Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات گازی سروشتی کەمتر بەکاربهێنن


کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا داوای لە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کرد لە مانگی هەشتەوە تاوەکو مانگی سێی ساڵی داهاتوو بەکارهێنانی گازی سروشتی بۆ لە سەدا 15 کەم بکەنەوە، ئەوەش لەپێناو خۆبەدوورگرتن لە " ڕەشبگیری " وزە.

باڵی جێبەجێکاری یەکێتی ئەوروپا، کۆمسیۆن، داوا دەکات وڵاتانی یەکێتییەکە بۆ ئێستا و خۆبەخشانە بۆ لەسەدا 15 بەکارهێنانی گازی سروشتی کەم بکەنەوە، بەڵام هەوڵی دەسەڵاتێک دەدات تاوەکو ئەو کەمکردنەوەیە بکات بە فەرمان، ئەمەش ئەگەر ڕووسیا بەتەواوەتی هەناردەکردنی گاز بۆ یەکێتییەکە ڕابگرێت.

سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین وتی " دەبێت چالاک بین. دەبێت ئامادە بین بۆ ڕاگیرانی تەواوی گازی ڕووسیا. ئەمەش سیناریۆیەکە کە ڕێی تێدەچێت. ئەوەی لە ڕابردوودا بینیومانە، وەکو دەشزانین، ڕووسیا بە وریاییەوە هەوڵ دەدات لەڕێی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی گازەوە فشارمان بخاتەسەر."

کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیا لە ئێستادا بەشێک یاخود بەتەواوەتی هەناردەکردنی گازی بۆ کۆمەڵێک وڵاتی یەکێتی ئەوروپا ڕاگرتووە، لەکاتێکدا بڕۆکسل سزاکانی سەر ڕووسیا توندتر دەکاتەوە بەهۆی داگیرکارییەکەی مۆسکۆوە لە ئۆکرانیا. سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش دەڵێت بە ڕاگرتنی بەشێکی گازەکەش لە ئێستادا ئابوورییەکانی ئەوروپا زیانییان بەرکەوتووە.

ڤۆن دێر لین وتی " ڕووسیا ڕەشبگیریمان دەکات، ڕووسیا وزە وەکو چەک بەکاردەهێنێت."

ساڵی ڕابردوو ڕووسیا لە سەدا 40 ی گازی ئەوروپای دابین کردووە. لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاشەوە لە ئۆکرانیا لە کۆتایی مانگی دوودا، یەکێتییەکە هەوڵیداوە لە وەرگرتنی گازدا تەنها پشت بە ڕووسیا نەبەستێت. بەڵام شارەزایان دەڵێت ئەو گازەی یەکێتی ئەوروپا لە سەرچاوەکانی دیکەوە دەستی دەکەوێت لە ئاست پێویستییەکانیدا نابن. وڵاتانی وەکو فینلەندا و هۆڵەندا لە ئێستاوە بەکارهێنانی گازییان کەمکردۆتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG