Accessibility links

فاوچی بۆ فرانس پرێس: ئەنجامی ڤاکسینەکەی مۆدێرنا زۆر سەرسوڕهێنەرە


ئانتۆنی فاوچی

پسپۆڕی باڵای نەخۆشیە گواستراوەکانی ئەمەریکا ئانتۆنی فاوچی لە لێدوانێکدا بۆ دەزگای هەواڵی فرانس پرێس پێشوازی لە ڕاگەیاندنەکەی کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمەریکا کرد سەبارەت بەوەی ئەو ڤاکسینەی بەرهەمی هێناوە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە هێشتا لە تاقیکردنەوەدایە لە سەدا نزیکەی 95 کاریگەرە.

ئەندامی کۆمەڵەی کاری سەرۆکایەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەسایەتیەکی دیار لە ئەمەریکا ئانتۆنی فاوچی وتی " بیرۆکەی ئەوەی ڤاکسینێکمان هەبێت لە سەدا 95 دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەر بێت شتێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە."

وتیشی " ئەم ئەنجامە بەڕاستی سەرسوڕهێنەرە، پێم وانیە کەس باوەڕی کردبێت بەم شێوەیە باش بێت."

ڤاکسینی مۆدێرنا لەسەر تەکنەلۆجیای نوێ بەرهەم هێندراوە و کارەکەی ئەوەیە ڕێنمایی بۆماوەیی دەنێرێت بۆ خانەکانی مرۆڤ تاوەکو ناچارییان بکات پڕۆتینێک بڕێژنە ناو لەشەوە کە هاوشێوەی پڕۆتینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت و بەو هۆیەشەوە وادەکات سیستمی بەرگری لەش دژی ئەو پڕۆتینە کاربکات.

فاوچی وتی " زۆرێک گومانیان هەبوو لەسەر ئەم تەکنەلۆجیایە کە هێشتا تاقی نەکرابۆوە بەڵام کاریگەریی خۆی سەلماند، تەنانەت هەندێک ڕەخنەشیان لێدەگرت."

هەفتەی ڕابردووش هەردوو کۆمپانیای فایزەری ئەمەریکی و بایۆنتیکی ئەڵمانی پێکەوە ڤاکسینەکەیان دژی کۆرۆنا ڕاگەیاند کە هەمان تەکنەلۆجیای تیادا بەکارهاتووە و لەسەدا 90 کاریگەری هەبووە دژی ڤایرۆسەکە.

بەپێی فاوچی، ئەم دوو ئەنجامە پارێزراوی ئەم تەکنەلۆجیایە دەسەلمێنێت چونکە " داتاکان خۆیان قسە دەکەن."

وتی " پێم وایە کاتێک دوو ڤاکسینی لەم شێوەیەت هەبێت کە زیاتر لە سەدا 90 کاریگەرییان هەبووە، چیتر تەکنەلۆجیاکە ناچار نیە بەڵگەی زیاتر لەسەر کاریگەرییەکەی بخاتەڕوو."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG