Accessibility links

کۆمسیارێکی یەکێتی ئەوروپا دەڵێت ' زۆر نیگەرانە ' سەبارەت بەو سویدییەی لە ئێران زیندانی کراوە


یەلڤا یۆهانسن
یەلڤا یۆهانسن

کۆمسیاری یەکێتی ئەوروپا یەلڤا یۆهانسن دەڵێت " زۆر نیگەرانە " سەبارەت بە دیبلۆماتکارە سویدییەکەی یەکێتی ئەوروپا کە لە ئێران زیندانی کراوە، وتیشی " هاوڕێ " بووین.

یۆهانسن وتی " من زۆر دڵگرانم. زۆر نیگەرانم. ماوەیەکی زۆرە بەم شێوەیەم."

یۆهانسن باسی لە یۆهان فلۆدیروس دەکرد، کە لە 17 ی مانگی چواری ساڵی 2022 دا لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیرکرا، دەستگیرکردنەکەی لە کاتێکدا بوو کە دەیویست بگەڕێتەوە بۆ سوید، دوای گەشتێکی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بۆ ئێران.

فلۆدیروس ڕۆژی یەکشەممە لە زیندانی ئەوینی تاراندا بوو بە 33 ساڵ، یۆهانسن وتی بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ کاری بۆ من کردووە کاتێک بەڕێوبەرایەتی دەزگایەکی یەکێتی ئەوروپام دەکرد بۆ کاروباری کۆچ و کاروباری ناوخۆیی.

یۆهانسن کە پێشتر وەزیر بووە لە حکومەتی سویددا وتی " ئەو زۆر زیرەکە، زۆر گەرم و گوڕە و کەسێکی زۆر باشە کاری لەگەڵدا بکەیت. بێگومان کاتێک لە نزیکەوە کاری لەگەڵدا دەکەیت، دەبنە هاوڕێش."

لە مانگی نۆی ساڵی 2021 دا فلۆدیروس دەزگاکەی یۆهانسنی بەجێهێشتووە و چووەتە دەزگای خزمەتگوزاری کاروباری دەرەکی ئەوروپاوە، کە دەکاتە باڵی دیبلۆماتی بیانی یەکێتی ئەوروپا، لەو کاتەوە کاری بۆ بڕۆکسل کردووە بۆ شاندێکی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەفغانستان و ئەفسەری پڕۆگرامێک بووە.

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاند پیاوێکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، ئەوەش دوو هەفتە دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی ئێرانی لە سوید سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ڕۆڵی ئەو کەسەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1988 ی ڕژێمی ئێراندا کە هەزاران ڕکابەری لە سێدارەدا.

دوو هەفتە لەوەوبەر دادگایەکی سوید سەرۆکی پێشووی زیندانێکی ئێران حەمید نوری بە تاوانی " ئەنجامدانی تاوان دژ بە یاسای نێودەوڵەتی و کوشتن " تۆمەتبار کرد.

چەندین وڵاتی جیهان ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پەیڕەوکردنی سیاسەتی " بارمتەی سیاسیی " و دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ڕۆژئاوا بۆ سوود وەرگرتن لێیان لە ئازادکردنی زیندانییە ئێرانییەکاندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG