Accessibility links

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا دەڵێت پێدەچێت ڕووسیا کەرەستەی سەربازیی قورس بۆ ئێران دابین بکات


فڕۆکەیەکی جۆری سوخۆی -35ی ڕووسی
فڕۆکەیەکی جۆری سوخۆی -35ی ڕووسی

ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕۆژی هەینی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی لە واشنتن بە بۆنەی ساڵیادی شەڕی ئۆکرانیا گوتی "ئێمە پێمان وایە کە ڕەنگە ڕووسیا کەرەستەی سەربازی بێ وێنە بۆ ئێران دابین بکات، لەوانەش لە بواری مووشەک و ئەلیکترۆنیات و بەرگری ئاسمانیدا."

جان کێربی جەختی لەوە کردەوە کە ئێران چەند مانگێکە پاڵپشتی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دەکات و لە مانگی نۆڤەمبەریشدا تۆپ و تانکی ڕەوانەی ڕووسیا کردوە بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکرانیا بەکاری بهێنن.

ناوبراو گوتیشی "ئێستا ڕووسیا بەنیازە لە بەرامبەر وەرگرتنی کەرەستەی سەربازیی زیاتر هاوکاری لەگەڵ ئێران بکات."

هەروەها ڕێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە ئێران بەدوای کڕینی هێلیکۆپتەری هێرشبەر، ڕادار و فڕۆکەی ڕاهێنەری سەربازییە و بە گشتی هیوادارە ملیاران دۆلار کەرەستەی سەربازی لە ڕووسیا دەست بکەوێت.

کێربی گوتی "ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێری ئەم بابەتە دەکەین بۆ ئەوەی بزانین لە ڕاستیدا چی ڕوودەدات" و گوتیشی "هاوپەیمانی نزیکی سەربازیی نێوان ئەم دوو وڵاتە دەتوانێت هەوڵەکانی ڕۆژئاوا لە ئۆکرانیا و شوێنەکانی دیکە ئاڵۆزتر بکات."

ئەو گوتیشی " بە دڵنیاییەوە ئەمە نەک هەر کارەکان لە ئۆکرانیا قورستر دەکات، بەڵکو دەتوانێت دۆخی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هاوبەش و دۆستانمان قورستر بکات."

ڕاپۆرتێکی ئێن بی سی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا نووسیبووی " بەرپرسانی باڵای بەڕێوبەرایەتی بایدن ڕایانگەیاندوە کە مۆسکۆ لە بەرامبەر وەرگرتنی چەکدا لە ئێران، پاڵپشتییەکی سەربازی و تەکنیکی "بێ وێنە" پێشکەش بە تاران دەکات."

بەهاری ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند کە فڕۆکەوانە ئێرانییەکان لە ڕووسیا بۆ فڕینی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا ڕاهێنانیان پێدەکرێت و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێران ڕەنگە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا دەست بە وەرگرتنی ئەو فڕۆکانە بکات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لەم دواییانەدا بڵاویکردەوە کە پێداچوونەوەکان بە وێنەی بنکەیەکی نوێی هێزی ئاسمانی ژێرزەمینی لە ئێران بە ناوی "هەڵۆ 44" کە لە ڕێگای مانگی دەستکردەوە گیراوە، ئەوە نیشان دەدات کە پێدەچێت ئەو شوێنە سەربازییە ئامادە بێت بۆ جێگیرکردنی فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی سوخۆی-35ی دروستکراوی ڕووسیا.

بەرپرسانی سەربازی لە ئێران لەم دواییانەدا پەردەیان لەسەر ئەو شوێنە لادا کە بە یەکەمین بنکەی ژێرزەمینی هێزی ئاسمانی ئەرتەش ناوی دەبەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG