Accessibility links

ماکرۆن: فەڕەنسا سیستەمی بەرگری ئاسمانی دەدات بە ئۆکرانیا


سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن دەڵیت فەڕەنسا لە هەفتەکانی داهاتوودا ڕادار و سیستمی بەرگری ئاسمانی دەدات بە ئۆکرانیا، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی ئۆکرانیا بتوانێت خۆی بپارێزێت لە هێرشە موشەکییەکان و هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فرانس 2 ، ماکرۆن هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر جۆری سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان یاخود چۆن ئەو سیستمانە دەگەیەنێتە ئۆکرانیا.

دوای هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا، کیێڤ داوای لە هاوبەشەکانی کردووە چەکی زیاتری بدەنێ، بە تایبەتی سیستمی بەرگری ئاسمانی، کە ئەوەش شتێک بووە تاوەکو ئێستا فەڕەنسا نەیویستووە بیکات.

ماکرۆن گوتی " ئەمە قۆناغێکی دیکەی بۆردومانکردنە کە لەسەر زەوی و دەریا و ئاسمان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دەدرێن دژی ژێرخانە هەستیارەکان و هاوڵاتیانی مەدەنی." گوتیشی ڕادار و سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی لە چەند هەفتەی داهاتوودا ڕەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن، ئەوەش " بە مەبەستی پاراستنی وڵاتەکە لە هێرشە موشەکییەکان و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان."

پاریس پێشتر موشەکی دژە فڕۆکەی میستراڵی داوە بە ئۆکرانیا. سەرچاوەیەکی نزیک لە بابەتەکەوە وتی پاریس سیستمی بەرگری ئاسمانی کرۆتالی مەودا کورت دەدات بە ئۆکرانیا، ئەو سیستمانەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو موشەک و فڕۆکانە بەکاردێن کە بە نزمی دەفڕن.

ماکرۆن گوتیشی " ناتوانین ئەوەی ئۆکرانیا داوای دەکات هەموویان بدەینێ چونکە پێویستە بەرەی ڕۆژهەڵاتمان بپارێزین، ئێمە ناوچەی نیشتیمانیمان دەپارێزین."

ڕۆژی سێشەممە وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا ڕایگەیاند پشتیوانییەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی هاوپەیمانێتی ناتۆ پتەوتر دەکات، ئەوەش لە ڕێی ڕەوانەکردنی تانکی زیاتر بۆ ڕۆمانیا و فڕۆکەی شەرکەری ڕافالێ بۆ لیتوانیا و هێزی پیادە بۆ ئیستۆنیا. بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە ئۆکرانیا نەدا.


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG