Accessibility links

پەرلەمانی ئەوروپا ڕووسیا وەکو وڵاتێکی پشتیوانیکار لە تیرۆر دەناسێنێت


ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی ئەوروپا ڕووسیای وەکو وڵاتێکی پشتیوانیکار لە تیرۆر ناساند، وتی هێرشە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە و نەخۆشخانە و قوتابخانە و پەناگەکانی ئۆکرانیا یاسای نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کردووە.

پەرلەمانتارانی ئەوروپا لە بەرژەوەندی ناساندنی ڕووسیا وەکو وڵاتێکی پشتیوانیکار لە تیرۆر دەنگیاندا.

لەلای خۆیەوە مۆسکۆ بە توڕەییەوە وەڵامی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپای دایەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی " پێشنیار دەکەم پەرلەمانی ئەوروپا وەکو پشتیوانیکار لە گەمژەیی بناسێندرێت."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی پێشوازی لە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا کرد.

وتی " ڕووسیا دەبێت لەسەر هەموو ئاستەکان پەراوێز بخرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بکرێت تاوەکو کۆتایی بە سیاسەتە درێژخایەنە تیرۆریستییەکەی لە ئۆکرانیا و سەرانسەری جیهان بهێنێت."

زێلێنسکی داواشی لە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەش کرد ڕووسیا وەکو وڵاتێکی پشتیوانیکار لە تیرۆر بناسێنن، هێزەکانی ڕووسیای بە تۆمەتی بە ئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی ئۆکرانیا تۆمەتبار کرد. بەڵام مۆسکۆ ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.

لە ئێستادا هەریەک لە وڵاتانی کوبا و کۆریای باکوور و ئێران و سوریا لە لیستی ئەو وڵاتانەدان کە ئەمەریکا بە پشتیوانیکار لە تیرۆر ناساندوونی، هەر وڵاتێکیش بخرێتە ئەو لیستەوە ئەوا دەکرێت کۆتوبەندی دارایی و قەدەغەکردنی هەناردەکردنی کەلوپەلی بەرگری بەسەردا بسەپێندرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG