پاش دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیری پێشووی پاکستان عمران خان لەلایەن دەزگای دژە گەندەڵی پاکستانەوە شەڕ و پێکدادان لە نێوان لایەنگرانی خان و پۆلیسدا ڕوویدا و بەهۆیەوە لانیکەم خۆپیشاندەرێک کوژرا.
دەستگیرکردنی خان ڕۆژێک دوای ئەوە دێت سوپای وڵاتەکە سەرزەنشتی خانی کرد لەسەر ئەوەی چەندین جار بەرپرسێکی سەربازیی باڵای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پلانگێڕان بۆ کوشتنی، هەروەها لەسەر تۆمەتبارکردنی سەرۆکی پێشووی هێزە چەکدارەکانی پاکستان بە تۆمەتی ئەوەی لە پشت لابردنیدا بووە لەسەر دەسەڵات.
دەیان هێزی نیمچە سەربازی بە کەلوپەلی کۆنتڕۆڵکردنی کاری تێکدەرانەوە چواردەوری خانییان گرت، کە بەپێی ئامارەکان بە ناوبانگترین سەرکردەیە لە پاکستاندا، دواتر قۆڵییان گرت و بەرەو ڤانێکی ڕەش بردییان.
دوای ئەوەی لایەنگرانی خان ڕووبەڕووی پۆلیس بوونەوە، بەرپرسانی چوار هەرێمی پاکستان فەرمانێکی بەپەلەیان دەرکرد و سەرجەم کۆبوونەوە و گردبوونەوەکانییان قەدەغە کرد، بەپێی شایەتحاڵان و ئەو ڤیدیۆیانەی کە لەلایەن پارتەکەی خانەوە بڵاوکراونەتەوە، لایەنگرانی خان چەندین ڕێگای سەرەکییان لە شارەکاندا گرت و هەڵیانکوتاوەتە سەر بینا سەربازییەکان لە لاهۆر و ڕاوالپیندی.
ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستیی ئەو ڤیدیۆیانە پشتڕاست بکاتەوە.
بەرپرسێکی پاکستان وتی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە لە شاری کوێتای باشووری پاکستان خۆپیشاندەرێک کوژراوە و 12 کەسی دیکە بریندار بوون، شەش ئەفسەری پۆلیسیشییان تێدا بووە.
دەزگای چاودێری پەیوەندییەکانی پاکستان بە ڕۆیتەرزی وت خزمەتگوزارییەکانی داتاکانی مۆبایل بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ڕاگیراون، هاوکات دەزگای نێتبڵۆکی چاودێریکردنی ئینتەرنێت وتی دەستڕاگەیشتن بە تویتەر و فەیسبووک و یوتیوب سنووردارکراون.
خانی تەمەن 70 ساڵ دوای ئەوەی لە مانگی چواری ساڵی 2022 دا لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا لە دەنگدانێکدا متمانەی لێسەندرایەوە و لە کارەکەی وەکو سەرۆک وەزیری پاکستان دوورخرایەوە، تاوەکو ئێستاش نەوەستاوە و بەردەوامە، تەنانەت دوای ئەوەش کە لە مانگی یانزەدا لە ماوەی ڕابەرایەتیکردنی ڕێپێوانێکی ناڕەزایی دەربڕیندا لە ئیسلامئاباد تەقە لە کاروانەکەی کرا و بریندار کرا. لەو ڕێپێوانەدا خان و لایەنگرانی داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی گشتی پێشوەختەیان دەکرد.
وەزیری ناوخۆی پاکستان ڕانا ساناوڵا بە ڕۆژنامەنووسانی وت خان لەلایەن دەزگای لێپێچینەوە نیشتیمانییەوە دەستگیرکراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگادارییەکانی بۆ ڕادەستکردنی خۆی پشتگوێ خستووە.
وتی خان و خێزانەکەی تۆمەتبار کراون بە تۆمەتی وەرگرتنی زەوییەک کە بەهاکەی دەگاتە 7 ملیار ڕوپی لە گەشەپێدەرێکی موڵک و زەوییەوە کە دواتر ئەو گەشەپێدەرە لە بەڕیتانیا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە تۆمەتبار کراوە.
وتیشی بەرپرسانی بەڕیتانیا لەو دۆسییەیەی پارە سپیکردنەوەیەدا 190 ملیۆن پاوەندییان گەڕاندۆتەوە بۆ پاکستان، بەڵام خان پارەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ گەشەپێدەرەکە لەبری ئەوەی بیخاتە خەزێنەی نیشتیمانییەوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز