Accessibility links

گەورەترین بۆری گواستنەوەی گازی ڕووسی بۆ ئەوروپا دادەخرێت


ڕۆژی دووشەممە گەورەترین بۆری گواستنەوەی گازی ڕووسیا بۆ ئەڵمانیا بەمەبەستی باشڕاگرتنی ساڵانە داخرا، پێشبینی دەکرێت گواستنەوەی گازەکە لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا بۆ ماوەی 10 ڕۆژ بوەستێت، بەڵام حکومەتەکان و بازاڕ و کۆمپانیاکان نیگەرانن لەوەی ڕەنگە بەهۆی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاوە داخستنەکە درێژ بکرێتەوە.

بۆری گازی نۆرد ستریم 1 ی ڕووسی ساڵانە 55 ملیار مەتر سێجا گاز لە ڕووسیاوە بەژێر دەریای باڵتیکدا دەگوازێتەوە بۆ ئەڵمانیا. پڕۆسەی باشڕاگرتنی بۆرییەکە لە 11 ی مانگی حەوتەوە دەست پێدەکات بۆ 21 ی هەمان مانگ.

نۆرد ستریم داخستنەکەی پشتڕاست کردەوە و گوتی چەند کاتژمێرێک دوای داخستنەکە گواستنەوەی گاز نامێنێت.

ساڵی ڕابردوو ڕووسیا گواستنەوەی لە سەدا 40 ی توانای بۆرییەکەی بۆ گواستنەوەی گاز بڕی، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی ئەو ئامێرانەی کە لەلایەن کۆمپانیای وزەی سیمینسی ئەڵمانییەوە لە کەنەدا سێرڤس کراون درەنگ گەڕێندراونەتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا کەنەدا گوتی تۆرباینێکی چاککراوە دەگەڕێنێتەوە، بەڵام وتیشی سزاکانی سەر کەرتی وزەی ڕووسیا زیاتر دەکات.

ئەوروپا لەوە دەترسێت ماوەی پڕۆسەی باشڕاگرتنی بۆریی گازەکە درێژ بکرێتەوە، ئەوەش دەبێتە هۆی تێکدانی پلانەکانی ئەوروپا بۆ پڕکردنی عەمبارەکانیان بۆ وەرزی زستان و خراپترکردنی قەیرانی گاز کە بووەتە هۆی زیادبوونی نرخەکان و حکومەتەکانی ناچار کردووە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر.

وەزیری ئابووری ئەڵمانیا ڕۆبەرت هابێک وتی وڵاتەکە دەبێت ڕووبەڕووی ئەو ئەگەرە ببێتەوە کە ڕووسیا چیتر گاز لە بۆری گازی نۆرد ستریم 1 ەوە نەنێرێت.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە گوایە ڕووسیا گاز و نەوتەکەی وەکو کارتێکی فشاری سیاسیی بەکاردەهێنێت، وتی پڕۆسەی چاککردنەکە کە دەبێتە هۆی داخستنی بۆرییەکە، پڕۆسەیەکی ئاساییە و پێشتر کاتی بۆ داندراوە.

هەندێک بۆری گەورەی دیکەی گواستنەوەی گاز هەن لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا، بەڵام بڕی ئەو گازەی پیایاندا دەگوازرێتەوە کەم بۆتەوە و ئۆکرانیاش لە مانگی پێنجدا بۆرییەکی گازی ڕاگرت کە بە وڵاتەکەیدا تێپەڕ دەبێت.

ڕووسیا گواستنەوەی گازی بۆ کۆمەڵێک وڵات ڕاگرتووە، ئەو وڵاتانەی کە ڕەتییان کردەوە پارەی گازەکە بە ڕوبڵی ڕووسی بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG