Accessibility links

بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا: بەرگری ئاسمانی لە کرایمیا کارا کراوە و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە


کەشتییەکی هێزی دەریایی ڕووسیا لە میانەی مەشقێکی سەربازیی هاوبەشدا لە نێوان کەشتیگەلی باکوور و دەریای ڕەشی ڕووسیادا لە کەناری کرایمیا
کەشتییەکی هێزی دەریایی ڕووسیا لە میانەی مەشقێکی سەربازیی هاوبەشدا لە نێوان کەشتیگەلی باکوور و دەریای ڕەشی ڕووسیادا لە کەناری کرایمیا

فەرمانڕەوای هەرێمی کرایمیا میخایل ڕازڤۆژایڤ کە لەلایەن ڕووسیاوە لەو پۆستەدا داندراوە وتی ڕۆژی سێشەممە سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا لە شاری سیڤاستۆپۆڵی کرایمیا کارا کراوە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش خراونەتە خوارەوە. هەروەها داوای لە خەڵکەکە کرد بە ئارامی بمێننەوە.

لە ساڵی 2014 دا مۆسکۆ نیمچە دوورگەی کرایمیای بە شێوەیەکی تاکلایەنانە لکاند بە ڕووسیاوە.

سیڤاستۆپۆڵیش بارەگای کەشتیگەلی ڕووسیایە لە دەریای ڕەشدا.

لە کۆتایی مانگی 10 دا ڕووسیا لۆمەی ئۆکرانیای کرد لەسەر هێرشکردنە سەر بەندەرەکە لە ڕێی ئاسمان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەریاییەوە، لە وەڵامی ئەوەشدا بۆ ماوەیەکی کورت بەشداریکردنی لە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە ڕێی دەریای ڕەشەوە ڕاگرت.

ڕازڤۆژایڤ وتی " هێزی بەرگری ئاسمانیمان ئێستا کار دەکەن."

وتی " بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەبووە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان خراونەتە خوارەوە. سەرجەم هێز و دەزگاکان لە ئامادەباشیدان."

وتیشی " هیچ شتێکی هاوڵاتیانی مەدەنی زیانی بەرنەکەوتووە. تکایە ئارام بگرن."

کرایمیا یەکێک بوو لەو شوێنانەی کە ڕووسیا تیایدا دەستیکرد بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا، هەروەها چەند جارێکیش هێرشی کراوەتە سەر، بە دیاریکراوی لە مانگی هەشتدا کاتێک چەند تەقینەوەیەک کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگی ڕووسییان لە بنکەیەکی هێزی دەریایی ڕووسیادا لە کرایمیا لە ناوبرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG