Accessibility links

کۆبوونەوەی دارایی گروپی 20 بەبێ کۆدەنگی لەسەر شەڕ لە ئۆکرانیا کۆتایی دێت


سەرکردە داراییەکانی گەورەترین ئابووری جیهان نەیانتوانیوە ڕۆژی شەممە ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن لەسەر شەڕی ئۆکرانیا و هەنگاوەکانیان بۆ داڕشتنەوەی قەرزی گەلانی هەژار بەرەوپێش بەرن.

کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و سەرۆکی بانکە ناوەندییەکانی گروپی 20 (جی 20) کە لەلایەن هیندستانەوە میوانداری دەکرێت، پێدەچێت درەنگانی ڕۆژەکە بەبێ بەیاننامەیەکی هاوبەش کۆتایی پێبێت، چونکە هیچ کۆدەنگییەک نەبوو لەسەر چۆنیەتی ناوزەدکردنی شەڕی ئۆکرانیا.

ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە گروپی حەوت (G7) زلهێزە پیشەسازییەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو بەیاننامەیە بە شێوەیەکی گونجاو ڕووسیا ئیدانە بکات بەهۆی لەشکرکێشییەکەی ساڵێک لەمەوبەر بۆ سەر دراوسێکەی، بەڵام شاندەکانی ڕووسیا و چین دژی ئەو جۆرە دەستەواژەیە بوون.

دوو لە نوێنەرانی چین ڕایانگەیاندووە، ڕووسیا و چین بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی جی 20 بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتە سیاسییەکان دڵتەنگ بوون.

جانێت یێلن وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا پێشتر ڕاگەیاندبوو کە "بەتەواوەتی پێویستە" کە شتێک لە بەیاننامەکەدا هەبێت کە ڕووسیا ئیدانە بکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "وە پێموایە G7 بە دڵنیاییەوە یەکگرتووە لەسەر ئەوە، بۆیە ئەوە شتێکە کە چاوەڕێی دەکەم و پێموایە پێویست و گونجاوە".

ڕووسیا، ئەندامی گرووپی بیست بەڵام ئەندامی گرووپی حەوت نییە، بە "ئۆپەراسیۆنی سەربازی تایبەت" ئاماژە بە کردەوەکانی لە ئۆکرانیا دەکات، و خۆی لە ناونانی بە داگیرکاری یان شەڕ دەپارێزێت.

هیندستان فشار دەخاتە سەر کۆبوونەوەکە بۆ ئەوەی وشەی "جەنگ" لە هەر بەیاننامەیەکدا بەکارنەهێنرێت.

هیندستان کە سەرۆکایەتی ئەمساڵی جی 20ی بەدەستەوەیە، هەڵوێستی تاڕادەیەکی زۆر بێلایەنی لە بەرامبەر شەڕەکەدا هێشتووەتەوە و ڕەتیکردووەتەوە ڕووسیا بە هۆکاری ئەو لەشکرکێشییە بزانێت، بەدوای چارەسەری دیپلۆماسیدا دەگەڕێت و بەشێوەیەکی بەرچاو کڕینی نەوتی ڕووسیا بەرەوپێش بردووە.

هیندستان و چین لەنێو ئەو وڵاتانە بوون کە ڕۆژی پێنجشەممە بەشداریان نەکرد کاتێک نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ داوای لە مۆسکۆ کرد هێزەکانی لە ئۆکرانیا بکشێنێتەوە و شەڕەکان ڕابگرێت.

جگە لە وڵاتانی گرووپی حەوت، بلۆکی جی 20 وڵاتانی وەک ئوسترالیا، بەرازیل و سعودیە دەگرێتەوە.

سەرجاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG