Accessibility links

ڕووسیا ژمارەیەکی زیاتری کاربەدەستانی ئەوروپا دەخاتە لیستی قەدەغەکراوەوە


ڕووسیا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند نێوی ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتی ئەوروپای زیاد دەکات بۆ لیستێکی ئەو کەسانەی کە قەدەغە دەکرێن بچنە وڵاتەکەوە وەکو بەشێک لە هەوڵوێستەکانیان بەرامبەر ئەوروپا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە نێوان برۆکسڵ و مۆسکۆ لە ئاستێکی بەرزدایە بەهۆی ناکۆکییەکان لە ئۆکرانیا.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند " بە لەبەرچاوگرتنی پرسنسیپەکانی وەڵامدانەوەی هاوسەنگ، لایەنی ڕووسیا بڕیاری داوە نێوی ئەو نوێنەرانەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و ئینستوتەکان زیاد بکات کە ڕێگەیان لێ دەگیرێت بچنە نێو ڕووسیاوە."
لە بەیاننامەکەدا نوسراویشە ڕووسیا سەرۆکەکانی هەندێک کۆمپانیای تایبەتی لەشکریی ئەوروپا، ژمارەیەک ئەندامی دەزگا ئاسایشیەکان، یاسادانەرانەرانی ئەوروپایی و ئەو کاربەدەستانە دەخاتە لیستی قەدەغەکراوەوە کە "بەرپرسیارن بەرەوپێشبردنی ڕێبازەکانی دژە ڕووسیا."
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە کۆمسیۆنی ئەوروپا لێدوانی لەم بارەیەوە نەداوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە وڵاتانی یەکێتی ئەورپا و ئەمەریکا گومانیان هەیە ڕووسیا ئامادەکاری بکات بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشداریداوەتە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و پێی وتووە " ئەگەرێکی ڕوون " مانگی داهاتوو ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئێمیلی هۆڕن وتی " سەرۆک بایدن وتی ئەگەرێکی ڕوون هەیە لەسەر ئەوەی ڕووسییەکان لە مانگی دوودا ئۆکرانیا داگیربکەن. سەرۆک بایدن ئەمەی بە ئاشکرا وت، چەند مانگێکیشە هۆشداری لەسەر ئەمە دەدەین."

ڕۆژی پێنجشەممە ڕووسیا وتی " بوارێکی کەم هەیە بۆ گەشبینی " لەسەر ئەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کەم ببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمەریکا داواکانی ڕووسیای ڕەت کردەوە سەبارەت بەوەی ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و ڕۆژئاوا چەک و هێزەکانیان لە وڵاتانی نزیک ڕووسیا بکشێننەوە.





XS
SM
MD
LG