ئاشتیانە بوون. وەزیری دارایی ئەڵمانیا کریستیان لیندنەریش وتی دەبێت " بە ئاشکرا دژایەتی " خۆپیشاندانەکان بکرێن.

لیندنەر وتی " هەر کەسێک لە پاڵ ئۆکرانیادا نەوەستێت ئەوا لە لا هەڵەکەی مێژوودایە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG