ڕۆژی دووشەممە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر 37 بەرپرس و لایەنی دیکەی ئێرانیدا سەپاند و سەرمایەکانیانی سڕکرد و گەشتکردنیانی بۆ ئەوروپا قەدەغە کرد و خرانە لیستی ڕەشەوە، ئەوەش بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێرانەوە.
گۆڤاری فەڕمی یەکێتی ئەوروپا بڵاویکردەوە یەکێتییەکە وەزیری وەرزشی ئێران و سەرکردایەتی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە دوانزە هەرێمی ئەو وڵاتە کردۆتە ئامانج، ئەمەش چوارەمین خولی سزاکانی یەکێتی ئەوروپایە دژی تاران بەهۆی سەرکوتکارییەکەی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دژی خۆپیشاندەران.
یاسادانەرە توندڕەوەکان و بەرپرسانی باڵای ڕاگەیاندنەکانی دەوڵەت و بەرپرسی ئەو دەزگایەی کە یاسا توندەکانی " ئاکاری " وڵاتەکە دادەنێت، خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانەوە، یەکێتی ئەوروپا پێشتر سزای بەسەر زیاتر لە 60 بەرپرس و لایەنی ئێرانیدا سەپاندووە، بە پۆلیسی ئاکار و فەرماندەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و دەزگای ڕاگەیاندنی دەوڵەتیشەوە.
بەڵام یەکێتییەکە هێشتا سوپای پاسدارانی ئێرانییان نەخستۆتە لیستی ڕەشی یەکێتییەکەوە، یاخود وەکو گروپێکی تیرۆریستی نەیان ناساندووە، ئەوەش سەرەڕای داواکانی ئەڵمانیا و هۆڵەندا بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە یەکێتی ئەوروپا ناتوانێت بەبێ بڕیاری دادگای ئەوروپا سوپای پاسدارانی ئێران وەکو گروپێکی تیرۆریستی بناسێنێت.
سەرچاوە/ فرانس پرێس