Accessibility links

باوکی تەقەکەرەکەی قوتابخانەکەی جۆرجیا بە تۆمەتی کوشتن دەستگیر دەکرێت

باوکی ئەو کوڕە تەمەن 14 ساڵەی کە تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی کوشتنی چوار کەس لە قوتابخانەی ئامادەیی جۆرجیا و بریندارکردنی نۆ کەسی دیکە، ڕۆژی پێنجشەممە دەستگیرکرا و بە تۆمەتی کوشتنی پلە دوو و کوشتنی نا خۆبەخشانە تۆمەتبار کراوە لەسەر ئەوەی کە ڕێگەی بە کوڕەکەی داوە چەک هەڵبگرێت.

ئەمە نوێترین نموونەیە لەسەر تۆمەتبارکردنی باوک و دایکێک لەسەر کارەکانی منداڵەکەیان لە تەقەکردنەکاندا لە قوتابخانەکاندا. لە مانگی چواردا جێنیفەر و جەیمس کڕەمبڵی یەکەمین دایک و باوک بوون کە لە جیاتی منداڵەکەیان تۆمەتبار کران بە تۆمەتی تەقەکردن لە قوتابخانەیەکدا. سزای لانیکەم 10 ساڵ زیندانیکردنییان بەسەردا سەپێندرا لەسەر ئەوەی کە چەکەکەیان لە ماڵەکەی خۆیاندا بە باشی دانەناوە و هیچییان نەکردووە بۆ نیشانەکانی خراپبوونی باری دەروونی کوڕەکەیان پێش ئەوەی لە ساڵی 2021 دا چوار خوێندکار بکوژێت.

بەڕێوبەری لێکۆڵینەوەکانی جۆرجیا کریس هۆزی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی کۆڵن گرەی تەمەن 54 ساڵ و باوکی کۆڵت گرەی، بە چوار تۆمەتی کوشتنی نا خۆبەخشانە و دوو تۆمەتی کوشتنی پلە دوو و هەشت تۆمەتی دڕندەیی بەرامبەر منداڵان تۆمەتبار کراوە.

هۆزی وتی " ئەم تۆمەتانە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە بەڕێز گرەی خۆی زانیویەتی و ڕێگەی داوە کۆڵتی کوڕی چەکێک هەڵبگرێت. تۆمەتەکانی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە کارەکانی کوڕەکەیەوە هەیە و ئەوەشی کە ڕێگەیداوە کوڕەکەی چەک هەڵبگرێت."

لە جۆرجیا، کوشتنی پلە دوو واتە کەسێک بووەتە هۆکاری مەرگی کەسێکی دیکە و هاوکات دڕندەیی پلەی دووی بەرامبەر منداڵان ئەنجام داوە. سزاکەی 10 بۆ 30 ساڵ زیندانیکردنە. کوشتنی نا خۆبەخشانە واتە کەسێک بەبێ ئەوەی نیازی هەبووبێت دەبێتە هۆکاری مەرگی کەسێکی دیکە.

بەرپرسان وەکو گەورەیەک سزای کۆڵتی تەمەن 14 ساڵییان داوە بە تۆمەتی تەقەکردن لە قوتابخانەی ئامادەیی ئالاپاچی دەرەوەی ئەتڵانتا. بەپێی مۆڵەتی دەستگیرکردنەکە کە دەست ئەسۆشیەتد پرێس کەوتووە، کۆڵت تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی بەکارهێنانی چەکێکی نیمچە ئۆتۆماتیکی لە هێرشەکەدا کە بووە هۆی کوژرانی دوو خوێندکار و دوو مامۆستا و برینداربوونی نۆ کەسی دیکە.

تاوەکو ئێستا لەم ساڵدا 30 ڕووداوی کوشتنی بە کۆمەڵ لە ئەمەریکا تۆمار کراوە، ئەوەش بەپێی داتابەیسێک کە دەست ئەسۆشیەتد پرێس و یو ئێس ئەی تودەی کەوتووە. لانیکەم 127 کەس لەو ڕووداوانەدا کوژراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ئەسۆشیەتد پرێس

This item is part of
XS
SM
MD
LG