نوێنەرانی یەکێتی ئەوروپا ڕۆژی هەینی تاوتوێی پێشنیارێکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپایان کرد بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گازی سروشتی تاوەکو وڵاتانی یەکێتییەکە ئامادە بن بۆ ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ یەکێتییەکە لەلایەن ڕووسیاوە. ئەمەش دوای ئەوەی هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە دژایەتی پێشنیارەکەیان کرد.
ڕۆژی چوارشەممە کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا پێشنیاری پلانێکی کرد کە تیایدا سەرجەم وڵاتانی یەکێتییەکە لە مانگی هەشتەوە بۆ مانگی سێی ساڵی داهاتوو بەکارهێنانی گاز بۆ لە سەدا 15 کەم بکەنەوە. لە سەرەتادا جێبەجێ کردنی پلانەکە لەلایەن وڵاتانی یەکێتییەکەوە خۆبەخشانە دەبێت، بەڵام ئەگەر کۆمسیۆن باری نائاسایی ڕابگەیەنێت ئەوا دەبێتە فەرمانێک و دەبێت وڵاتانی یەکێتییەکە بە ناچاری پلانەکە جێبەجێ بکەن.
بەڵام پێشنیارەکە ڕووبەڕووی ڕەخنە بۆتەوە لەلایەن کۆمەڵێک وڵاتەوە. ئیسپانیا و پوروتوگال و یۆنان لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە زۆر بە ئاشکرا دژایەتی پلانەکە دەکەن، هاوکات دیبلۆماتکارانی دانیمارک و فەڕەنسا و ئێرلەندا و ئیتاڵیا و ماڵتا و هۆڵەندا و پۆڵەنداش تێبینییان هەیە سەبارەت بە پێدانی دەسەڵاتێک بە کۆمسیۆن کە بەپێی ئەو دەسەڵاتە فەرمان بکات کەمکردنەوەکە جێبەجێ بکرێت.
دیبلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا دەڵێن لە ژێر ئەو پێشنیارەدا کە کۆماری چیک کە لە ئێستادا سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپا دەکات پێشکەشی کردووە، حکومەتەکانی یەکێتییەکە دەبێت هەر پێشنیارێکی کۆمسیۆن پەسەند بکەن بۆ بە ناچاریکردنی جێبەجێکردنی کەمکردنەوەکە.
هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە دەڵێن کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گازی سروشتی بۆ لە سەدا 15 زیانی زیاتر لە پێویست دەگەیەنێت بە دانیشتوانی هەندێک لە وڵاتانی یەکێتییەکە.
ڕۆژی دووشەممە نوێنەرانی وڵاتانی یەکێتییەکە تاوتوێی پێداچوونەوەی دیکە دەکەن بە پلانەکەدا، ئەمەش پێش ئەوەی وەزیرانی وزەی وڵاتانی یەکێتییەکە لە دانیشتنێکی بەپەلەدا کۆدەبنەوە و ئامانج لە کۆبوونەوەکەشیان گەیشتنە بە ڕێکەوتنێک.
وەزیری وزەی ئیسپانیا تێریسا ڕیبێرا لە نامەیەکدا بۆ کۆمسیۆن وتی ئیسپانیا هەمان دوایین ئامانجی پێشنیارەکانی کۆمسیۆنی هەیە، بەڵام پێی وایە هێشتا ڕێوشوێنی کاریگەرتر ماون لەوەی بە فەرمان داوای کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز بکەیت.
لە نامەکەدا ڕیبێرا نوسیویەتی " زۆر گرنگە وەڵامدانەوەکەی ئەوروپا بۆ ئەم بارودۆخە بە نادادپەروەرانە و زیان گەیاندن بە ئابووری دانیشتوان و پیشەسازییەکانمان سەیر نەکرێت." ئاماژەشی بەوەدا ئیسپانیا پابەندە بەشێوەیەکی بونیادنەرانە یارمەتیدەر بێت.
ڕۆژی هەینی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا گوتی پێویستییەکان بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گاز ئاشکرایە و کێشەی وزە دەکرێت زۆر بەخێرایی ببێتە کێشەیەکی فراوانتری ئابووری.
وتەبێژی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا گوتی " ئەمە لەو ڕاستییەوە سەرچاوەی گرتووە کە مەترسییەکی جددی هەیە لەسەر ڕاگرتنی گازەکە لەلایەن ڕووسیاوە و ئێمەش دەبێت لە کۆتاییدا ئامادەبین بۆ ئەمە. ئەمە یەکەمین جار نیە مشتومڕی توند لەنێوانماندا ڕوودەدات لەسەر بابەتە هەستیارەکان."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز