ژمارەیەک لە ڕابەرانی یەکێتی ئەوروپا داوای خۆ ئامادەکردنیان کرد بۆ پەتایەکی تر، لەوانەش سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ، لەکاتێکدا لابردنی ڕێوشوێنەکانی کۆرۆنا لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا بەردەوامە.
ژمارەیەک لە ڕابەرانی وڵاتانی ئەوروپا داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد تاوتوێی دابینکردنی ئەو هۆکارانە بکەن کە پێویستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی تر، ئەوەشیان خستەڕوو یەکێتیەکە لە ئامادەباشیدا نەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.
لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرۆسۆلا ڤۆن دێر لین وتیان بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی ناڕێکخراو " پرسیاری دروستکرد " لەسەر ئاستی ئامادەباشی یەکێتیەکە و دەرکەوت کە پێویستە لەسەر ئاستی ئەوروپا ئامادە بین بۆ شەپۆلی دووەمی پەتای کۆرۆنا.
هەریەک لە ماکرۆن و مێرکڵ و سەرۆکی حکومەتەکانی پۆڵەندا ماتوش مۆراڤیستکی و ئیسپانیا پیدرۆ سانچێز و بەلجیکا سۆفی فیلمس و دانیمارک میتی فریدریکسن نامەکەیان واژۆ کردووە.
ئەمەش دوای هۆشیاریدانەکەی بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم هات کە وتبووی " ڕەوشەکە لە ئەوروپا باش دەبێت بەڵام لە جیهاندا خراپتر دەبێت."
سەرچاوە/ فرانس پرێس