Accessibility links

خێزانی ئەو دیپلۆماتکارە سویدییەی لە ئێران دەستگیرکراوە داوای ئازادکردنی دەکەن


خێزانی ئەو دیپلۆماتە سویدییەی کە زیاتر لە 500 ڕۆژە لە سوید دەستبەسەرکراوە داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا کە لە زیندانێکی تاران یادی لە دایکبوونەکەی کردووەتەوە.

خێزانەکەی دیپلۆماتکاری سویدی یۆهان فلۆدیروس لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن " ئەمڕۆ یادی لە دایکبوونی 33 ساڵەی یۆهانە، دەبووایە لەگەڵماندا بووایە ئاهەنگی بگێڕایە.. دەبێت دەستبەجێ ئازاد بکرێت و ڕێگەی بدرێت بگەڕێتەوە ماڵەوە."

فلۆدیروس لە 17 ی مانگی چواری ساڵی 2022 دا لە فڕۆکەخانەی تاران دەستگیرکرا، دەستگیرکردنەکەی لە کاتێکدا بوو کە دەیویست بگەڕێتەوە بۆ سوید، دوای گەشتێکی لەگەڵ هاوڕێکانیدا بۆ ئێران.

فلۆدیروس کە لە مانگی نۆی ساڵی 2021 ەوە لە بڕۆکسل وەکو ئەفسەری پڕۆگرامێکی شاندی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئەفغانستان کاری کردووە، لە زیندانی ئەوینی تاران زیندانی کراوە.

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاند پیاوێکی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکردووە، ئەوەش دوو هەفتە دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی ئێرانی لە سوید سزای زیندانیکردنی تا هەتایی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی ڕۆڵی ئەو کەسەوە لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1988 ی ڕژێمی ئێراندا کە هەزاران ڕکابەری لە سێدارەدا.

دادگایەکی سوید سەرۆکی پێشووی زیندانێکی ئێران حەمید نوری بە تاوانی " ئەنجامدانی تاوان دژ بە یاسای نێودەوڵەتی و کوشتن " تۆمەتبار کرد.

چەندین وڵاتی جیهان ئێرانییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پەیڕەوکردنی سیاسەتی " بارمتەی سیاسیی " و دەستگیرکردنی هاووڵاتییانی ڕۆژئاوا بۆ سوود وەرگرتن لێیان لە ئازادکردنی زیندانییە ئێرانییەکاندا.

خێزانەکەی فلۆدیروس دەڵێت " فلۆدیروس بووەتە قوربانییەکی دیکەی ئەو شێوازە مەترسیدارەی ئێران گرتوویەتییەبەر بۆ بە بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی بە مەبەستی سیاسیی."

وتیشی " ئەو بارودۆخەی کە یۆهانی تێدایە لە زینداندا، کە بەردەوام بۆ ماوەی 24 کاتژمێر لە ژووری زینداندایە، جێی قبووڵکردن نیە و پێشێلکردنی یاسا ستانداردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییاندا."

وتی " پێویستییەکانی بۆ بەشە خۆراکی گونجاو و پیاسەی دەرەوە و پشکنینی تەندروستی و زۆرێکی دیکە دابین نەکراون." ئاماژەشی بەوەدا " زیاتر لە 300 ڕۆژە لە زیندانی تاکەکەسیدایە."

فلۆدیروس سەردانی کونسوڵگەری " زۆر کەمی " پێدراوە، کە دوایین سەردان شەش مانگ لەمەوبەر بووە، لە مانگی دووی ساڵی 2023 ەوە ڕێگەی پێدراوە هەموو مانگێک یەک پەیوەندی تەلەفونی ئەنجام بدات.

خێزانەکەی ئەوەشی خستەڕوو " ناچار بووە مان بگرێت لە خواردن تاوەکو ڕێگەی پێبدرێت چەند پەیوەندییەکی تەلەفونی ئەنجام بدات، پەیوەندییە تەلەفونییەکانیش دەبێت بە زمانی ئینگلیزی بن و چاودێری دەکرێن. دەکرێت پەیوەندییە تەلەفونییەکە دابخەنەوە ئەگەر قسەکان هەڵە بن."

خێزانەکەی وتی لە 7 ی مانگی هەشتدا ڕێگەی پێدراوە یەک پەیوەندیی ڤیدیۆیی ئەنجام بدات.

وتی " لە پەیوەندییە ڤیدیۆییەکەدا، یۆهان داوای کرد کاری زیاتر بکرێت لە هیوای گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG